مامەڵەکردن لەگەڵ بەساڵاچواندا

10:13 - 2022-08-11
هێمن ئەحمەد
597 خوێندراوەتەوە

بەساڵاچوان توێژێكی دیاریكراو و تایبەتمەندی كۆمەڵگەن، دروستکەری پەیوەندییە كۆمەڵایەتییەكانن.
بە ساڵاچوان لە نێو كۆمەڵگەدا هۆكاریكی گرنگن لە پێشكەوتنی خێزان و كۆمەڵگە و چالاك كردنی پەیوەندییە كۆمەڵایەتییەكان، جێ پەنجەی هەندێكیان تاكو ئێستا لە گەلێك بواردا رۆڵیان بینیوە و بوونەتە بنەمایەكی گرنگ لە پێشكەوتنی لایەنەكانی جوانی كۆمەڵگە.
ئێستا لە هەندێک لە خێزانەكاندا لە سووچێكدا پەراوێزخراون یان تواناكانیان سنووردار كراوە و هەرچەند ئەمان تەمەنێكی درێژیان بڕیوە و پێویستیان بە ژینگەیەكی ئاسوودە هەیە تا ئەو تەمەنەی ماویانە و ژیانیان تێدا بەسەر بەرن، لە ژێر كاریگەری كۆمەڵگە و دەوروبەریاندا لە بارێكی نا ئارام و ناجێگیردا دەژین هەندێکجار دەبێتەهۆی تێكچوونی باری دەروونی و ئابووری و كۆمەڵایەتی ئەو بەساڵاچووە.
خێزانەكان چەند بەشێكی بچووكن لە کۆمەڵگە، هەر یەكە لەم خێزانانەش بە کۆمەڵێک نەریت و رێچکەکانی ژیان  گرێدراوە، لە رابردوودا ئەم بەساڵاچووانە رێچكەكان ‌و بنەماكانی ئەم خێزانانەی دروستكردووە.
هەڵكەوتەی خێزانەكان رابردوو و ئێستا جیاوازییان هەیە، بۆیە ئەندامەكانی ئەم خێزانانە جیاوازییان هەیە، هەروەها پەروەردەکردن لە خێزانەکاندا گۆڕانکاری بەسەردا هاتووە، سەیركردن لە روانگەی بەساڵاچووانیشەوە جیاوازە، هەر بۆیە دەكەونە ژێر ئەو كاریگەرییانەی ئێستا و رابردوو، بیروبۆچوونە جیاوازەکانیان رەنگە کێشەیان بۆ دروستبکەن لەگەڵ نەوەکانیان و لێرەدا دایک و باوک دەبێت ئەو رۆڵە ببینن ژیانێکی ئاسوودە و رێچکەیەکی دروست هەم بۆ منداڵ و هەم بۆ گەورەکان فەراهەم بکەن.
هەندێکجار لەبری خزمەت کردن و دانەوەی پاداشت لەپای دروست کردنی خێزان و پەروەردەکردنی منداڵەکانیان، موڵك و ماڵی بەساڵاچوو لە نێو خێزاندا دەبێتە ئاستەنگێكی گەورە بۆ خێزان، ناڕاستەوخۆ دەبێتە هۆی تێكچوونی شیرازەی خێزان و لێكهەڵدەوشێتەوە.
بەساڵاچوو پێویستی بەو ژینگەیە هەیە  تیایدا ژیاوە، نابێت بەشێوەیەك نامۆ بكرێت تووشی دڵەڕاوكێی دەروونی ببێت، هەندێکجار بەكارەسات دەگەڕێتەوە و دەرئەنجام  لە خانەی بەساڵاچوان خۆی دەبینێتەوە، چونكە ئەندامەكانی خێزان ئامادە نین بەشێوازێکی دروست مامەڵەی لەگەڵ بکەن.

وتارەکانی نوسەر