26 ساڵە هێزی پێشمەرگەی ژنان خەبات دەکات

10:52 - 2022-11-13
دووتوێ
761 جار خوێندراوەتەوە

ئەسرین محەمەد

(11/11/2022)یادی دامەزراندنی یەکەم هێزی پێشمەرگەی ژنان بوو، کە 26 ساڵ تێدەپەڕێت بەسەر دامەزراندنیدا، بۆ یەکەمجار لەسەر راسپاردەی هەڤاڵ مام جەلال هێزەکە پێکهێنراوە، رۆژی پێنج شەممە (10/11/2022) لە فەرماندەیی هێزەکانی 70 یادی 26 ساڵەی دامەزراندنی یەکەی 735 هێزی ژنان کرایەوە. 

لەڕووی سەربازییەوە پێشکەوتوون 
رێزان رەشید سەرپەرشتیاری یەکەی 735 ی هێزی ژنان وتی: هێزی ژنان ساڵی 1996  دامەزراوە و سەرەتا لە مەڵبەندی سلێمانی مەشق و راهێنانی کردووە و لە ماوەیەکی زۆر کەمدا نزیکەی پێنج تیپ دروست بوو کە ژنانی هەموو ناوچەکانی تێدابوو.
لە سەرەتای دامەزراندنیاندا هێزی ژنان ناو و ناسنامەی ئەم هێزە بوو، بەڵام لەگەڵ چوونە پێشی هێزەکە ناسنامەی فەوجی ژنان بووە ناونیشانیان، هێزەکە لەڕووی سەربازییەوە پێشکەوتوون و مەشق و راهێنانی تایبەتیان پێکراوە.
وتیشی، سەرجەم پێشمەرگەکانی ئەم هێزە لەسەر جۆرەها چەکی سووک و قورس مەشق و راهێنانیان پێکراوە، هەروەها مەشق و راهێنانمان لەگەڵ دژە تیرۆر و دەزگای هەواڵگری کردووە و لەگەڵ ئەمریکی و ئیتالییەکانیشدا خولیان بینیوە.
شەڕی دژی داعش
یەکەی 735 هێزی ژنان بەشداری شەڕی جوندلئیسلام و شەڕی دژی داعشی کردووە و سێ پێشمەرگەی برینداریان هەیە.
رائید جوانە رەفیق فەرماندەی سریەی یەک لە  یەکەی 735 ژنان  دەڵێت: 18 ساڵە پێشمەرگەم لە رێگەی بینینی دەورەیەکی تایبەت بە دروستکردنی ئەفسەری ژن لە ساڵی 2005 پلەی سەربازیم بەدەست هێناوە.
وتیشی، بەشداری شەڕی داعشم کردووە، هەموو ئەرکەکانی سەرشانم بەباشی جێبەجێ کردووە و هەوڵمداوە بۆ پاراستنی خاک و نیشتمانەکەم، بە دروستکردنی ئەم هێزە ژنان توانیویانە لەمپەڕە کۆمەڵایەتییەکان ببڕن و ببنە پێشەنگی ژنان لەبواری سەربازیدا.
چیا جەمال جێگری ئەفسەری پلە مومتاز 10 ساڵ خزمەتی پێشمەرگایەتی هەیە و وتی، هیوادارم هێزی ژنان گرنگی زیاتریان پێ بدرێت و چیتر پەراوێز نەخرێت، چونکە ژنانی پێشمەرگە توانیویانە هاوشانی برا پێشمەرگەکانیان ئەو ئەرکانە جێبەجێبکەن کە پێیان سپێردراوە و ئێستا کەمتر لە 200 پێشمەرگە لە هێزەکەدان و زۆربەیان ئەرکی پاراستنی دامودەزگاکانیان لەسەر شانە.

گرنگی زیاتری پێبدرێت
رێزان رەشید سەرپەرشتیاری یەکەی 735 ی هێزی ژنان باسی لەوەکرد کە جێگەی داخە پاش 26 ساڵ هێزی ژنان پاشەکشەی کردووە و پەراوێزخراوە، رێزان رەشید دەڵێت: داواکارم لە لایەنی بەرپرس ئەو گرنگییە بەم هێزە بدەنەوە کە مام جەلال پێی دەدا و دەرگای دامەزراندن بۆ هێزەکە بکەنەوە تا بتوانین هێزێکی باشتری ژنان دروست بکەین.
وتیشی، پێشمەرگەکانمان پێشتر ئەرکیان لە خاڵەکانی پشکنین و رەبایەکاندا هەبووە، بەڵام ئێستا ئەرکی پشکنین و پاراستنی نەخۆشخانەکانی شۆڕش و چەمی رێزانیان لەسەر شانە. 
هەر لە سەرەتای هەڵگیرساندنی شۆڕشەوە لە ریزەکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستاندا ژنانیش هاوشانی پیاوان لە خەبات بەردەوام بوون بە دامەزراندنی ئەم هێزەش ئەو راستیە دەردەخات کە یەکێتی بەردەوام گرنگی بە ژنان و 
کچان داوە.

#کەشتیی نـــوح

بابەتە پەیوەندیدارەکان