لە کەرکوک توندوتیژی خێزانی و کێشە کۆمەڵایەتییەکان روو لە زیادبوونن

11:31 - 2022-04-18
ڕاپۆرت
205 جار خوێندراوەتەوە

راپۆرتی/ سیروان محەمەد 

لە كەركوك كێشە كۆمەڵایەتیەكان و توندوتیژی خێزانی روو لە زیاد بوونە و مانگانە زیاتر لە 100 کەیسی كێشەی كۆمەڵایەتی لە پارێزگای كەركوك تۆمار دەكرێت.

سروود محەمەد بەرێوەبەری كۆمەڵەی هیوای عیراقی لە كەركوك بە كوردستانی نوێی راگەیاند، ئامارەكانی توندوتیژی خێزانی لە كەركوك زیادیکردووە و دەزگا ئەمنیەكانی كەركوكیش لاوازن لە ئاست كۆنترۆڵكردنی ئەو كێشەیەدا.
وتیشی، مانگانە زیاتر لە100  كێشەی كۆمەڵایەتی بەهۆی توندوتیژی خێزانیەوە لە پارێزگاكەمان تۆمار دەكرێن زۆربەی کێشەکان بەهۆی خراپ بەکارهێنانی مۆبایل و سۆشیال میدیاوە روودەدەن و زۆرجار ئامارەکانی توندوتیژی بە دروستی لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە ناخرێنەڕوو و لە کەناڵەکانی راگەیاندنی دەشارنەوە.

ناجێگیری رەوشی ئەمنی
بەرێوەبەری كۆمەڵەی هیوای عیراقی لە كەركوك هۆکاری زۆربوونی توندوتیژییەکانی گەڕاندەوە بۆ ناجێگیری رەوشی ئەمنی لەگەڵ بێكاری و هەژاری بوونەتە هۆی پەرەسەندنی كێشە كۆمەڵایەتیەكان و زۆربوونی توندوتیژی لە پارێزگاکە.
وتیشی، لە دوای تێپەربوونی 19 ساڵ بەسەر رووخانی رژێمی بەعسدا تائێستا لە پەرلەمانی عیراق یاسایەك بۆ روبەروبونەوەی توندوتیژی خێزانی دەرنەچووە كە زۆر پێویستە بۆ ئەوەی رێگە لە پەرەسەندنی توندوتیژی خێزانی بگرێت و كۆمەڵەكەمان لەبەرنامەماندایە پەیوەندی لەگەڵ پەرلەمانتارانی كەركوك دروست بكەین تا ئەو پرسە لە پەرلەمانی عیراق بوروژێنن و یاسای بۆ دەربکەن.
سەبارەت بە پەرەسەندنی توندوتیژی خێزانی لە كەركوك غالب جبوری بەرێوەبەری پۆلیسی كۆمەڵایەتی لە كەركوك كە دەزگاكەیان تایبەتە بە بەدواداچوونی كێشە كۆمەڵایەتیەكان و سەر بەوەزارەتی ناوخۆی عیراقە بە كوردستانی نوێی راگەیاند، كاری سەرەكیمان لە پۆلیسی كۆمەڵایەتی بەدواداچوونی حاڵەتەكانی توندوتیژی خێزانیە لەناو كۆمەڵگەدا و هەنگاونانە بۆ چارەسەركردنیان لەپێناو كەمكردنەوە و نەهێشتنی كێشە كۆمەڵایەتیەكان.
وتیشی، وەك پۆلیسی كۆمەڵایەتی كەركوك ناتوانین هیچ ئامارێك رابگەیەنین لەبارەی ئەو حاڵەتانەی رویانداوە، چونكە ئەم مەسەلەیە دوو لایەنەیە و هەندێ جار باسكردنی باش نابێت.

هانا بۆ دەزگا ئەمنیەكان نابەن
جبوری باسی لەوەشکرد، بەپێی بەدواداچوونی ئەوان زۆربوونی كێشە كۆمەڵایەتیەكان لە كەركوك هۆكارەكەی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە زۆر جار هاووڵاتیان دووچاری كێشە دەبنەوە پەنا بۆ دەزگا ئەمنیەكان نابەن و بگرە هەوڵ دەدەن خۆیان و لە رووە کۆمەڵایەتیەکەیەوە كێشەكان چارەسەر بكەن ئەمەش كارێكی نادروستە لە كاتێكدا دەبێت ئەوان هانا بۆ دەزگا ئەمنیەكان و بەتایبەتیش دەزگاكەی ئێمە ببەن كە تایبەتمەندین بە بەدواداچوون و چارەسەركردنی ئەو كێشانە بەپێی یاسا بۆیە لێرەوە داوا لە هاووڵاتیانی كەركوك دەكەین لە كاتی بوونی كێشەی لەو جۆرەدا پەیوەندی بە بنكەكانی پۆلیس و بەرێوەبەرایەتی پۆلیسی كۆمەڵایەتیەوە بكەن لە كەركوك.
لەبارەی رۆڵی هێزە ئەمنیەكانیش لە کەمکردنەوەی حاڵەتەکانی توندوتیژی خێزانی، عامر شوانی وتەبێژی بەرێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای كەركوك بە كوردستانی نوێی راگەیاند، پۆلیسی كەركوك بەدواداچون دەكات بۆ هەر كێشەیەكی كۆمەڵایەتی بەهۆی توندوتیژی خێزانیەوە لە پارێزگاكە رووبدات و لەو رووەشەوە لە ماوەی رابردوودا چەندین كەیسی توندوتیژی خێزانیمان یەكلایی كردۆتەوە و هۆكاری كێشەكەشمان دەستنیشانكردوە و بکەری كارەكەشمان دەستگیركردووە، بۆ  نموونە ئەو باوكەی لە كەركوك ئازار و ئەشكەنجەی كچە تەمەن دوو ساڵانەكەیدا دەستگیرمان كرد و روبەرووی دادگاشمان كردەوە.

یاسایەک نییە تاوانەکە رابگرێ
ئاماژەی بەوەشکرد، ئەوان بەدواداچوون بۆ کێشەکان و توندوتیژیەکان دەکەن و کەسی تاوانباریش دەستگیر دەکەن، بەڵام گرفت لەوەدایە لە عیراق یاسایەک نییە بۆ سزادانی ئەو كەسانەی توندوتیژی خێزانی دەکەن، بۆیە ناتوانن کەسەکە سزایەکی وەها بدەن تاوانەکەی دووبارە نەکاتەوە، پێویستە پەرلەمانی عیراق  یاسای تایبەت بە توندوتیژی خێزانی دەربکات.
بەپێی ئامارێکی كۆمەڵەی هیوای عیراقی تەنها لە ساڵی 2021 دا زیاتر لە 1500 كێشەی كۆمەڵایەتی بەهۆی توندوتیژی خێزانیەوە لە كەركوك تۆمار كراوە.

بابەتە پەیوەندیدارەکان