لە چاوەروانی تەواوکردنی شەقامی 100 مەتری سلێمانیدا

10:41 - 2024-07-22
هەستیار مارف ئاغا
412 خوێندراوەتەوە

هەستیار مارف ئاغا

 

تەواوکردنی شەقامی 100 مەتری لە زووترین کاتدا گرنگە، لەبەرئەوەی شەقامێکی ستراتیژییە و رێڕەوی دەرچوون و دەربازبوون لە قەرەباڵغی ناوشار زیاتر دەکات

 

بە خزمەتگوزاریی وڵات ئاوەدان دەکرێتەوە، بەم شێوەیە شاری سلێمانی و دەوروبەری لە ئاستەنگەکانی هاتوچۆ رزگار دەکرێت.
تیمی حکومی یەکێتی بە سەرپەرشتی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەت دەستی ئاوەدانی و چاکسازی خستۆتە سەر رێگەکانی ناوشاری سلێمانی و بە دروستکردنی چەندین ئەندەرپاس و یەکتربڕ، شا رێگەی سەرەکی شەقامی مەلیک مەحمود مۆدێرن دەکەن.
شاری سلێمانی شایستەی هەموو خزمەتێکە، چونکە لە ئاستی عیراق و هەرێمی کوردستاندا ناوبانگی تایبەتی خۆی هەیە و تایبەتمەندی شاری تێدایە و خەڵکەکەی هۆشیار و رۆشنبیرن.
شەقامی مەلیک مەحمود وەک هێڵی رێڕەوی سەرەکی و کەمەرەیی چواردەوری سلێمانی، چەندین ساڵە خزمەت بە رێگەوبان و هاتۆچۆ دەکات و لە کۆتایی ساڵی حەفتاکانەوە دروستکراوە، ئەم شەقامە سەرجەم گەڕەک و بەشەکانی شاری سلێمانی بە یەکتر دەبەستێتەوە.
جگە لە خزمەتکردنی شەقامی مەلیک مەحمود، زۆر گرنگ و پێویستە کاری بەردەوام زیاتر بکەن بۆ تەواوکردنی شەقامی 100 مەتری لە زووترین کاتدا، چونکە ئەم شەقامە ستراتیژییە و رێڕەوی دەرچوون و دەربازبوون لە قەرەباڵغی ناوشار زیاتر دەکات و دڵی هاووڵاتیان خۆشتردەکات.
وڵات بە خزمەتەوە جوانە و کاتی قسەکردن نییە، کاتی ئیش و جێبەجێکردنە، ئەوەتا شاری سلێمانی خاوەن دیمەنی سروشتی جوان و ئاو و هەوای فێنکە، خەڵکەکەی رۆشنبیر، وریا، بە کەڵک، داهێنەر و خزمەتگوزارن، سلێمانی شاری هونەر و تەلارسازی و شاری دەنگی ئازاد و بیروڕای جیاواز و شاری پێکەوەهەڵکردن و پێکەوەژیانە.
بەردەوامیی خزمەتەکان، سیمای شار جوانتر دەکات و هەلی کار و سێکتەری گەشتیاریی و سەردانکردنی گەشتیاران بەهێزتر دەکات.
ئیتر کاتی ئەوەیە ئەو کۆمپانیا و خاوەن پرۆژە و کارگانەی لە سلێمانی و سنوورەکەیدان، لە سەرجەم سێکتەرەکاندا وەبەرهێنان و کار دەکەن، شانبەشانی شارەوانی سلێمانی بێنە پێشەوە،  قۆڵی هاوکاری و بەرپرسیارێتی لێ هەڵبماڵن و خزمەتی زیاتری شارەکە بکەن، بۆئەوەی بە هەوڵی هەموان ناوبانگی شار بپارێزرێت و شارەوانییەکەی بەهێزتر بکرێت و دڵی دانیشتوان ئاشت بکرێتەوە. 


وتارەکانی نوسەر