بەدەستی خۆی گۆڕی خۆی هەڵكەند

10:33 - 2023-04-03
وەرزش
297 جار خوێندراوەتەوە

تیشكۆ

رۆژی 26/3/2023 یانەی تۆتنهامی ئینگلیزی بەرەسمی رایگەیاند كە بەرەزامەندیی ئیدارەی یانەکە، ئەنتۆنیۆ كۆنتیان لە پۆستی راهێنانی یانەكە دوورخستۆتەوە و كریستیان ستیلینی یاریدەدەریان بۆ ماوەیەكی كاتی لەجێگای دانەوە بۆ ئەو یارییانەی یانەكە لە خولی ئینگلیزیدا ماویەتی بیانكات.
دوا یاریی كە كۆنتی راهێنەری تۆتنهام بووە یاری ئەم یانەیەو ساوسهامپتۆن بووە لە خولی ئینگلیزیدا، ساوسهامپتۆن دوا تیپی ریزبەندیی خولی ئینگلیزییە، لەم یارییەدا كەڕۆژی 18/3 كرا، هەردوو یانە 3-3 یەكسانبوون، بۆ ئەم یەكسانبوونە لەهەموولایەكەوە كۆنتی كەوتە بەرهێرش و رەخنە، تەنانەت لەكۆنگرەی رۆژنامەوانی پاش یارییەكەدا هەروەك چۆن لە یارییەكاندا بارودۆخی دەرونی تێكدەچێت و زۆر توڕە دەبێت، لەم كۆنگرە رۆژنامەوانییەشدا بەهەمان شێوە وەڵامی رۆژنامەنووسانی دایەوە، بەهیچ شێوەیەك خۆی بە خەتاباری یەکسانبوونەکە نەزانی، تەنانەت بەشێكی بچوكی یەکسانبوونەکەشی نەخستە ئەستۆی خۆی، بەڵكو هێرشی توندی كردە سەر عەقڵییەتی بەڕێوەبردنی یانەكەو یاریزانان و ئەوانی بە تاوانباری ئەو یەکسانبوونە دانا.
كۆنتی هەمیشە كە دەكەوێتە وەها بارودۆخێكەوە، بیانو بۆ ئەنجامە خراپەكانی دەهێنێتەوە و خۆی لێ بێ بەری دەكات و خۆی ناكات بە خاوەنی دۆڕاندنەكان، هەموومان لەبیرمانە كاتێك راهێنەری یۆڤانتۆس بوو، کاتێک گڵۆڵەی كەوتە لێژی و ئەنجامی خراپ لەدوای ئەنجامی خراپی تۆمار دەكرد، لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا ووتی: من ئێستا لە چێشتخانەیەكی زۆر راقی و گرانم بەڵام تەنیا 10 یۆرۆم پێیە، یان هێرشە توندەكەی بۆ سەر ئیدارەی یانەی ئینتەرمیلان كاتێك بەبارسیلۆنا دەدۆڕێت لە وەڵامدا ووتی: منیان بەچەند یاریزانێكی ساسۆلۆ و كالیارییەوە رووبەڕوویی بارسیلۆنا كردۆتەوە.  
كۆنتی راهێنەرێكی بەتوانایە و كەس نكوڵی لە تواناو لێهاتوویی ناكات، بەڵام كاتێك 17 ملیۆن یۆرۆی بۆ خەرج دەكەن ئیدارەی یانەكە چاوەڕوانی ئەنجامی لێدەكات نەك بیانوو هێنانەوە و سكاڵاو دادو بێداد لەدەست ئیدارەی یانەی تۆتنهام.
كۆنتی ئەمساڵ تەنیا لەڕوی هونەرییەوە خراپ نەبووە، بەڵكو لەڕوی دەرونیشەوە لە بارودۆخێكی خراپدا بووە، ماوەیەكیش بارودۆخی تەندروستی تێكدەچێت و نەشتەرگەریی بۆ دەكرێت، هەرلەم ماوەیەدا چەند هاوڕێیەكی نزیكی گیانیان سپاردووە، لەوانە جیان پییرۆی یاریدەدەری و هەروەها جانلۆكا ڤیالی كە 6/1/2023 كۆچی دوایی كرد و سینیسا میهایلۆڤیچ كە ساڵی پار كۆچی دواییكرد، ئەمانە هەموویان وایانكردبوو تەركیزی خراپ بێت و بارودۆخی دەرونی باش نەبێت.
هەموو لایەكمان ئەنجامەكانی كۆنتیمان لەگەڵ یۆڤانتۆس و چێڵسی و ئینتەرمیلاندا بینی، لەو یانانە هەروەك تۆتنهام كۆتاییەكی خراپی هەبوو، بەڵام ئەم رۆیشتنەی جیاواز لەوانی تر بەدەستێكی تەواو بەتاڵەوە بووە.
ئەمانە ئەوەیان سەلماند كە بۆچی یانە زەبەلاحەكانی وەك ریاڵ و بارسا و بایرن و پاریس سانجێرمان و مان سیتی نایانەوێت بۆندی پێشكەش بكەن، بۆیە بازاڕی كۆنتی تادێت خراپتر دەبێت، لەبەر ئەوە دوای تۆتنهام رەنگە بگڕێتەوە ئیتاڵیا، بەڵام رووناكاتە یانەكانی وەك یۆڤی و میلانەكان و لازیۆ و رۆما، بەڵكو یانەكانی خوارەوەی ریزبەندی دەبێتە وێستگەی داهاتووی بەتایبەتی ئەو یانانەی كەچاویان تەنیا لە مانەوەیە لە خولی ئیتاڵیادا. 

#ســتادیـۆم

بابەتە پەیوەندیدارەکان