لاپەڕەیەكی تری مێژووی سلێمانی

11:43 - 2022-12-06
دووتوێ
585 جار خوێندراوەتەوە

دۆسێی ئەمجارە تەرخانكراوە بۆ توێژینەوەیەكی مێژوویی و كۆمەڵایەتیی، بە ناونیشانی (مزگەوتەكانی شاری سلێمانی) کە دەریا كەمال عەلی بە سەرپەرشتی پ.ی.د.خەسرەو عەبدولڕەحیم نەجم ئامادەی كردووە و لە مانگی ئایاری ساڵی 2022دا پێشكەش بە بەشی مێژووی كۆلێجی زانستە مرۆڤایەتییەكانی زانكۆی سلێمانی كراوە وەك بەشێك لە پێداویستییەكانی بڕوانامەی بەكالۆریۆس لە مێژوودا.
بە پێی بەڵگەنامەیەكی نووسراوی بەڕێوەبەرایەتی ئەوقافی پارێزگای سلێمانی، لە ناو سنووری پارێزگاكەدا بە ژمارە (277) مزگەوت هەن، بەڵام توێژینەوەكە لە سەرەتاوە بە تایبەتی تەرخانكراوە بۆ باسكردنی كورتەیەكی مێژوویی لەسەر سیان لە مزگەوتە ناسراوەكانی شاری سلێمانی، كە بێگومان پێگەیەكی ئایینی و كۆمەڵایەتی و سیاسیشیان هەبووە لە مێژووی شارەكەدا. ئەوانیش: مزگەوتی گەورە و خانەقای مەولانە و خانەقای حاجی مەلا عەلی. 
ئێمە لەم دۆسێیەدا تەنها باسێكی خانەقای حاجی مەلا عەلی بە نموونە ئاماژە پێدەكەین چونكە كەمترین زانیاریی لەبارەوە وتراوە:

