هۆكارەكەی نەبوونی دەرمان و پێداویستییە پزیكشییەكانە

خزمەتگوزاری لە چەند نەخۆشخانەیەكی سلێمانی رادەگیرێت

09:54 - 2022-04-04
کوردستان
397 جار خوێندراوەتەوە

بەهۆی گرفتی نەبوونی دەرمان و پێداویستیی پزیشكی، خزمەتگوزاری لە بەشێك لە نەخۆشخانەكانی سلێمانی رادەگیرێت.
لەوبارەیەوە، سامان شێخ لەتیف وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تەندروستیی سلێمانی، رایگەیاندووە: بەهۆكاری نەبوونی دەرمان و پێداویستییە پزیشكییەكانەوە، بەشێك لە ناوەندە تەندروستییەكانی سەر بە تەندروستیی سێمانی بەتایبەتی نەخۆشخانەكانی (هیوا، منداڵبوون، د.جەمال ئەحمەد رەشیدی منداڵان، پسپۆڕییەكانی دڵ، بانكی خوێن) بەشێكی خزمەتگوزارییەكانیان رادەگرن.
هەر لەوبارەیەوە، د.پشدەر عەبدوڵڵا بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی د.جەمال ئەحمەد رەشیدی منداڵان، ئەوەی خستۆتەڕوو كە نەمانی دەرمان لە نەخۆشخانە گەورە و سەرەكییەكانی سلێمانیدا، گرفتی زۆر دێنێتە ئاراوە و ناتوانرێت بەپێی پێویست خزمەتی نەخۆش بكرێت، بۆیە بەناچاری ئەو دەرمان و پێداویستییە پزیشكییانەی بۆ نەخۆش بەكاردەهێنرێت داوا لە كەسوكاریان دەكرێت بۆ نەخۆشەكانیانی دابینبكەن.
هەر سەبارەت بەو باسە، د.ڕەهێڵ فەرەیدون بریكاری وەزیری تەندروستیی هەرێم، بە كوردسات نیوزی راگەیاندووە «كێشەی كەمیی دەرمان لە سلێمانی، بەهۆی ئەو رێكارانەوە بووە لە رابردوودا هەبوون، كە لە سلێمانی بەراورد بە شارەكانی تر، پارەی نەختینەی زیاتر دراوە بە كۆمپانیاكان». باسی لەوەش كردووە كە قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێم و لایەنە پەیوەندیدارەكان لە هەوڵی دۆزینەوەی رێگەچارەدان.

بابەتە پەیوەندیدارەکان