بەرەی دژە "تاكڕەوی" لە هەرێم بەهێز دەبێت

04:18 - 2022-10-28
ڕاپۆرت
363 جار خوێندراوەتەوە



یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و حزبە كوردستانییەكانی دیكەش دژی تاكڕەوین و بە مەترسیی گەورەی دەزانن بۆسەر پڕۆسەی حوكمڕانی و دیموكراسی و بەها مرۆییەكان، بۆیە رەتیدەكەنەوە و دەڵێن:، "بە فرەحزبی و دیموكراسی دەتوانرێت خزمەتی زیاتری خەڵك بكرێت".

یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان هەر لە سەرەتای دروستبوونییەوە و بەهەموو قۆناغەكانی ژیانی حزبییەوە، تاكڕەویی رەتكردوەتەوە و هەر خودی هەڵگیرساندنی شۆڕشی نوێ كۆتایهێنان بووە بەتاكحزبی و تاكڕەویی سیاسی.

ژینگەی سیاسی یەكێتی جێگەی خەباتی سیاسیی ئەوانی دیكەشی تێدایە و لە نوێترین لێدوانیشدا سەرۆك بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆكی یەكێتی نیشتمانیی كوردستان لە بارەی تاكڕەوی ئەوەیە :" بەدرێژایی مێژوو، سلێمانی لانكەی بیری سیاسیی جیاواز بووە و تاكڕەوی رەتكردووەتەوە، ئەمەش باوەڕی سەرۆك مام جەلال بووە و ئێمەش درێژەپێدەری ئەو سیاسەتە نیشتمانییە دەبین".

"كۆمەڵی دادگەری كوردستان: خەونی تاكڕەوی لەهەرێم نایەتەدی"

كۆمەڵی دادگەری كوردستان لەسەر تاكڕەوی بۆچوونی وایە كە هەرگیز بۆ هەرێمی كوردستان نابێت، چونكە هەرێم بەرەو دیكتاتۆری دەبات و دەڵێن، ئەگەر تاكڕەوی بڕیاردان خەونی حزبێكیش بێت ناهێڵین بۆی بێتەدی.

"باوی تاكحزبی نەماوە و هەرگیز سوودی بۆ خەڵكی كوردستان نابێت"

فاروق عەلی ئەندامی مەكتەبی سیاسی كۆمەڵی دادگەری كوردستان بە PUKMEDIA ی وت: "لە هەموو جیهاندا باوی فەمانڕەوایی تاكحزبی و تاكڕەوی نەماوە، ئەگەر باسی هەرێمی كوردستانیش بكەین بێگومان تاكڕەوی هەرگیز بۆ هەرێمی كوردستان نابێت، چونكە سوودی نییە بۆ خەڵك و بارودۆخی هەرێمی كوردستان".

"تاكڕەوی دیكتاتۆری دروست دەكات، تاك حزبیش رەتدەكەینەوە"

وتیشی، "تاكڕەوی دیكتاتۆری دروست دەكات، كە لە راستیدا ئەوەش بۆ عیراق بەگشتی و هەرێمی كوردستان بەتایبەتی نایەتەدی و حزب و لایەنەكان و تەنانەت خەڵكیش ئەوە قبوڵ ناكەن، كۆمەڵی دادگەری تاك حزبی رەتدەكاتەوە، بەپێچەوانەوە دەتوانرێت بە فرە حزبی و دیموكراسی وڵات زیاتر پێشبخرێت".


تاكڕەوی و تاكحزبی لە مۆدێلە سواوە تاقیكراوەكانە و خزمەتی كەسی و خۆسەپێنی دەكات، هەمیشە ئاشوب و كارەساتی خوڵقاندووە.

فاروق عەلی ئەندامی مەكتەبی سیاسی كۆمەڵی دادگەری كوردستان دەڵێت: "هەر حزبێك لە هەرێمی كوردستان ئەو خەونەی هەبێت، دەبێت بیخاتە ژێر گڵەوە".

