لەسەر سەرپێچی، چاڤی لاند سزادەدرێت

11:41 - 2023-06-08
کوردستان
297 جار خوێندراوەتەوە

لیژنەكانی قائیمقامیەتی سلێمانی، هەرسێ پاركی ئۆتۆمبێلەكانی پڕۆژەی گەشتیاریی چاڤی لاند دادەخەن، بەهۆی بەكارهێنانی شەقامە گشتییەكانی چواردەوری وەك پاركی وەستانی ئۆتۆمبێل و زیادكردنی نرخی وەستانی ئۆتۆمبێل بۆ سەروو 2000 دینار و هەبوونی بڕێكی زۆری قەرزی قائیمقامیەتی سلێمانی بەهۆی تۆماركردنی سەرپێچیی ساڵانی پێشوو.

لە رۆژی جیهانیی منداڵاندا نرخی وەستاندنی ئۆتۆمبێل لە چاڤی لاند بەرزكراوەتەوە

قائیمقامیەتی سلێمانی لە راگەیەنراوێكدا ئەوەی خستۆتەڕوو كە رائیدی هاتوچۆ دانا عوسمان سەرۆكی لیژنەی هاتوچۆ، رایگەیاندووە «لەسەر سكاڵای هاووڵاتیان، كە لە قائیمقامیەتی سلێمانی تۆماركراوە، لەڕۆژی جیهانیی منداڵاندا، پڕۆژەی گەشتیاریی چاڤی لاند نرخی وەستانی ئۆتۆمبێلی زیادكردووە بۆ زیاتر لە 2000 دینار، بۆیە لەلایەن لیژنەی هاتوچۆی سەر بە لیژنە هاوبەشەكانی قائیمقامیەتی سلێمانییەوە پسوڵەی سەرپێچی بۆكراوە».
راگەیەنراوەكە ئەوەشی خستۆتەڕوو كە «لەكاتی سەردانی لیژنەكە بۆ پاركەكانی چاڤی لاند، دەركەوتووە كە شەقامە گشتییەكانی چواردەوری پڕۆژەكە وەك پاركی وەستانی ئۆتۆمبێل بەكارهێنراوە و كرێییەكی زۆریش لە شۆفێران وەرگیراوە».
چاڤی لاند قەرزاری قائیمقامیەتە
هەر بەپێی راگەیەندراوەكە: «یەكێكی دیكە لە سەرپێچییەكانی پاركەكانی چاڤی لاند، هەبوونی بڕێكی زۆری قەرزی قائیمقامیەتی سلێمانییە كە بەهۆی تۆماركردنی سەرپێچیی ساڵانی پێشوو كە پابەندی مەرجەكانی كاركردن نەبووە سزای بۆ نووسراوە، هەربۆیە بە بڕیاری قائیمقامی سلێمانی هەرسێ پاركی وەستانی ئۆتۆمبێلەكانی پڕۆژەی گەشتیاریی چاڤی لاند داخران و رووبەڕووی رێكارە یاساییەكانیش دەكرێنەوە».

بابەتە پەیوەندیدارەکان