دەیانەوێت بینەری مێسی بن

09:20 - 2022-05-01
وەرزش
687 جار خوێندراوەتەوە

یەكێتی نێودەوڵەتی تۆپی پێ رایگەیاند 23.54 ملیۆن داواكاری پێشكەش كراوە بۆ كڕینی بلیتەكانی مۆندیالی 2022ی قەتەر كە كۆتایی ئەمساڵ بەڕێوەدەچێت.
فیفا لە بەیاننامەیەكدا بڵاویكردۆتەوە بینینی یارییەكانی هەڵبژاردەكانی ئەرژەنتین و بەرازیل و ئینگلتەرا و فەرەنسا و مەكسیك و سعودیە و ئەمیكا زۆرترین داواكاری لەسەرە.
یەكێتییەكە ئاشكراشیكردوە ئەو یارییانەی زۆرترین داواكاری پێشكەش كراوە بۆ كڕینی بلیتەكانی یارییەكانی ئەرژەنتین بەرامبەر مەكسیك و سعودیە و پۆڵەندایە و دوای ئەویش یاری نێوان ئینگلتەرا و ئەمریكا دێت لەگەڵ یاری كۆتایی.
ئەو بەیاننامەیەی فیفاش دوپاتیدەكاتەوە كە ژمارەیەكی زۆری هاندەر بەجۆشن بۆ ئەوەی دواین بەشداری كردنی لیۆنێل مێسی كاپتنی هەڵبژاردەی ئەرژەنتین لە مۆندیال ببینن، ئەمەش وای كردوە ژمارەیەكی زۆریان داواكاری بۆ كڕینی بلیتەكانی هەڵبژاردەكە پێشكەش بكەن.
فیفا كۆتایی مانگی ئازار رایگەیاند لە یەكەم قۆناغ 800 هەزار بلیتی مۆندیالی فرۆشتووە و لە قۆناغی دووەمیش تیروپشكی هەڕەمەكی دەكرێت بۆ فرۆشتنی بلیت بە هاندەران.
فیفا نرخێكی باشی بۆ بلیتی یارییەكان دیاریكردوە كە هاندەرە بۆ ئەوەی هاندەران داوا پێشكەش بكەن كە نرخی بلیت بۆ دانیشتوانی قەتەر لە 11 دۆلارەوە دەست پێدەكات و بۆ كەسانی تریش لە 69 دۆلارەوە دەست پێدەكات، بەڵام نرخی بلیتی یاری كۆتایی رەنگی بكاتە 1607 دۆلار.

بابەتە پەیوەندیدارەکان