نەتەوە یەکگرتووەکان لەبارەی ژینگەوە رەشبینە

10:34 - 2022-11-06
دووتوێ
453 جار خوێندراوەتەوە

ئا: رۆزا دڵشاد مەریوانی

زانایانی ژینگە رایان وایە تێپەڕاندنی 1.5 پلەی سەدی گەرمی کەشوهەوا کاردانەوەی مەترسیداری دەبێت لەسەر خەڵکی لە هەموو دنیادا، هاوکات تەنیا کەمتر لە هەفتەیەک ماوە بۆ کۆنگرەی سەرەکی ژینگە کە بە «کوپ 27» ناسراوە و ئەمساڵ لە میسر دەبەسترێت و لەوێوە دەست بەکارەکانی دەکرێت، لە راپۆرتێکی نوێی نەتەوە یەکگرتووەکانیشدا هاتووە پلانی حکومەتەکان بۆ کەمکردنەوەی لێچوونەکانی گازی کاربۆن «بەداخەوە بەس نین» جگەلەوەی لە کۆنگرەی کوپ 26- ی ژینگەی گەلاسکۆ-ی ساڵی پارەوە سەرنجی دنیا لەسەر بابەتی دیکە بووە نەک ژینگە، بۆیە لەم هەفتەیەدا کۆمەڵێک راپۆرت بڵاوکراونەتەوە تێیدا راستی ئەوە دەردەکەوێت کێشەی گۆڕانی ژینگە تەواو نەبووە.
کارەساتی گەورە
لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ بی بی سی ئەنتۆنیۆ گوتیریش سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە بارەی مەسەلەی گۆڕانی ژینگە و مەترسییەکان دەڵێت: جیهان پێویستی بەوەیە دووبارە سەرنج و گرنگیدانی خۆی بخاتەوە سەر مەسەلەی گۆڕانی ژینگە دەنا رووبەڕووی کارەساتی گەورە دەبینەوە.
ئەم بیرکردنەوە رەشبینە باڵی بەسەر زانایان و دیپلۆماتەکاندا کێشاوە و لە راپۆرتێکی نەتەوە یەکگرتووەکاندا باس لە بۆشایی نێوان ئێستا و ئاستی گازی لێچوو دەکات و تێیدا روونیدەکاتەوە ئێستا لە ساڵی سیانزەیەمینداین و هێشتا بۆشایی هەیە لە نێوان وتارەکان و واقیعدا، ئەو راپۆرتە بەوە کۆتایی دێت لە ئێستادا لە سنوری 1.5 پلەی گەرمی سەدیداین و لە مەترسی راستەقینەداین.
لە شیکردنەوەی ئەو راپۆرتەدا هاتووە هەوڵەکان بۆ کەمکردنەوەی بەکارهێنانی کاربۆن وادەکەن ئاستی گازی لێچووی جیهانی 1 ٪ کەمبێتەوە بۆ ساڵی 2030 ئەوەش ئەو ساڵەیە بە پێی رای زانایان پێویستمان بەوە دەبێت 45 ٪ رێژەی ئەو گازەمان کەمکردبێتەوە تاوەکو لە سنوری بەرزبوونەوەی پلەی گەرمی جیهانیی 1.5 پلەی سەدی دەرنەچین و زیاتر نەبێت.  
هاوکات بەهۆی کاریگەری ئەوە لەسەر پلەکانی گەرما ئەو توێژینەوەیە گەیشتۆتە ئەو ئەنجامەی سیاسەتەکانی ئێستای دنیا وادەکەن پلەکانی گەرمای جیهان لەم سەدەیەدا بۆ 2.8 پلە بەرزبنەوە، بەڵام ئەگەر دەوڵەتەکان پاڵپشتی ماددی وەربگرن و پلانەکانی دایانناوە جێبەجێی بکەن ئەوە دەکرێت ئەو رێژەی گەرمییە بۆ 2.4 پلەی سەدی کەم بکرێتەوە.
هەلێکمان هەبوو لەدەستماندا 
ئەنگر ئەندیرسین بەڕێوەبەری جێبەجێکار لە بەرنامەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ ژینگە کە ئەو توێژینەوەیەی ئامادەکردووە دەڵێت: «هەلێکمان هەبوو وردە وردە گۆڕانکاری بکەین، بەڵام ئەو کاتەی هەمانبوو هەروەها ئەو هەلەی بەدەستمانەوە بووە ئیتر تەواو لەدەستمان دا» .
هەروەها دەڵێت: «تەنیا گۆڕانکاری ریشەیی لە ئابووری و کۆمەڵگەکانماندا تاکە رێگەیە بۆ رزگاربوونمان لەو کارەساتە ژینگەییە خێرایە».
راپۆرتەکەی نەتەوە یەکگرتووەکان باس لەوەش دەکات کەمکردنەوەی گەورە لە گازی لێچووی کاربۆن لە ئێستادا کارێکی قورسە، بەڵام کارەبا و پیشەسازی و گواستنەوە و باڵەخانەکان دەکرێت گۆڕانی گەورەی تێدا بکرێت دوور لە سوتەمەنی خراپ.