ئامادەكردنی:دەریا كەمال عەلی  
بەسەرپەرشتی : پ.ی.د.خەسرەو عەبدولڕەحیم

باسكردن لە بابەتێك بە ناونیشانی مزگەوتەكان، وای پێویست كردووە میتۆدێكی تێهەڵكێش پەیڕەو بكرێت لە رووی شیكاری مێژوویی و لایەنی كۆمەڵایەتییەوە. كاتێك دەزگایەكی ئاینیی لە جۆری مزگەوت دەخرێتە بەر تیشكی لێكۆڵینەوەیەكی زانستی، بێگومان توێژەر بەرەوڕووی مێژووی مزگەوت و لایەنی ئایینیش دەبێتەوە، كە ناسنامەی كۆمەڵگەیە لە جیهانی ئیسلامیدا. لە پاڵ ئەوانەدا، لەبەر كەمیی سەرچاوەی نووسراوی پێشتر، وای پێویست كردووە چەند لێكۆڵینەوەیەكی (مەیدانی)ش بکرێت لە ڕێی چاوپێكەوتن لەگەڵ كەسانی شارەزا و سەر بە بنەماڵەی ئەو مامۆستا ئایینیانەی بەشێك بوون لە مێژووی دروستكردن و بەڕێوەبردنی مزگەوتەكان.
پێناسە و گرنگی مزگەوت
مزگەوت تەلار و دەزگایەكی پیرۆزی ئایینییە لە جیهانی ئیسلامیدا. هەر لە سەرەتاكانی بڵاوبوونەوە و گەشەكردنی ئایینی ئیسلامەوە شوێنی بانگدان و نوێژكردنی بە كۆمەڵی مسوڵمانان بووە. لەگەڵ هەنگاو بە هەنگاوی پڕۆسەی بە ئیسلامكردن و تەشەنەكردنی ئاینەكە، هەركوێیەك یەكەیەكی نیشتەجێی ئیماندارانی لێ بووبێت، پێش هەموو كارێكی تر مزگەوتێكی لێ دروستكراوە.
ئەگەر لە روانگەی دیزاینی تەلارسازییەوە ئاوڕێكیان لێ بدەینەوە، مزگەوتەكان هەریەك جیاوازی و تایبەتمەندیی خۆی هەبووە. هەیان بووە سادە و بە كەرەستەی بەردەستی لۆكالیی ناوچەكە دروستكراون، هەیان بووە گۆڕی یەكێك لە كەسایەتییە موقەدەسكراوەكانی تێدابووە و وەستای شارەزا بە نەخش و نیگار و سیمبوڵی ئایینیی و خشتی رەنگاوڕەنگ دروستیكردوون. جگە لە دیزاینی سەرنجڕاكێشی دیوار و گومەز و منارەكانیان، زۆر مزگەوت لە حەوشە و هەیوانەكانیاندا كانیاو و باخ و باخچەی پڕ گوڵ و حەوزیان تێدابووە كە زیاتر سەرنجی ئیماندارانیان رادەكێشا بۆ نوێژ و سەردانی كردنیان.
جگە لە نوێژ و كۆبوونەوە و بەڕێكردنی پرسەی مسوڵمانانی ناوچەكە، مزگەوت هەموو كات بە ماڵی خودا ناسراوە و هەژاران و گەشتیاران روویان تێكردووە و میوانداری كراون و شوێنی حەوانەوە و نانخواردنی بێ شوێن و بێ ماڵیش بووە. زۆر لە كۆڕ و كۆبوونەوە و گفتوگۆ لەسەر كێشەی كۆمەڵایەتی عەشایەرەكان و باسكردن لە بڕیاری ژنهێنان و شووکردن لە ناو مزگەوتەكاندا بە ئامادەبوونی مەلا جێبەجێ كراون. لە كۆمەڵگەی كوردەواریدا مزگەوتەکان لە بری قوتابخانە و خوێندنگە بوون، شوێنی كۆبونەوەی زانایانی ئاینی و رۆشنبیران و شاعیران و سیاسەتمەدارانیش بوون. پێش دەركەوتنی قوتابخانە، مندڵان و گەنجانی مسوڵمان لە حوجرەی مزگەوتەكانەوە فێری خوێندنەوەی قورئان و زانستەكانی تر و وانەكانی مێژوو و زمانەكانی تر دەكران. تەنانەت زۆر لە كەسایەتییە ناودارەكانی كۆمەڵگەی كوردەواری كەلە بواری ئەدەبی و سیاسەتدا پێشڕەو بوون، لەو حوجرە و قوتابخانانەدا پڕۆسەی سەرەتایی پەروەردەكردنیان تەواو كردووە.
وەك مەولەوی، مەلای جزیری، نالی و زۆرێك لە سەركردە و شوڕشگێڕەكانی وەك قازی محەمەد و هەروەها زانا گەورەكانی وەك ئیبن خەلەكان و شێخ مارفی نۆدێ.
