پایز دەكەوێتە نێوان وەرزی هاوین و زستانەوە.
لەم وەرزەدا رۆژ بەرەو كورتبوونەوە دەچێت و لە بەرامبەردا شەو درێژتر دەبێت، پلەكانی
گەرماش نزم دەبنەوە.
لە پایزدا گەڵای درەختەكان رەنگیان دەگۆڕێت بۆ
زەرد و دەكەونە سەر زەوی، هاوكات چەندین بۆنەی جیاوازی نەتەوەكان و دڵتەنگی و دڵخۆشی
لەگەڵ خۆیدا دەهێنێت.
پایز لە نیوەگۆی باكوور دەكەوێتە نێوان ئەو
كاتەی كە خۆر بەسەر هێڵی كەمەرەییەوەیە و سەعاتەكانی شەو و رۆژ یەكسانن، كە دەكاتە
22 و 23ـی ئەیلول، لەگەڵ ئەو كاتەی كە هەڵگەڕانی زستانەی گۆی زەوی لە 21 و 22ی
كانوونی یەكەمدایە، هەروەها لە نیوەگۆی باشووریش وەرزی پایز دەكەوێتە نێوان 20 و
21ی ئازار و 21 و 22ی حوزەیران، لە كوردستانیش دەكەوێتە 21ی ئەیلول.
لە وەرزی پایزدا گەڵای درەختەكان رەنگیان دەگۆڕێت
و دەكەونە سەر زەوی بەمەش سروشتی ئەو ناوچانەی كە دارستانیان هەیە جوانتر دەبێت و
سەرنجی گەشتیاران رادەكێشێت و ئارەزووی گەشتكردن و وێنەگرتنی ناو سروشتیان دەبزوێت،
لە كوردستانیش هاوشێوەی زۆرێك لە وڵاتان چەندین فێستیڤاڵی هەمەجۆر و فێستیڤاڵی پایزە
بەڕێوەدەچێت. لە باكووری ئەمریكاش ئەم وەرزە كاتی دروێنەكردنی زۆربەی بەروبوومەكانە
لەوانە كولەكە و سێو.
لە ناو گەلانی خۆرهەڵاتی ناوەڕاستدا کۆتا شەوی
پایز، کە درێژترین شەوی هەر ساڵێکە بە شەوی چلە یان شەوی یەڵدا دەناسرێت و خاوەنی
پێشنەیەکی مێژوویی دوور و درێژە لەناو ئەو گەلانەد، ئەو شەوەیە کە تیایدا خۆروەگەڕی
زستان روودەدات، لە جوگرافیای كوردستانی گەورەدا شەوی یەڵدا بەشەوی 21 لەسەر 22 ی
كانونی یەكەم دیاریدەكرێت، هاڵۆوین-یش یەكێكە لەو جەژنانەی كە لە پایزدا دەگێڕدرێت
و لە 31ی تشرینی یەكەمدا بەڕێوەدەچێت، تێیدا یادی رۆحە پیرۆزە مردووەكان و پیاوچاكان
دەكرێتەوە، جەژنی سوپاسگوزاریش بەهەمانشێوە جەژنێكی نەتەوەییە و لە كەنەدا و ویلایەتە
یەكگرتووەكانی ئەمریكا و هەندێك دوورگەی خۆرئاوای هیندستان و لایبیریادا بەڕێوەدەچێت.
پایز زۆرجار بەوەرزی شاعیران ناودەبرێت، ئەم
وەرزە لە شیعرەكاندا بەوەرزی خەمۆكی و دڵتەنگی ئاماژەی پێكراوە چونكە، سەرما و سۆڵەی
زستانی بەدوادادێت و رەنگی ئاسمان تاریكتر دەبێت و گەڵای درەختەكان دەوەرن، جگە لەوەی
زۆربەی باڵندەكان بەرەو هێڵی یەكسانی كۆچ دەكەن و خۆیان لە نزمبوونەوەی پلەی گەرمی
دەپارێزن.
ژینەر محەمەد