بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتی: چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەرێم و بەغدا لەسەر بنەمای دەستوور

07:37 - 2022-10-17
عیراق
474 جار خوێندراوەتەوە

‏‎بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و د.لەتیف رەشید، سەرۆک کۆماری عیراق و جێنین پلاسخارت، نوێنەری تایبەتی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عیراق لە ماڵی مام لە بەغدا کۆبوونەوە.

لە کۆبوونەوەکەدا دۆخی گشتیی وڵات، پەلەکردن لە پێکهێنانی حکومەتی نوێ، پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری زیاتر و تێپەڕاندنی ئەو دۆخە سیاسییە چەقبەستووەی عیراقی تێکەوتووە تاوتوێکران.

کۆبوونەوەکە جەختی لە گفتوگۆی نیشتمانی نێوان لایەنەکان کردەوە بۆ تەواوکردنی رێکارە یاسایی و دەستوورییەکان و دروستکردنی حکومەتێکی بەهێز و خزمەتگوزار کە وەڵامدەرەوەی خواستی هەموان بێت و ببێتە مایەی سەقامگیری سیاسی، ئابووری و کۆمەڵایەتی و پارێزەری مافی هەموو گەلانی عیراق بێت.

لە کۆبوونەوەکەدا ھەرسێ لایەن پەرۆشی خۆیان بۆ بەهێزکردنی پایەکانی دەوڵەتداری، چەسپاندنی دەسەڵاتی دادوەری و فەراهەمکردنی ژینگەیەکی لەبار بۆ رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی و رێگریکردن لە بەهەدەردانی سامانی گشتی دەربڕی. داواشکرا دامەزراوە دەستوورییەکان دوور لە جیاکاری خزمەتی هەموولایەک بکەن و کار بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەرێم و بەغدا بکەن.

بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان جەختی لە چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەرێم و بەغدا لەسەر بنەمای دەستوور کردەوە و رایگەیاند، نابێت جارێکیتر بەرژەوەندییەکانی خەڵک و پرسە نەتەوەیی و نیشتمانییەکان تێکەڵی ململانێ سیاسییەکان بکرێت. پێویستە رێچکەی سەرۆک مام جەلال بگرینەبەر و گفتوگۆ و دیالۆگ بکرێنە بنەمای چارەسەرکردنی کێشەکان.‏


‏‎


بابەتە پەیوەندیدارەکان