وتیشی، "هەرگیز تاكڕەوی بۆ هەرێمی كوردستان نابێت و روونادات و پێشتریش نەبووە و قبوڵیش ناكرێت".

بزووتنەوەی گۆڕان یەكێكە لە هێزە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستان و لە دژایەتیكردنی تاكڕەوی لەگەڵ لایەنەكانی دیكەدا هاوڕایە و ئاماژە بۆ ئەوەدەكەن، هەرگیز تاك بڕیاری لە هەرێمی كوردستان جێی نابێتنەوە، چونكە لە واقعدا هەرێمی كوردستان بەسەر دوو بەشدا دابەشبووە.

 "تاكحزبی سەردەكێشێت بۆ سیستمی دیكتاتۆری"

چۆمان محەمەد رێكخەری ژووری یاسایی بزووتنەوەی گۆڕان بە PUKMEDIAی راگەیاند: "تاكحزبی لە هەموو دنیادا بەبێ باوەڕبوون بەفرەیی سیاسی و حزبی راستەقینە و بنەما دیموكراسی و یاساییەكان و هەڵبژاردنێكی پاك و بێگەرد، سەردەكێشێت بۆ سیستمی دیكتاتۆری و خۆسەپاندن و ئەنجامدانی هەموو رێگەیەكی نایاسایی و ناڕەوا بۆمانەوە، بۆیە هەرێمی كوردستانیش بەدەر نییە لەم بنەمایە، بەتایبەت لەئێستادا كە واقیعی سیاسیمان پڕە لە جوڵەی دیكتاتۆری".


"تاكحزبی و تاك بڕیاریی قبوڵناكرێت"

وتیشی، "بەسەرنجدان لە دابەشبوونی هەرێمی كوردستان بۆ دوو ئیدارە و دوو زۆن، زۆر ئەستەمە تاكحزبی لە هەرێم پەیڕەو بكرێت، سەرباری ئەوەی جیاوازی یەكجار گەورە هەیە لە بۆچوون و تێڕوانینی هاووڵاتیان و دانیشتووانی شارەكان بۆ كۆی حزبەكان لە هەرێمدا، بۆیە تاكحزبی  و  تاك بڕیاریی قبوڵناكرێت".

چۆمان محەمەد رێكخەری ژووری یاسایی بزووتنەوەی گۆڕان زیاتر وتی: "چەند ساڵێك دەبێت پارسەنگ و هاوسەنگی هێز تێكچووە و حزبێك زۆربەی جومگەكانی دەسەڵاتی حكومەتی بۆخۆی قۆرخ كردوە، بەڵام ناتوانێت و ئەستەمە بتوانی تاكلایەنانە و تاكڕەوانە بڕیار بدات لە كۆی پرسەكان لە هەرێم".

یەكگرتوی ئیسلامی كوردستان: "تاكڕەوی حزبی پاشەكشە بەدیموكراسی دەكات"

یەكگرتوی ئیسلامی كوردستان لەبارەی تاكڕەویی حزبییەوە بۆچوونی وایە كە لە رابردوودا خەڵكی هەرێمی كوردستان باجی حكومڕانییەكی تاكڕەوی داوە و ناگەڕێینەوە دواوە.

"كوردستان لە رابردوودا باجی حكومڕانییەكی تاكڕەوی داوە"

دارا سێكانیانی ئەندامی سەركردایەتی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان بە PUKMEDIAی رایگەیاند: "كورد لە مێژە خەباتێكی گەورەی كردووە و قوربانییەكی زۆریداوە بۆئەوەی سیستمی تاكڕەوی نەمێنیت، چونكە زیانی زۆری گەیاندوە بەڕۆڵەكانی عیراق و كوردستان بەتایبەتی، كوردستان لە رابردوودا باجی حكومڕانییەكی تاكڕەوی داوە كە حكومەتی عیراق بەسەریدا سەپاند".