لەبارەی ریشەی ناوی مزگەوتەوە بۆچوونی جیاواز هەن، بیر بۆ ئەوە دەچێت كە لە (مەسجید)ی عەرەبیەوە وەرگیرابێت، كە بە مانای شوێنی سوجدە بردن یان (كڕنوش) بردنە. بە ڕای (دی نۆلە) كە پرۆفیسۆرێكی ئیتالییە و پسپۆڕە لە مێژووی عەرەب و ئیسلامدا، زاراوەی (مەسجید)ی عەرەبی لە (سجادە)وە هاتووە بە مانای (راخەر). ئاشكرایە لە زمانی كوردیدا پێی دەوترێت (بەرماڵ) بە زمانی ئینگلیزی پێی دەڵێن (Prayer rug).
لە سەرەتای پەیدابوونی دەسەڵاتی میرایەتی بابانەوە بە شێوەیەكی ئاشكرا لە شاری سلێمانی زۆر بایەخیان داوە بە خوێندەواری و هەوڵیان داوە بۆ بڵاوكردنەوەی زانست و زانیاری و رۆشنبیری. هەمیشە رێزیان لە كەسانی زانا و خوێندەوار و مەلایانی ناو سنووری قەڵەمڕەوی خۆیان گرتووە، زۆربەی زۆری مزگەوتەكان سەرەڕای جیبەجێكردنی ئەركی ئاینی لە خوداپەرستیدا لەناو شار و شارۆچكە و گوندەكاندا شوێنی خوێندن و خوێندەواریش بوون. خەرجی مزگەوت و مەدرەسە و مووچەی مەلاكان هەمووی لەسەر بابانەكان بووە، زۆر بەخشندانە لە وەقف و لە پارەی خۆیان مەسرەفی ئەم مزگەوتانەیان دەكرد. هەر فەقێیەك خوێندنی تەواو بكردایە، مۆڵەتی لە مەلا وەردەگرت و بە پێی توانای خۆی لە مزگەوتێكدا دادەمەزرا و مووچەی بۆ دەبڕدرایەوە. پاش لەناوچوونی دەسەڵاتی بابانەكان خەڵكی گەڕەك مەسرەفی مزگەوت و مەدرەسە و فەقێ و مووچەی مەلایان گرتە ئەستۆ لە زەكات و خێر و خێرات ئەم كارە بەجێدەهێنرا. بەڵام لە سەروبەندی دروستبوونی حكومەتی عیراقەوە وردە وردە مزگەوتەكان وەقف و ئەركیان كەوتە دەست دائیرەی ئەوقاف.
زۆر لە مزگەوتەكان حوجرەی خوێندنی هەبووە بۆ كوڕان و لە هەمان كاتدا توانیویانە خزمەتی كچان و ژنانی ئیمانداریش بكەن. یەكێك لەو حوجرانەی لە مێژووی سلێمانیدا بە زۆری باس دەكرێت، حوجرەی (خواجە فەنی)یە كە خەڵكانێكی زۆری خوێندەواری ئەو كاتە لای ئەو فێری خوێندنی ئاینی و زانستەكانی تر بوون. لە شاری سلێمانی حوجرەی تایبەتی ژنانەش هەبووە، وەك حوجرەی (مەلا ئامینە) لە گەڕەكی (سەرشەقام) و (مەلا فاتم) لە گەڕەكی (دەرگەزێن). هەندێك لە ژنانی تر لە پاڵ حوجرەی مزگەوت لە ماڵەكانی خۆیان منداڵانیان فێری خوێندن و خوێندەواری كردووە.
خانەقای حاجی مەلا عەلی
بابانەكان لەبەرئەوەی بایەخێكی زۆریان بە خوێندن و خوێندەواری و رۆشنبیری و پێشكەوتن داوە، لەگەڵ دروستكردنی شاری تازەدا چەند مزگەوت و خانەقایەكیان بۆ كەسایەتییە لێهاتووەكانی ئەو سەردەمە دروست كردووە. یەكێ لەوانە خانەقای حاجی مەلا عەلی بوو. مزگەوتەكە یەكێكە لە شوێنەوارە مێژووییەكانی ئەم شارە. سەرەتای دروستبوونی دەگەڕێتەوە بۆ بنەماڵەی حاجی مەلا عەلی، بۆ (مەلا فازیل) كە نیشتەجیی قەڵاچوالان بووە. مەلا فازیل لە ساڵی (1721)ز هاتۆتە دونیاوە، پیاوێكی ئاینی بووە، رێبازی نەقشبەندی وەرگرتووە و دوای دروستكردنی سلێمانی ئەویش لەگەڵ میری باباندا هاتووە. پێشتریش یەكێك بووە لە مەلا ناودارەكان و مودەڕیسەكانی سەردەمی بابانەكان كە ئەوكاتە پایتەختەكەیان لە قەڵاچوالان بووە. 
