نەورۆز حەمید رەشاش
بەداخەوە باوکە گیان ئەمڕۆ یادی یەکەمین ساڵی کۆچی دوایی لەناکاوی تۆی خۆشەویستە، کۆچی باوکێکی نەتەوەییمە، ئەو باوکەی کە جوان پەروەردەی کردووین، ئەو باوکەی قوتابخانەیەک بوو بۆ پەروەردە و گیانفیدایی بۆ خاک و نیشتمان و نەتەوە و ژیاندۆستیی و ژیانخۆشیی و کوردایەتی و ژیانی خێزانداریمان، باوکم لە ساڵی 1931 لە شاری هەولێر لە دایکبووە، ژیانی بابە پڕیەتیی لە هەوراز و نشێو، پڕاوپڕ لە خەباتێک بۆ کوردایەتی، هەرگیزاو هەرگیز باوەڕمان نەدەکرد رۆژی هەینی، 21/01/2022 ساڵی رابردوو دڵە پڕ لە میهر و جوانییەکەی لەلێدان بکەوێت.
ئەو رۆژە لەهەر چوار پارچەی کوردستان بە تایبەتی شاری هەولێر و سلێمانی ماتەمینییان گێڕا، شار رەشپۆش و خامۆش بوو، بەهۆی کۆچی دوایی و ژیانئاوایی تێکۆشەرێکی دێرین و ئەو مرۆڤەی هەموو ژیانی بۆ کوردایەتیی تەرخانکرد و لەو پێناوەشدا خەرمانی کوردایەتی و گیانبازیی باوکم بۆتە وێردی سەر زاری هەموو چین و توێژەکانی کوردەواریی و لاوان و نەوەی دواڕۆژ .
حەمید رەشاشی باوکم پیاوە سپی و جوانەکەی کوردستان بوو، شۆڕەسواری کوردایەتیی و مەردایەتیی و زمانزان و کەلتوروان و کەلتورپەرست و فۆلکلۆریست بوو، بۆیە هەموو ئەو کەسانەی بروسکەی سەرەخۆشییان ئاراستەی بنەماڵەکەمان کردبوو، بە نووسەر و پێشمەرگە و وەفادار بۆ کوردایەتییان ناودێرکردبوو.
راستە باوکمان لە ژیاندا نەماوە و کۆچی دوایی کردووە، بەڵام بەڵێن دەدەین لەسەر رێبازی ئەو و خەباتی ئەو درێژە بە کاروانی کوردایەتیی و مەردایەتیی دەدەین و بەردەوامیش دەبین، چونکە ئەو رێگا و رێبازەی ئەو خەباتی بۆ کردووە، باشترین و راستگۆترین کاری بوو کە بۆ ئێمە بۆتە پاشخان و بەرنامەی کاری بنەماڵەکەمان
90 ساڵ 70ی بۆ کورد
نزیکەی 91 ساڵ ژیان و 70 ساڵ خەبات بۆ کوردایەتی لای باوکم، جێگای شانازی هەموو کوردانە لەهەرکوێیەکی ئەم دنیایە بن، بۆیە بە سەربڵندییەوە دەڵێم من کچی حەمید رەشاشم.
راستە ساڵێکە باوکم ژیانئاوایی لە بنەماڵە و دۆست و کوردەواریی کردووە، بەڵام ناو و خەبات و کردەوە و بەرهەمەکانی هەمیشە لە دڵ و دەروونی خۆشەویستانیدایە و لەناو کوردەواریدا بە زیندوویی دەمێنێتەوە.
سەرەتای نووسین و گێڕانەوەی رووداوەکانی پێشمەرگایەتیی و دۆستایەتیی نزیکی لە سەرکردەی کارێزمای گەلی کورد، مام جەلال بووە، لەهەمانکاتیشدا لە هەفتەنامەی بەدرخان کە یەکەمین بڵاوکراوەبووە، کە هانیداوە و پشتگیریی کردووە و دەستیگرتووە بۆ نووسینەوەی یادەوەرییەکانی و چەندین بابەت و دیداری لەگەڵ کردووە و جگە لەوەش چوار کتێبی لەسەر پەندو ئیدیۆم و وشە و جووتە وشە و ناوی گیا و ناوی جوگرافیای کوردستان بە چاپ گەیاندووە، بەقسەی زمانزان و شارەزایانی زمانەوانی بارتەقای 40 کتێبە و بنەمایەکی گرنگە بۆ زمانەوانان و هەروەها بە قسەی مامۆستا عەبدولوەهاب شێخانی دەڵێت: «بەیەکەوە زیاتر لە 30 زنجیرە لە تەلەفزێۆنی رەسەن و رۆژنامەی هەولێر لەسەر زمان و ئەدەبی کوردی تۆمار کردووە. بۆیە ئەگەر بڵێین مام حەمید مامۆستایەکی گەورەی زمانزان و زمانناسی کوردی بووە، زێدەڕۆی نییە».
قسەکانی خۆی بردەسەر
ناشبێت رۆڵ و ماندووبوونی ئەوانەی بە نووسین و بروسکە هاوخەممان بوون و دڵنەواییان کردین، لەبیربکرێت. بە تایبەتی كاك ستار کە پێش مردنی باوکم لەخەمی ئەوەدابوو کتێبێک لەسەر باوکم بنووسێت قسە و هیمەتەکانی خۆی بەجێگەیاند لە چلەکەیدا کردی بە کتێب و بە ناوی (حەمید رەشاش ، توولەڕێیەکانی کوردایەتی) بڵاوکرایەوە، سەرەڕای 64 لاپەڕە لە کتێبەکەدا دووبارە ببۆوە و هەڵەی چاپیش کە زۆر زۆربوو ، لەگەڵ ئەو تێبینیانەش کە هەرچەندە زۆر تێبینی دیکەشمان هەبوو و هەیە لەسەر کتێبەکە، بۆیە بەناوی بنەماڵەکەمانەوە سوپاسی دەکەین و هەمیشە لای ئێمە جێگای دەستخۆشیی و ستایشکردنە.