وتیشی، " ئێستا هەر هەنگاوێك بۆ تاكڕەوی بنرێت یان قۆرخی دەسەڵات بكرێت لە لایەن هێزێكەوە لە ناوچەیەك یاخود لە سەرجەم ناوچەكاندا، بەدڵنیاییەوە جۆرێك لە گەڕانەوەیە بۆ دواوە، پاشگەزبوونەوەیە لەو بەڵێن و بانگەشەی لە رابردوا دراوە".

 
"تاكڕەوی و تاكحزبی بەدەسەڵاتێكی ناشیرین سەیر دەكرێت"

ئاماژەشیکرد، "هەمیشە وڵاتێك گەشە دەكات كە ئازادی و دیموكراسیی تێدابێت، كە رەخنە هەبێت لە دەسەڵات و رای جیاواز هەبێت بۆ ئەوەی دەسەڵای بەخۆیدا بچێتەوە، بەڵام كاتێك دەسەڵات بیەوێت سیستمێكی تاكڕەوانە لە وڵاتدا بەكاربهێنێت و دەنگە ئازادەكان كپ بكات، ئەوا دەسەڵات ناشیرین دەبێت و ئەم جۆرە لەجیهاندا بەدەسەڵاتێكی ناشیرین سەیر دەكرێت".

ژینگەی سیاسی لەبار ئەوەیە كە فرەیی تێدابێت و هێزە سیاسییەكان لەسەر بنەما دیموكراسییەكان خزمەت بە كۆمەڵانی خەڵك بكەن و بە بەرنامەكانیان گەشە و پێشكەتن بهێننەكایەوە.

دارا سێكانیانی ئەندامی سەركردایەتی یەكگرتوی ئیسلامی كوردستان دەڵێت: "گەر بمانەوێت وڵات پێشبكەوێت، دەبێت كۆمەڵە دەنگ و رەنگێكی جیاواز هەبن و خەڵكی سەیریان بكات و بۆی روون دەبێتەوە كام بەرنامە خزمەت دەكات و دەبێتە هۆی گەشەسەندنی وڵات، بەڵام ئەگەر یەك هەڵبژاردنت هەبێت و هێزێكی تاكڕەو بێت و بیەوێت بەویستی خۆی هەنگاو بنێت و ئازادی كپ بكات و ركابەر قبوڵ نەكات لەوكاتەدا وڵات بەرەو دواوە دەڕوات و پێشكەوتن بەخۆیەوە نابینێت".

وتیشی، "خەباتی مەدەنی و گفتوگۆ و لێكتێگەیشتن كێشەكان چارەسەر دەكات نەك توندوتیژی، پێشمانوایە لە هەرشوێنێك تاكڕەوی حزبی هەبێت لەو شوێنەدا گەشە و پێشكەوتن نامێنیت".

یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لەو هێزە مۆدێرنانەیە كە خودی دامەزراندنەكەی كۆتایی هێنان بوو بەتاكحزبی لە كوردستان و خەبات و تێكۆشانەكەشی تائێستاش رەتكردنەوەی تاكحزبی و خۆسەپێنییە.

"تاكڕەوی قبوڵناكرێت"

فەهیمە سابر ئەندامی سەركردایەتی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بە PUKMEDIAی راگەیاند:" تاكڕەوی لە هەرێم جێی نابێتەوە و قبوڵناكرێت، چونكە تاكڕەوی لە سیاسیەتدا پایەكانی دیموكراسی تێكدەشكێنێت".

وتیشی، "یەكێتی داینەمۆی وەلاخستنی تاكڕەوییە و لە سەرەتای دروستبوونییەوە تاكڕەوی رەتكردوەتەوە".

"یەكێتی خۆی بەداینەمۆی وەلاخستنی تاكڕەوی لە هەرێمی كوردستان دادەنێت و هەر لە سەرەتای دروستبوونییەوە تاكڕەوی رەتكردوەتەوە و تائێستاش هەمان سیاسەت پەیڕەو دەكات".

PUKMEDIA

بابەتە پەیوەندیدارەکان