لە ساڵی (1784) پایتەخت دەگوازرێتەوە سلێمانی و شاری تازە دروست دەكەن. مەلا فازل كەسێكی نزیك بووە لە ئیبراهیم پاشا كە میری بابان بووە، هێندەی خۆشویستووە گەڕەكێكی بۆ دروست كردووە بە ناوی (دەرگەزێن) و خوێندنگایەكی بۆ كردۆتەوە كە ئەو سەردەمە بە خانەقای مەلا مەحمودی كوڕەزایەوە ناسرابوو. بینای خانەقا بە خشتی سوور و لەسەر شێوازی تەلارسازی سلێمانی و لەلایەن وەستا دەست رەنگینەكانی رۆژهەڵاتەوە فراوان كراوە. رووبەرەكەی سەرەتا (1700)م دووجا بووە. دواتر (495)م بەرجادە دەكەوێت (1215)م دەمێنێتەوە. سەقفەكەی دارەڕاو گڵ بووە، جگە لە هۆڵی خوێندن و كتێبخانە دەوڵەمەندەكە و شوێنی میوانەكان و هۆڵی عیبادەت و هۆڵی پرسە و هۆڵی نوێژكردن و باخچە رازاوەكەی و مەرقەدێكی تێدایە كە مەزاری هەندێك لەو زانایانەی لە خۆگرتووە كە تێیدا ژیاون کە ژمارەیان حەوت كەسە لەوانە خودی حاجی مەلا عەلی و مەلا وەسمان و باوكیشی (فایەق) كە شاعیرێكی پێشەنگی قوتابخانەی بابان بووە، لەوێدا لەگەڵ مەلا ساڵح و مەلا ئەحمەد و مەلا جەلالی خانەقا نێژراون. هەروەها لەناو حەوشەكەش دوو گۆڕی تری لێیە كە دوو منداڵی كچن، بەڵام ناسنامەیان ئاشكرا نییە كە كێن!
هەتا ئێستاش جگە لە خەڵكی ناوچەكە خەڵكی رۆژهەڵات و باكووریش سەردانی ئەو مەزارە دەكەن. بە درێژایی مێژووەكەی چەند جارێک پێشتر گۆڕانكاریی بەسەر دیزاین و دیكۆرەكەیدا هاتووە، یەكجار نۆژەن كراوەتەوە لە ساڵی (1959) ئەویش بە خشتی كۆنكرێت. بەڵام هەر لەسەر دیزاینە دێرینەكەی خۆی ماوە، تەنانەت تاق و داڵانەكانی كە بە خشتی سوور دروستكراون، وەكو خۆیان ماونەتەوە. 
ئەم خانەقایە شوێنی حوجرە و خوێندن و فێركردن بووە و عیبادەت و خواپەرستی تێدا کراوە. هەروەها چارەسەری كێشەی كۆمەڵایەتی تێدا كراوە. خانەقا ببوو بە بنكەیەك بۆ كەسانی بێ جێگە و لانە، كاتێك خەڵكی هاتوونەتە شار، لێرەدا توانیویانە بمێننەوە و خزمەت كراون. ئەم مەڵبەندە دێرینە كە لە سەرەتای ساڵەكانی بنیاتنانی شاری سلێمانیدا دروست كراوە، بۆ ماوەی زیاتر لە دوو سەدە سەنتەرێكی كۆمەڵایەتی و ئاینی و شوێنی خوێندن بووە لە ناوچەكە.
 لە هەمان كاتدا مەڵبەندێكی گرنگی چاكسازی بووە بۆ رێنیشاندەریی خەڵكی سلێمانی و ناوچەكە بەرەو رێگای دروستی ئایینی و نیشتیمانپەروەری و كۆمەڵگەی تەندروست. پیاوماقووڵان و سیاسەتمەداران و ئەدیبان و رۆشنبیران بۆ كات بەسەربردن و گفتوگۆكردن لەسەر ژیان و گوزەران و ئاڵوگۆڕكردنی فیكری و ئایدۆلۆژیا لەوێ كۆبوونەتەوە. بەشێوەیەكی گشتی لە كۆڕ و مەجلیسەكاندا كەسانی ناودار بەشداریان دەكرد، وەك خوالێخۆشبووان (كامران موكری، مەلا عەبدولكەریمی مودەریس، هونەرمەند تاهیر تۆفیق و مامۆستا ئیبراهیم ئەحمەد و كاك نەوشیروان مستەفا). مەلا مستەفا بارزانیش كاتێ دەستبەسەر بووە لە شاری سلێمانی پێی لە خانەقا نەدەبڕی. لەم خانەقایە دەرس خوێندراوە لە بواری ئەدەبی و لە بواری ئاینی و قورئانیان خوێندووە و خەتمی قورئان كراوە. خوێندنگای خوێندكاران بووە بۆ ئایین و مێژوو و جوگرافیا و ئەدەب، لە بواری ئەدەبدا داستان و گوڵستانیان خوێندووە. داستانێكی سەعدی شیرازی و شعیری شاعیرە كۆنەكانی عەرەبیان خوێندووە، هەروەها