ئەو یاریزانەی راگەیاندن زوڵمێكی زۆری لێكردووە

10:57 - 2023-01-30
وەرزش
306 جار خوێندراوەتەوە

یادگار سالع

رۆماریۆ دی سۆزا ڤاریا، یەكێك لەهێرشبەرە بەتواناو لێهاتووەكانی بەرازیل و جیهان بوو، لەژیانی یاریكردنیدا بەئاستی هونەریی بەرز  و جوڵە و شێوازی تۆماركردنی گۆڵی جوان سەرنجی هەمووانی بەلای خۆیدا راكێشابوو، بەڵام راگەیاندن و میدیا زوڵمێكی زۆریان لەو یاریزانە كرد بۆیە وەك پێویست دەرنەكەوت.
بێ بەشكردنی لەمۆندیالی 1998
ئەستەمە یاریزانێكی ئاست بەرزی وەك رۆماریۆ كە خاوەنی زیاتر لەهەزار گۆڵە، بەم شێوەیەی ئێستا ونبوبێت، چاودێر و شارەزایانیش هۆكارەكەی دەخەنە ئەستۆی راگەیاندنەكان چونکە وەك یاریزانانی تری بەرازیل كە خاوەنی ئاست و لێهاتوویی خۆیانن گرنگیان بەو یاریزانە نەداوە، ئاخۆ دەكرێت یاریزانێكی وەک رۆماریۆ بەو شێوە نەشیاوە گرنگی پێ نەدرێت، بەتایبەت كە ئێستا ناوێكی ونە لەتۆپی پێی جیهاندا.
سەرەتای دەركەوتنی ئەو یاریزانە ئەفسانەییە ساڵی 1985 بوو لە ریزی یانەی ڤاسكۆ دی گامای بەرازیلیدا.
لەگەڵ هەڵبژاردەی بەرازیل-یش لەنێوان ساڵانی 1987 تا 2005 توانیویەتی لە 70 یاریدا بەشدار بێت و 55 گۆڵی لەیارییە رەسمییەكاندا کردووە، لەیارییەكانی پاڵاوتنی مۆندیالی 1994، رۆڵێكی كاریگەری هەبووەو بۆتە هۆكاری سەركەوتنی بەرازیل بۆ دوا یارییەكان و سەرئەنجام سەركردایەتی بەرازیلی كرد بۆ بەدەستهێنانی جامی ئەو مۆندیالە، سەرباری ئەوەش دوو جامی كوپا ئەمریكا و جامێکی كیشوەرەكانیشی لەگەڵ بەرازیل بەرز کردۆتەوە.
لەگەڵ ئەوەی دەبوو لەمۆندیالی 1998یشدا بەشدار بووایە، بەڵام زاگالۆی راهێنەر لەدوا ساتدا ئەو یاریزانەی دوورخستەوە، رۆماریۆ دوای ئەو دوورخستنەوەیە بە چاوێكی پڕ لەگریانەوە لەكۆنگرەیەكی رۆژنامەنووسیدا داوای لە سەرۆكی بەرازیل کرد كێشەكەی بۆ چارەسەربكات و هەوڵی گەرانەوەی بدات بۆ ریزی هەڵبژاردەی سامبا بەڵام بێ سود بوو. 
ئاستێكی بێ وێنە لەگەڵ یانەكان
لەژیانی یارییکردنیدا بۆ چەند یانەیەكی دیار یاریی کردووە، دیارترینیان لەگەڵ یانەكانی ئەوروپا بووە، یەكەم وێستگەشی لەریزی یانەی ئایندهۆڤنی هۆڵەندی بووە، كە لەگەڵ ئەو یانەیە لە 149 یاریدا 128 گۆڵی كردووەو رۆڵی لەبەدەستهێنانی شەش نازناودا هەبووە، سێ جاریش بۆتە گۆڵكەری خولی نایابی یانەكانی هۆڵەندا.
دواتر پەیوەندی بەیانەی بارسیلۆناوە كردووە، دوو وەرزیش یاریی لەگەڵ ئەو یانەیە کردووە، ئەویش لەنێوان ساڵانی 1993 تا 1995 دا بووە، لە 65 یاریدا بەشداربووەو توانیویەتی 39 گۆڵ بۆ یانە کەتەلۆنییەکە بكات، نازناوێكی خولی یانەكانی ئیسپانیای لەگەڵ ئەو یانەیە بەدەستهێناوە، ساڵی 1994یش بۆتە گۆڵكەری خولەكە.
دواتر لەئەوروپاو ئەمریكاو ئاسیا یاریی بۆ هەریەك لەیانەكانی ڤالانسیا و فلامینگۆ و ڤاسكۆدی گاماو سەدی قەتەری و فلۆمێنسیاو میامی ئەمریكاو ئەدیلاید یونایتدی ئوسترالی كردووە.
رۆماریۆ یەكێكە لەو یاریزانانەی لەژیانی یاریكردنیدا لەهەزار یاری زیاتردا بەشداربووەو گۆڵی تۆماركردوون، ئەمەش بەشێكە لەئەنجام و دەستكەوتەكانی:
-لەگەڵ ئایندهۆڤن سێ جار بۆتە گۆڵكەر و دوو جاریش بۆتە گۆڵكەری جامی هۆڵەندا.
-گۆڵكەری یانەكانی ئەوورپا لەساڵانی 1991 و 1993دا.
-گۆڵكەری لالیگا.
-گۆڵكەری جامی كیشوەرەكانی ساڵی 1997. 
-گۆڵكەری خولی یانەكانی بەرازیل ساڵانی (2000، 2001، 2005).
-حەوت جار بۆتە گۆڵكەری پاڵەوانێتیی ریۆ دی جانیرۆ، ئەویش ساڵانی 2000، 1986،1987،1997،1998،1999.
-گۆڵكەری جامی یانەكانی بەرازیل ساڵانی 1998 و 1999.
-گۆڵكەری جامی میركۆسۆری یانەكانی ئەمریكای باشوور ساڵانی 1999و 2000.
-گۆڵكەری ئۆڵۆمپیادی 1988.
-گۆڵكەری خولی یانەكانی ئەمریكای ساڵی 2006.
-گۆڵكەری مۆندیالی یانەكان - ساڵی 2000.
-گۆڵكەری پاڵەوانێتیی ئەمریكای باشووری خوار تەمەنی 21 ساڵ، ساڵی 1985.

#ســتادیـۆم

بابەتە پەیوەندیدارەکان