تاقمێکی نەنوستووی داعش لە بازیان ئاشکرادەکرێت و ‌ئەندامەکانیان دەستگیر دەکرێن

10:04 - 2022-08-29
مەڵتیمیدیا
1144 جار خوێندراوەتەوە

لە چەند رۆژی رابردوودا لە قەزای بازیان لە پارێزگای سلێمانی، لە ھەندێ شوێنی گشتی دروشمی داعش دەنووسرێت و پاش ئەم رووداوە لە لایەن بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی رۆژئاوای سلێمانییەوە ژووری ئۆپەراسیۆن پێکھێنرا بۆ بەدواداچوون و لێکۆڵینەوەی ورد، لە ماوەی کەمتر لە (48) سەعاتدا زانیاری و بەڵگەی دروست لەسەر ئەنجامدەرانی ئەو تاوانە دەستکەوت و شوێن و ناسنامەی تیرۆریستان ئاشکراکرا و خرانە ژێر چاودێری وردەوە، پاش رەزامەندی بەڕێز دادوەری دادگای لێکۆڵینەوە لە چوار ئۆپەراسیۆن و ھەڵمەتی جیاجیادا ھەر چوار تیرۆریستی تاقمەکە (ر، ج) ، (ر، ج، ح)، (ئ، س)، (م، ج) لە رۆژی 27 ی ئابی 2022 کە کوردن لە بازیان دەستگیر کران.
پاش لێکۆڵینەوە بەپێی دانپێدانانیان تیرۆریستان مەرامیان بووە چەند کردەوەیەکی تیرۆریستی بکەن لە سنوورەکە دژی دامەزراوەکانی حکومەت و ئارامی لە خەڵک تێکبدەن، لەبارەی ئەم دۆسێیەوە لێکۆڵینەوە بەردەوامە و لەبەر ھەستیاریی کەیسەکە ھەندێ زانیاری بەنھێنی ھێڵراونەتەوە.
بۆ ھەموو لایەکیشی رووندەکەینەوە ھێزەکانمان بەھەماھەنگی و ھاوکاری ھێزە ئەمنییەکانی تر بەردەوام لەئەرکدان بۆ پاراستی سەروماڵی ھاووڵاتیان و روبەڕوبونەوەی یاساشکێنان و ئەوانەی لەدادگا ھەڵھاتوون.
سوپاس و پێزانینمان دەردەبڕین بۆ خەڵکی سنووری قەزای چەمچەماڵ و ناحیەکانی دەوروبەری کە ھەمیشە ھاوکارمان بوون پشتیوانن بۆ سەرخستنی کارەکانمان لەپێناو سەروەری یاسادا.

راگەیاندن و پەیوەندییەکانی
بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی رۆژئاوای سلێمانی

بابەتە پەیوەندیدارەکان