گەمارۆدانی خەڵک و شار

11:48 - 2022-08-15
هەستیار مارف ئاغا
392 خوێندراوەتەوە











خەڵک بەشداری لە هەڵبژاردندا دەکات تاوەکو دەنگ بدەن بە بەربژێرەکان بۆ ئەندامێتی پەرلەمان و لە وێشەوە حکومەتی نوێ دابمەزرێنن.
بەشداری راستەقینەی ژمارەی بەرچاوی هاووڵاتیان  لە هەڵبژاردنەکاندا ئاماژەیە بە خۆشحاڵی و متمانەیان بە دەستەڵات، بە پێچەوانەشەوە ئاماژەیە بۆ بێزاری و بێ متمانەییان بە دەستەڵات و بێ هیوا بوونیان لە پرۆسەی هەڵبژاردنی دووبارەوە بوو.
لەسەردەمی رژێمی دیکتاتۆریشدا لە عیراقدا هەڵبژاردن هەر دەکرا و بە زۆر و بە ساختەیی دەوترا لەسەدا 99% ی خەڵک بەشداریان کردووە و هەمان دەستەڵات و حکومەت دووبارە بێ ڕکابەر هەڵدەبژێرایەوە، بەڵام لە راستیدا خەڵک بە ناچاری و لە ترسان دەنگیان دەدا.
لە کوردستان ئەوەندەی گرنگی بە هەڵبژاردن دەدرێت ئەوەندە گرنگی بە ناڕەزایەتیەکانی خەڵک نادرێت.
سەرەڕای قۆرخکاری جومگەکانی دەستەڵات و گەمارۆدانی بە ئەنقەستی سێکتەرەکانی ئابووری و گەشەپێدان و ئاوەدانی و خزمەتگوزاری لە هەندێک شار و شارۆچکە و ناوچەکانی دیکەی کوردستاندا، سەرەڕای بێ متمانەیی و خەمساردی حکومەت بەرامبەر بە ناڕەزاییەتییەکانی هاووڵاتییان، دەبینین هیچ چارەسەرێکی گونجاو ناگیرێتەبەر.
سیاسەتی نێردەی تایبەتی نەتەوەیەکگرتووەکان لە عیراق ناروونە، چونکە هەندێک جار رەخنە گرە و  بە جۆرەها شێواز پێمان دەڵێت قەوارەکەتان لە مەترسیدایە، زۆر جاریش لەگەڵ داوای خەڵک و خۆپیشاندەراندایە، هەندێک جاریش لەگەڵ کاربەدەستانی هەرێمدا هاوڕایە و دەوری کارا دەگێڕێت لە دانانی وادەی هەڵبژاردندا، دەڵێت بە هەر شێوازێک بێت دەبێت بکرێت.
دەبێت دەستەڵات پێش ئەوەی وادەی هەڵبژاردن دیاری بکات نەهێڵێت کشانەوە لە حکومەت رووبدات، دەبێت رێز لە بڕیاری یەکتر بگیرێت، پێویستە داوای رەوای هاووڵاتیان هەمیشە پێش وادەی هەڵبژاردن باسی لێوەبکرێت، پێش ئەوەی لێکترازان و ئاڵۆزی لە پەیوەندییەکاندا دروستببێت، پێویستە دەسەڵات لێکنزیکبوونەوە و گفتوگۆ بکات بە ئەولەویەتی کاری خۆی، چونکە ناکرێت لە شوێنێک بڕیاری لادان بدرێت و لە شوێنێکی دیکە رەتبکرێتەوە.
باسکردن و تاوتوێکردنی بڕیاری هەڵبژاردنی تەندروست، زەمینەسازی دەوێت، لێکتێگەشتن و گفتوگۆ و رازامەندی هەمەلایەنەی دەوێت بە تایبەت دەبێت بە تەوافقی جەمسەرەکانی دەستەڵات و بە بێ بڕیاری تاکڕەوانە بکرێت، پێش هەر هەڵبژاردنێک دەبێت شێوازی هەڵبژاردن و یەکلاکردنەوەی بابەتی فرەبازنەیی و بەشداری کەمینەکان یەکلا بکرێتەوە و بێ ساختەکاری بێت، رەزامەندی سەرجەم لایەنەکانی بەشداربووی کایەی سیاسی لە هەرێمدا وەربگیرێت، گوێ لە داواکاری رەوای هاووڵاتیان بگیرێت، بابەتی کەمیی سووتەمەنی و نەبوونی خزمەتگوزاری و دواکەوتنی مووچەی فەرمانبەران و نەهاتنی مووچەی پیر و پەککەوتە و خاوەن پێداویستی تایبەت و خانەنشینان و دەرماڵەی خوێندکاران مسۆگەر بکرێت، ئاوەدانی و خزمەتکردنی شارەکان ببوژێننەوە ئینجا نێردەی تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان بانگهێشت بکرێت، بەکۆی دەنگی لایەنە سیاسیەکان بەشداربووی کۆبوونەوەکان، کۆتا وادەی هەڵبژاردنی پەسەندکراو 
دیاری بکرێت.

وتارەکانی نوسەر