کەس لە خەمی پایسکلسواریدا نییە

12:01 - 2023-02-06
وەرزش
440 جار خوێندراوەتەوە

محەمەد ئەحمەد


شۆخ ڕزگار فتاح ساڵی1997 لە هەڵەبجەی شەهید لەدایکبووە، دەرچووی ساڵی 2021 –ی کۆلێجی پەروەردەی وەرزشیی زانکۆی هەڵەبجەیە، هەر لە منداڵییەوە حەزوخولیای پایسکلسواریی هەبووە و پایسکلی بەکار هێناوە، ماوەی 5 ساڵیشە لە یانەکان یاریی دەکات و بەشداریی پاڵەوانێتییەکانی پایسکلسواری دەکات.
بۆ ئەوەی زیاتر بە ژیانی ئەم کچە پایسکلسوارە ئاشنابین، ستادیۆم ئەم پرسیارانەی لێکرد و ئەویش بەمشێوەیە وەڵامی پرسیارەکانی داینەوە.

‎* شۆخ ڕزگار بەچی ناسراوە؟
- بە کچە پایسکلسوارەکە و دڵسۆزی وەرزش ناسراوم.

‎*حەزدەكەی لەدوای پایسکلسواری چی تر بکەیت؟
‎-پایسکلم وەک ئارەزوویەکی خۆم و پاشان بۆ تەندروستی خۆم دەیکەم، بەدەر لە ئارەزووی وەرزشیم، من کاری فۆتۆگرافەری و تایپ و چاپەمەنیم هەیە وە لە ئێستادا خزمەتێکی باشی بواری تایپ و چاپەمەنیم کردوە بەتایبەت بە توێژی خوێندکاران.

*هاتنت بۆ نێو دنیای وەرزش جۆن بوو؟
- من هەر لە پۆلی 9 - وە بڕیارمدا بچمە پەیمانگای وەرزشی، بەڵام بەداخەوە لە شارەکەمان پەیمانگای وەرزشی نەبوو، بەهۆی کەمی تەمەنمەوە نەمتوانی بچمە دەرەوەی هەڵەبجە، بۆیە بەناچاری درێژەم بە خوێندن دا و پاش قۆناغی 12 ی زانستی بڕیارمدا ئیختیباری کۆلێجی پەروەردەی وەرزشی بکەم و خۆشبەختانە توانیم سەرکەوتووبم و لەو کۆلێجە وەرگیرام.

*بۆچی لە وەرزشدا پایسکلسواریت هەڵبژاردووە؟
-ئەتوانم بڵێم پایسکلسواری یەکێکە لەوەرزشە سودبەخشەکان، جگە لەوەش حەزو و خولیای منداڵیم بووە بۆیە ئەو وەرزشەم هەڵبژارد تا لە شارەکەمان پەرەی پێبدەم.

* وەرزشی پایسکلسواری لە شاری هەڵەبجەی شەهید لە چ ئاستێكدایە؟
-وەرزشی پاسکیلسواری لە ئێستادا خۆشبەختانە لە ئاستێکی باشدایە کۆمەڵێک هەن بۆ لایەنی تەندروستی ئەم وەرزشە دەکەن، جگە لەوەش کۆمەڵگا هۆشیاربووەتەوە و سوودە زۆرەکانی ئەم وەرزشە دەزانن، ئەوەتا من زیاتر لە سێ ساڵە خولی فێربونی پایسکلم بۆ کچانی  هەڵەبجە کردووەتەوە، ئەمەش هۆکارێکی باشە بۆ هاندانی ئافرەتان بۆ ئەوەی روو بکەنە ئەم وەرزشە.

*ئەی لەسەر ئاستی كورستان چۆنی دەیبینی؟
-نەک تەها وەرزشی پایسکلسواری بەڵکو تەواوی وەرزشەکان لە ئاستێکی زۆر خراپدا دەبینم بەهۆی ئەوەوە کە لێپرسراوانی وەرزشی ئەم وڵاتە دڵسۆز نین بۆ وەرزشی کوردستان.

*بۆ ئەوەی وەرزش لە كوردستان پێش بكەوێت، چی بكرێت باشە؟
-پێویستە کەسی شیاو بۆ شوێنی شیاو لەوەرزشدا دابنرێت، کەسی شیاو و دڵسۆز بخرێتە ناو بوارەکە بۆ پێشخستنی وەرزشی کوردستان کە خزمەت بکەن و بەرژەوەندی خۆیان لاگرنگترنەبێت.
*گرفتی ئێوەی وەرزشکار چییە؟
-گرفتی ئێمە نەبوونی پاڵپشتییەکی باشە تا بتوانین زیاتر خزمەت بکەین بەوەرزشی شارەکەمان و ساڵانە چەندین چالاکی ڕێکبخەین.

*وەكو كچە وەرزشکارێک خەونی وەرزشیت چییە  و ئامانجت لە وەرزشكردندا چییە؟
-خەون و ئامانجی من لەم وەرزشدا هاندان و خزمەترکردنی ئافرەتان و منداڵانی شارەکەمە بە پلەی یەکەم پاشان هاندانی خەڵکە بۆ وەرزشکردن تا تەندرووست بن و لە نەخۆشی بە دوور بن.

*بەچ یاریزانێكی جیهانی سەرسامیت ؟

-سەرسامم بە (یۆساین بۆڵت) ی پاڵەوانی ڕاکردنی جیهانی و تاڕادەیەکی زۆریش حەزم لە یارییەکانی گۆڕەپان و مەیدانیش هەیە.
 
*كاتت چۆن بۆ وەرزشکردن تەرخان کردووە؟
- هەفتانە سێ بۆ چوار ڕۆژ  هەر رۆژە سەعاتێک پایسکلسواریی دەکەم، لەگەڵ ئەوشدا زۆر جاریش وەرزشی شاخەوانی و مەلەوانیش دەکەم.

*چیت ماوە بیڵێیت؟
-لە کۆتاییدا دەمەوێت بڵێم وەرزشی پایسکلسواری و خزمەتکردنم بەم وەرزشە و بەشداری کردنم لە پاڵەوانیەتیەکاندا زۆر شتی بەمن بەخشی   لەوانە هێز و خۆڕاگری و چاونەترسی،  چونکە من زیاتر پایسکلی شاخ بەکاردەهێنم، جگە لەوەش من نازناوی کەسایەتی وەرزشیی ساڵی 2021 –م پێبەخشرا، لەگەڵ کۆمەڵێک ڕێزلێنان و پلەی باشی  پاڵەوانێتیەکان .

#ســتادیـۆم

بابەتە پەیوەندیدارەکان