گرنگی دراوە بە مەقامات و مەولودنامە. بە ژمارە (17) خوێندكاری هەبووە بۆ دەرس خوێندن و بە پێی زانیارییەكانی مەعاریف بڵاوی كردوونەتەوە ئەو خوێندكارانە هەر لەوێ ژیاون. چەندین زانا و ئەدیب و شاعیر و ناوداری خانەقای مەلا عەلی لەم مزگەوتە پەروەردە كراون و باسی رۆڵی ئەم مزگەوتە دەكەن لە رووی پەروەردە و فێركردن و زانستەوە. نالی شاعیر سەردانی ئەم مزگەوتەی كردووە و لێرە ماوەتەوە و دەرسی خوێندووە.
خانەقای حاجی مەلا عەلی لەگەڵ هەڵگیرساندنی شۆڕشی نوێدا لە ناوەڕاستی حەفتاكاندا بەڕابەرایەتی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان وەك مەڵبەندێكی چالاكی ئەو سەردەمە بەكاردەهێنرا بۆ بەدیهێنانی ئەرك و كارەكانی رێكخستن. بەردەوام كۆبوونەوەی تێدا دەکرا بۆ پاڵپشتیكردن لە هێزی پێشمەرگەی كوردستان. 
جگە لەوەی خانەقا مەڵبەندی یەكێتیی زانایانی ئایینیی سلێمانی بووە. ئەگەر باسی سروشت و گوزەرانی خانەقاكەش بكەین لە كۆندا، لە بەرەبەیانی رۆژانی هەشتاكاندا دوای تەواوبوونی ئەرکەکانی ئامادەکاری بۆ جەژن، خەڵكی دڵسۆزی شاری سلێمانی و دەوروبەری لە خانەقا كۆدەبوونەوە، پیرۆزباییان لە یەكتری دەكرد، لەو كاتەدا هەموو ئەو خەڵكە بۆنی گوڵاوی گوڵە باخیان لێ دەهات، چونكە لە كاتی دانیشتن و گوێگرتنیان گوڵاوییان بەسەردا دەكرا، پاشان خوانی جەژن لەلایەن ماڵی مەلا جەلال-ەوە بە شێوەیەكی زۆر جوان دروست دەكرا و لە ژووری خانەقاكە لەسەر سینی مسی گەورە پێشكەش بەو خەڵكە دەكرا.
لە رووی تەلارسازییەوە یەكێك بووە لە باڵەخانە هەرە گەورە و تۆكمەكانی شاری سلێمانی و لە دوو نهۆم پێكهاتووە كە لە چەندین پارچە و پایە بە خشتی لۆكاڵی دروست كرابوون. چەندین دەستنووس و فەرشی ئەنتیكی تێدابوو كە مێژوویان دەگەڕایەوە بۆ هەشت سەدە لەوەوپێش. 
باخەكەی پڕ بوو لە گوڵی بۆن خۆش و دارو درەختی گوێز و بستە و هەنار و ترێ و هەنجیر، جگە لە بوونی جۆرەها سەوزەواتی خۆش. تەرخون و نەعنای ناو باخەكەی خانەقا سەرنجی زیارەتكارانی رادەكێشا. ئێستا وەكو شوێنەوارێكی مێژوویی لەسەر دیزاینە كۆنەكەی ماوە، چەندین بەڵگەنامە و دەستنووسی حاجی مەلا عەلی تیایدا پارێزراوە، دەكرێت بڵێین وەكو مۆزەخانەیەك ئەرشیفی بەشێك لە شارەكەی پاراستووە. ژمارەیەكی زۆر لە ئیمام و مودەریس لەم مزگەوتە بوون و خزمەتیان بە مزگەوت و خەڵك كردووە، لە ڕووی داراییەوە خەڵك و خێرخوازان هاوكاریی بەڕێوەچوونی خانەقاكەیان كردووە، هەتا ئێستاش هەر هاوكاری دەكرێت. لە سەردەمی رژێمی بەعس رووبەڕووی چەندین داگیركاری دەبێتەوە. یەكێك بوو لە خانەقا چالاكەكان بۆ بەگژداچوونەوەی رژێمی بەعس، بەهۆی ئەو چالاكییە سیاسییەی كە تیایدا دەکرا، كەسانێکیان دادەنا كە بەكرێگیراوی خۆیان بوون، دەیانكردن بە مودەریس و بە فەرمانی ڕژێم كاریان دەكرد، خەڵكیان لە خۆیان و مزگەوت زویر دەكرد، دواتر مزگەوت بەكارهێنرا بۆ چالاكی و جووڵانەوەی نەتەوایەتی.
لە سەرەتای شەستەكانی سەدەی رابردوودا بینای خانەقای حاجی مەلا عەلی لەلایەن بنەماڵەکەوە پێشكەش كرا بە وەزارەتی ئەوقاف و خرایە سەر موڵكی دەوڵەت.

