ئەولەویەتی ژیان چییە؟

11:15 - 2023-06-11
دووتوێ
550 جار خوێندراوەتەوە

رۆزا دڵشاد مەریوانی

هەر یەکێک لە ئێمە لە ژیانی تایبەتی و رۆژانەماندا بەرنامە و رۆتینی تایبەت بەخۆمان هەیە جگەلەوەی بەگشتی لە ژیاندا هەندێک بابەت و هەندێ کەس ئەولەویەتن و لە پلەی یەکەمی ژیانماندا دێن جێگەی گفتوگۆ نین و بەدوایاندا بابەتەکانی دیکە دێن.

بێگومان ئەولەویەت و بەرنامەی ژیانی کەسێک بۆ یەکێکی دیکە جیاوازە، بۆ نموونە رەنگە لای هەندێکمان منداڵ و خێزان لە ریزی پێشەوەی ئەولەویەتی ژیانمان بن پاشان کار ئینجا کات بەسەربردن لەگەڵ هاوڕێیان و وەرزشکردن بێت، هاوکات ئەگەر کەسێک بەرنامەیەکی دیاریکراوی نەبێت بۆ رێکخستنی ئەولەویەتی ژیانی جگەلەوەی لەڕووی دەروونییەوە کاریلێدەکات و هەستدەکات هەمیشە شڵەژاوە و ئەوەی دەیەوێت بەدەستی ناهێنێت، هەروەها کاریگەریشی دەبێت لەسەر ژیانی تایبەتی و زۆرجار ئەو کەسانە تێیدا شکستدێنن، چونکە نازانن لەم ژیانەدا چیان دەوێت.
گرنگترین ئەولەویەتەکان
بەشێوەیەکی گشتی بە رای پسپۆرانی تەندروستی دەروونیی و جەستەیی دەکرێت مرۆڤ ئەولەویەتی ژیانی بەمشێوەیە بێت: 
تەندروستی جەستەیی
پێویستە مرۆڤ لە ژیاندا پێش هەموو شتێک تەنانەت پێش خێزانیش بیر لە پارێزگاریکردن لە تەندروستی خۆی بکاتەوە لەوانە بۆ نموونە خۆراکی تەندروست بخوات، وەرزشکردن، لە پەیوەندییە ژەهراوییەکان بەدوور بێت..هتد، چونکە ئەوە وادەکات توانای لە کار و لە خێزانیشدا باشتر بێت.
کات بەسەربردن لەگەڵ خێزاندا
بابەتێکی دیکەی گرنگ دەبێت لە ئەولەویەتی هەر مرۆڤێکدا هەبێت ئەوەیە بەشێک لە کاتی خۆی تەرخان بکەیت بۆ خێزانەکەت جا ژن و مێرد و منداڵەکان بن یان دایک و باوک خوشک و برا بن، بۆ نموونە پێکەوە وەک خێزان کۆدەبنەوە تەماشای فیلمێک دەکەن یان دەچنە گەشتێک، تەنانەت دانیشتن پێکەوە و گۆڕینەوەی راو بۆچوون و زانینی ئەزموون و هەواڵی یەکتری کاریگەری دەبێت لەسەر بەهێزکردنی متمانە بەو پەیوەندییە خێزانییە و دواجار هەستی پۆزەتیڤ و سۆز لەنێوانتاندا زیاد دەکات.
کات بەسەربردن لەگەڵ هاوڕێیاندا
دەکرێت لە لیستی ئەولەویەتی ژیاندا بەسەربردنی کات لەگەڵ هاوڕێکانتدا هەبێت، چونکە زۆرجار هاوڕێ ئەو جێ سەلامەتەیە کە مرۆڤەکان هەست بە حەوانەوە دەکەن تێیدا و ترس و دڵەڕاوکێ و خەمۆکیان لێ دووردەکەوێتەوە، بەڵام بە مەرجێک ئەو هاوڕێیەتییە پەیوەندییەکی تەندروست بێت. 
سەقامگیری مادیی
پارە گرنگیەکی زۆری هەیە بۆ دابینکردنی پێداویستییەکانی ژیان، دەبێت لە ئەولەویەتی ژیاندا دابنرێت واتا هیچ کەسێک بێ پارە و کار ناتوانێت بژی و بەرنامەی ژیانی رێکبخاتەوە، بەڵام دەبێت ئەوە لەبیر نەکەیت هەرگیز کار لەسەر حیسابی تەندروستی و ژیانی خێزانی نەبێت و لە پێناوی کاردا هەموو شتێکی گرنگی دیکەی ژیانت فەرامۆش نەکەیت، ئەگەر نا بەتێپەڕبوونی کات دەبینیت لە لیستی ئەولەویەتی ژیاندا هیچ شتێکی گرنگ نەماوەتەوە لەهەمانکاتیشدا تەندروستی دەروونی و جەستەییت خراپ بووە.
پەرەپێدانی زانستی و مەعریفی 
گرنگە مرۆڤ لە خوێندنەوە و خۆ رۆشنبیرکردن نەوەستێت، هەمیشە هەوڵبدات پەرە بەخودی خۆی بدات بەپێی ئەو پلە زانستییەی هەیەتی یان ئەو بوارەی کاری تێدا دەکات، چونکە کاتێک ئەوە بەشێک دەبێت لە ئەولەویەتی ژیانی زیاتر وەک مرۆڤێک هەست بە بەهای خۆی دەکات.
حەز و خولیاکان
هەر مرۆڤێک حەز و خولیایەکی هەیە، وەک خوێندنەوە، نووسین، چنین و کاری دەستی، شاخەوانیی..هتد، بۆیە گرنگە هەندێ کات یان هەندێ رۆژ لە هەفتەکەدا تەرخان بکەیت بۆ کردنی ئەو خولیایەی هەتە، چونکە خۆشیی دەدات بە مرۆڤ و کاریگەریشی دەبێت لەسەر تەندروستی جەستەیی و دەروونی.
کات بۆ خۆت تەرخان بکە
مەبەستمان لەوەیە هەندێکجار مرۆڤ پێویستی بەوەیە بە تەنیا لەگەڵ خۆیدا دابنیشێت و بیر بکاتەوە و ئەگەر هەستبکات لە جێیەکدا هەڵەیەک هەیە بە خۆیدا بچێتەوە و بەرنامەکانی ژیانی رێکبخاتەوە، چونکە دواجار هیچ شتێک لەوە خۆشتر نییە مرۆڤ لە خودی خۆی تێبگات.

بابەتە پەیوەندیدارەکان