هەرگیز ناڵێم ماڵئاوا باوکە
هەرگیز ناڵێم ماڵئاوا باوکە گیان، چونکە تۆ هەمیشە لە یادەوەریی ئێمە و دۆستانتدا بە زیندوویی یاد دەکرێیتەوە، تۆ بۆ کوردایەتی ژیای و وانەیەکی جوانیشت فێری ئێمە و بنەماڵە و کوردەواریی و بەتایبەتیی گەنجان و لاوان کرد.
تۆ بۆ کۆچی دوایی کارێزمای کورد سەرۆک مام جەلال لە دیدارێکتدا لە نێت تیڤی وتت ( ماڵئاوا گەورەم، ماڵئاوا پێشمەرگەکەم ، ماڵئاوا سەرۆک، ماڵئاوا مام جەلال) هەموومانت گریاند، بۆیە لێرەدا ئێمەش وشەی باوکە گیان بەکاردەهێنین و دەڵێین: گەورە و خاوەنشکۆی بنەماڵە و کەس و کارم تۆ هەمیشە نەمری و هەر بە نەمرییش ناوو ناوبانگت باس دەکرێت و هەر بە نەمرییش ناوی پاک و جوانت دەمینێتەوە لەنێو مرۆڤایەتیی و کوردەواری و هەموو خەباتکاران و شۆڕشگێڕانی دنیا و پێشمەرگە دێرینەکانی کوردستان و ئەوانەش کە رۆژێک لە رۆژان داکۆکیان لە کێشەی رەوای گەلەکەیان کردوە.
دایە مەکەک شایەتیی بۆ دەدایت
زۆرجار دایە مەلەک (1941 - 2015 ) بۆی دەگێڕاینەوە و باسی دەکرد، کە باوکتان چەندە ماندووبووە بە ژیان و گوزەران و پەروەردەکردنتان، دایکم لەهەموو قۆناغەکانی ژیانی لەگەڵی بووە و جێینەهێشتووە، زۆری ناخۆشی و هەوراز و نشێوی ژیانی لەگەڵ باوکم بینیووە لە دەربەدەری و پێشمەرگایەتیدا، لەم گوند بۆ ئەو گوند و لەم شار بۆ ئەو شار. هەر بۆیە باوکم لەبەرامبەر وەفاداری دایکم، باوکیشم زۆر خزمەتیی دایکمی کرد کاتێک بۆ ماوەی هەشت ساڵ نەخۆش کەوت و لەسەر جێگا مایەوە و خزمەتیکرد. دایکم دەیوت نەورۆز کچم، لە خودای بەزیادبێت و لەسای سەری باوکتان 12 منداڵی جوانی پەروەردە کردووە و کۆزێک کە هەشت کوڕ و چوار کچ لە خۆبگرێت.
گیانی پاکی دایکە مەلەک و باوکە حەمیدم هەمیشە شادبێت و لەخوای گەورە دەخوازم جێگایان بەهەشتیی بەرین بێت.
هەرچەندە باوکی رەوانشادم رۆژێک لە رۆژان نەچۆتە بەر خوێندن و لە هیچ خوێندنگایەک دەرنەچووە ، بەڵام خۆی خۆی فێرە خوێندەواری کردووە و لە هەمان کاتدا هەردەم پشتگیریی ئێمەی کردووە و هەموومانی بردۆتە بەر خوێندن و خوێندنمان تەواوکردووە و بروانامەی بەرزیشمان بەدەستهێناوە ، چونکە بابە گیانم خۆی نەیخوێندبوو، وەکو پەرچەکردارێک هانی ئێمەی دەدا خوێندن تەواوبکەین. بۆیە چەند بەرهەمێکی جوانی بە چاپ گەیاندووە کە لەسەرەوە ئاماژەم پێکردووە.
قسەکانتم کردۆتە گوارە
سوێند بە خاکی پیرۆزی کوردستان هەمیشە لەسەر رێگای راست و سەربەرزیت درێژە بە پەروەردەی نەوەکانمان دەدەین، چونکە تۆ مەبەستتبوو، زۆرجار دەتوت: «نەورۆز کچەکەم، منداڵەکانت لەگەڵ خوێندن چۆنن؟». چونکە دەتزانی خوێندن چرای زانست و رووناکییە، دەتزانی بە خوێندن و خوێندەواری کوردەواری پێشدەکەوێت و لەو رێگایەوە مافەکانیش دەستەبەردەبێت بۆیە قسەکانتم کردۆتە گوارە و لە گوێیەکانم کردووە .
لەدوا سەردانیشم بۆ لای مامۆستا عەبدولڕەقیب یوسف کە مێژوونووس و کەسایەتییەکی بواری شوێنەوار و پاراستنیی دەستنووسە کوردییەکانیشە، دیدارێکم لەگەڵی کردووە و زۆر بەوردی باسی باوکم دەکات، چونکە قسەکانی بۆ ئێمە سەنەدە، بەهیوام بتوانم لە ئایندەیەکی نزیکدا کتێبێک بنووسم لەسەر باوکم کە شایستەی خۆی بێت.