ئەندیرسین دەڵێت: «دەبێت بۆ هەر کوێیەک دەڕۆین گۆڕانی ژینگە لەگەڵ خۆماندا بەرین، تەنانەت بۆ نێو هۆڵەکانی خوێندن و هۆڵی کۆبوونەوەکان و سندوقەکانی هەڵبژاردن و مێزی خوانەکانمان، ناتوانین واز لە مەسەلەی گۆڕانی ژینگە بهێنین».
راپۆرتی دیکە
جگەلەوە هەفتەی رابردوو توێژینەوە و راپۆرتی دیکە لە بارەی گۆڕانی ژینگە و کارەساتەکانی بڵاوکرایەوە تێیاندا ئەوە دەرخرابوو حکومەتەکان زۆر بە خاویی چارەسەری هۆکارەکانی بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما دەکەن و ئامادەباشیی ناکەن بۆ کاریگەری و کاردانەوەکانی ئەو گۆڕانە و بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما.
لە بەریتانیا لیژنەیەک پێکهاتووە لە ئەندامانی ئەنجومەنی گشتی و هاوپیشەکانیان لە ئەنجومەنی لۆردەکان باس لەوە دەکەن پێویستە حکومەت دەست بخاتە سەر مەترسییەکانی گەرمبوونی ژینگە دروستی دەکات و کاریگەرییەکانی لەسەر ژێرخانی ئەو وڵاتە.
ئەو راپۆرتەی بەریتانیا کە لەلایەن لیژنەیەکی هاوبەشەوە دەرچووە دەربارەی ستراتیژی ئاسایشی نەتەوەیی نموونەی خراپی کەشوهەوا و کاریگەری لەسەر هۆیەکانی گواستنەوە و گەیاندن تێدایە و یەکێک لەوانە رووداوێکە لە مانگی ئابی 2020 لە سکۆتلەندا کە لادانی شەمەندەنەفەرێک بەهۆی باران و لافاو لە هێڵی خۆی و گیانلەدەستدانی سێ کەس بەو هۆیەوە، هەروەها بڕانی کارەبا لە نزیکە ملیۆنێک کەس بەهۆی زریانی «ئاروین» ەوە لە تشرینی دووەمی ساڵی 2021 دا.
سەرۆکی ئەو لیژنە هاوبەشە دیم مارگرێت پیکێت دەڵێت: «ئەوەی زۆر بێزارکەرە ئەوەیە بەڵگە نییە بۆئەوەی هیچ کەسێک لە حکومەتدا سەرنج بخاتە سەر کاریگەرییە خراپەکانی تێکچوونی ژینگە هەمووی پێکەوە، بۆیە بەردەوام قەیران لە دوای قەیران دروست دەبێت».
هەروەها دەڵێت: «بە کورتی هیچ وەزیرێک نییە بەرپرسیارێتییەکی دیاریکراوی هەبێت بۆ دڵنیایی ئەوەی ژێرخانی وڵات توانای ئەوەی هەبێت بەرگەی کەشوهەوای خراپ و کاریگەرییەکانی تێکچوونی ژینگە بگرێت».
هەنگاوی نوێ نەنراوە
دیارترین ئەو راپۆرتانەشی ئەم هەفتەیە بڵاوکراونەتەوە باس لەوە دەکەن لەبارەی ژینگەوە هیچ هەنگاوێکی نوێ نەنراوە، هەرچەندە هەندێ ئاماژەی پۆزەتیڤ و بەهێز هەیە لەنێو ئەو هەموو حاڵەتە خەمناکەدا، بۆ نموونە توێژینەوەیەک لە بارەی «حاڵی کاری ژینگەیی» دەڵێت: بواری گەشتکردن بە وزەی دۆمدار لەسەر ئاستی دنیا بەشێوەیەکی باش بەڕێوەدەچێت بۆ نموونە نیوەی ئەو پاسانەی لە ساڵی 2021 دا فرۆشراون بزوێنەرەکانیان کارەبایی بوون بە پاتری یان بە خانەی وزە کار دەکەن.
هەروەها لە بواری فرۆشتنی ئۆتۆمبێلدا، ئۆتۆمبێلی کارەبایی لە چاو ساڵی پاردا دوو ئەوەندەیە و لە ئێستادا 9 ٪ ئۆتۆمبێلە نوێیەکان پێکدێنێت.
ئەو تروسکاییە لە هیوا لە راپۆرتی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەشدا دەرکەوتووە کە سەبارەت بە پێشبینییەکانی وزەی جیهانی کراوە و تێیدا هاتووە قەیرانی وزە بەهۆی جەنگی ئۆکرانیاوە وادەکات گۆڕانکاری بکرێت بۆ خێراکردنەوەی گۆڕان بۆ سیستەمێکی وزەی سەلامەتتر و درێژخایەن. 
هاوکات ئەو راپۆرتە رای وایە سیاسەتە نوێیەکانی وڵاتە یەکگرتووەکان و ژاپۆن و کۆریای باشور و یەکێتی ئەوروپا وادەکات بەرهەمهێنان لە بواری وزەی پاکدا زیادبکرێت بۆ نزیکەی 2 ترلیۆن دۆلار بە گەیشتن بە ساڵی 2030 ئەوەش واتای وایە بە رێژەی  50 % وەبەرهێنانی ئێستا بۆ وزەی پاک زیاتر دەبێت.  

سەرچاوە: BBC عربی   

#کەشتیی نـــوح

بابەتە پەیوەندیدارەکان