شێوەكار (خوشەویست نامیق) مامۆستای هونەرە، هەڵگری بڕوانامەی بەكالۆریۆسە لە بەشی هونەر لە زانكۆی سلێمانی، ماوەی 26 ساڵە سەرقاڵی شێوەكارییە.
خۆشەویست بە دوالاپەڕەی وت: لە ساڵی 1999 وە دەستم بە كاری شێوەكاریی كردووە بە تایبەتی لە بواری سیرامیكدا، بەشداریم لە چەندین پێشانگەی شێوەكاریی كردووە لە دەرەوەی عیراق و چەندین بڕوانامە و مەدالیا و خەڵاتم وەرگرتووە، هاوكاتیش لە زۆربەی چالاكی و پێشانگە شێوەكارییەكانی مامۆستایان بەشدارییم كردووە و پلەی نایابم بەدەستهێناوە.
وتیشی: كارەكانم زیاتر كاری قەڵەم و بۆیەن، زۆربەی رەنگەكان بەكاردەهێنم، تا ئێستا بوارم بۆ نەڕەخساوە كە پێشانگەی تایبەت بە خۆم بكەمەوە، بەڵام هیوادارم لە داهاتوودا بتوانم پێشانگەی تایبەت بە كارەكانی خۆم بكەمەوە.
وتیشی: زۆربەی كارەكانم كەلتورین، زۆر گرنگی بە كەلتوری رەسەنی كوردی دەدەم لە كارەكانمدا و ئامانجیشم ئەوەیە ئەو كەلتورە لەلای ئەو كەسانەی كە تابلۆكانم دەبینن، بمێنێتەوە، زیاتر گرنگی بە رەنگەكانی پیرۆزەیی، شین و سەوز دەدەم ئەوەش با بڵێم ئاستی شێوەكاریی زۆر باشە، بەڵام بە داخەوە لە سلێمانی هۆڵی پێویست بۆ شێوەكاریی نییە، بۆ ئەوەی شێوەكارەكان تابلۆكانی خۆیانی تێدا نمایشبكەن. هیوادارم خەڵكی زیاتر گرنگی بە هونەر بدەن، چونكە هونەر پێناسەی میللەتانە.
محەمەد عەبدولڕەحمان