هەندێك لە سەرچاوەكان:

- ناجح ئیبراهیم سازانی، فەزڵی نوێژ و كاریگەری لەسەر پەروەردە و تەزكیەی نەفسی، چاپخانەی نارین، هەولێر، چاپی شەشەم، 2015.

- شاهۆ عوسمان سەید قادر، سلێمانی لە كۆتایی بابانەوە بۆ سەرەتای راپەرین، ناوەندی سارا، سلێمانی، چاپی یەكەم، 2020.

- ئاسۆ عومەر سوارە، ئەلبومی وێنەیی دۆكیۆمنتری مێژوویی، چاپخانەی شڤان، سلێمانی، چاپی یەكەم، 2020.

- محەمەد قزڵچەیی، ناساندنێكی مزگەوتەكانی شاری سلێمانی و خوێندنگە ئاینیەكان، و. د. ئاراس محەمەد ساڵح، چاپخانەی شڤان، سلێمانی، چاپی یەكەم، 2013.

-عوسمان مەلا جەلال، خانەقای حاجی مەلا عەلی، گۆڤاری سلێمانی ژمارە پێكەوە (198-199) كانونی دووەم (2020).

- عەلی شێخ وەهاب، راگوزەرێك بە مێژووی مزگەوتە دێرینەكانی سلێمانیدا، گۆڤاری سلێمانی ژمارە ( 198-199) كانونی دووەم (2020).

-چاوپێكەوتن لەگەڵ ئەندازیار ئاران عوسمان جەلال كوڕەزای مەلا جەلال، 6/11/2021

-بەرنامەی ماڵەكانی خودا، دەربارەی خانەقای حاجی مەلا عەلی ، كەناڵی Nrt4 2021.

- دەسنووسێكی بنەماڵەی مەلا جەلال دەربارەی مێژووی خانەقای حاجی مەلا عەلی.

. Alfonso Di Nola, L islam, Newton Compton, Roma, 1989.

 

خانەقای حاجی مەلا عەلی لەگەڵ هەڵگیرساندنی شۆڕشی نوێدا لە ناوەڕاستی حەفتاكاندا بەڕابەرایەتی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان وەك مەڵبەندێكی چالاكی ئەو سەردەمە بەكاردەهێنرا بۆ بەدیهێنانی ئەرك و كارەكانی رێكخستن

بابەتە پەیوەندیدارەکان