کێشەی مووچە و ناڕەزایی مامۆستایان

10:18 - 2024-03-28
هەستیار مارف ئاغا
201 خوێندراوەتەوە

هەستیار مارف ئاغا

مامۆستایان ئەوانەی ئێمەیان پێگەیاند و نەوەی ئایندەمان پێدەگەیەنن، لەلای یەکێتی هەمیشە شایەنی رێز و پێزانین، لە هەر حزب و لایەنێکی دیکە زیاتر، یەکێتی بە هانایانەوە دەچێت و گوێ لە داواکارییەکانیان دەگرێت، چونکە مام جەلال  فێری کردوون رێز لە مامۆستا بگیرێت، هەروەک خۆی چۆن گەورەترین وافاداربوو بۆ مامۆستاکانی سەردەمی خۆی.
حکومەتی هەرێم دەبێت باش بزانێت ئەگەر گوێ لە داوای رەوای مامۆستایان نەگرێت، ئەوانیش لە ناچاریدا روو دەکەنە بەغدا و داوای رەوای خۆیان دەگەیەنن بە حکومەتی عیراق.
باوک و دایک ئەگەر رۆڵەکانی خۆیان پشتگوێ بخەن و گوێیان لێنەگرن، ئەوانیش بە ناچاری دەچن کەسێکی تر وەک باوک و دایک دەدۆزنەوە تا ببێت بە فریادڕەس و گوێ لە داواکارییەکانیان بگرێت.
وەک پشتیوانی بۆ داوای مامۆستایان سەماحەتی سەید عەمار حەکیم وتی: (با حکومەتی هەرێم مووچەی مامۆستایان بدات)، سەرەڕای دەستخۆشی، بەڵام زۆر نەنگییەکی گەورەیە بۆ کورد، کەسێکی تر کە کورد نییە ئامۆژگاریت بکات تا گوێ لە داوای مامۆستایانی خۆت بگریت.
ئاماژەکان دیارن کە  گروپی مامۆستایانی ناڕازی سەبریان گەیشتۆتە کۆتایی و ئەمجارە بە دەستی مامۆستایان زەنگێکی مەترسیدار لێدەدرێت بۆ کاربەدەستانی هەرێم، تا هۆشیاربن و بە خەبەربێن و بە خۆیاندا بچنەوە.
گوێگرتن لە میللەتی خۆت، تەنانەت ترسان لە هەڕەشەکانی، شوورەیی نییە و سەرزەنشتکردن و بوختان و تووڕەبوونی ناوێت.
لە نەوەدەکانی سەدەی رابردوودا مووچە نەبوو، مامۆستایان و فەرمانبەران و پزیشک و سەرجەم کارمەندانی تەندروستی بەبێ مووچە دەوامیان دەکرد، چونکە دەیانزانی مووچە نییە و چارە نییە، کەسیان تاوانبار نەدەکرد بە دڵسۆزی هەر بەردەوام بوون لە خزمەتکردن و تەنانەت مامۆستایان پەیامی «سەری بەرز بۆ مووچە نەوی ناکەین»یان ئەفراند.
ئێستا دەبێت هەموان ئەو هەڵوێستە جوامێرانەیەیان لەیاد نەکەن و شەو رۆژ بخرێتە سەریەک تا زامنی مووچەی مووچەخۆران بکرێت.
یەکێک لەو خاڵانەی ئەمڕۆ روونبۆتەوە ئەوەیە، کاتێک مامۆستایان هانا دەبەن بۆ بەغدا بۆ چارەسەری کێشەی مووچە، هیچ بە دووری نەزانین بەغدا ئەم هەلە نەقۆزێتەوە و لە رێگەی دادگای فیدراڵییەوە بڕیاری قورستر بەسەر هەرێمدا  بسەپێنێت و بارە لارە داراییەکەی قورستر بکات، چونکە دڵنیابن لە هەموو جیهاندا ناڕەزایی هاووڵاتی و نادادی کۆمەڵایەتی، پێشێلکردنی مافەکان، کاریگەریی دوورمەودای خۆی هەیە و دەبێتە گوشار لە کۆمەڵگەدا و سەرەنجام دەبێت بە کردار و رێگە و شوێنی توندتر دەگیرێتەبەر، ئەوکات بەهانە نامێنێت و لە پاڵ یەک راستیدا چەندین مەرامی تریش دەپێکرێت.
بەردەوامیی بەڕێوەچوونی خۆپیشاندانەکان بەبێ گرژی و بە ئارامی لەم دەڤەرەدا، شایەتی ئەو راستییەن کە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، هەمیشە بێ دوودڵی پشتیوانی داوا رەواکانی مۆستایان بووە و داکۆکیکاری سەرسەختی مافی  فەرمانبەرانە.
یەکێتی لەسەر داوای رەوا و مووچەی مامۆستا و فەرمەنبەران، بووە بە چاودێرێکی زیتەڵە بەسەر دەسەڵاتی خاوەن بڕیاری یەکەمەوە و ناهێڵیت پلانی چڵێس و بەرچاوتەنگەکان دژبە مووچە بە هیچ شێوەیەک سەربگرێت.
لە دوایین وتەیدا هەڤاڵ قوباد تاڵەبانی سەبارەت بە دۆخی مامۆستایان و دواکەوتنی مووچە، ئەوەی دووپاتکردەوە کە نابێت ئەم قەیرانانە بەردەوامبن و بچنە قۆناغی دژوارەوە، بۆیە دەبێت بە زووترین کات چارەسەریان بۆ بدۆزرێتەوە.

وتارەکانی نوسەر