پێگەی یەکێتی و هیوای سەرکەوتن

09:44 - 2024-09-22
هەستیار مارف ئاغا
269 خوێندراوەتەوە

یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، هەر لە سەرەتای دروستبوونییەوە تا ئەمڕۆ خاوەن پێگە و قورسایی تایبەتی خۆیەتی.
لە کاتی پێویستیدا دروستبووە و خەبات و شۆڕشی کردووە و قوربانی داوە، هەوراز و هەڵدێر و مەترسی 
زۆری تووشبووە،  چەندین سەرکردەی لاوی لە سێدارە دراون، بەڵام  نەبەزیوە و  بەسەر کۆسپەکاندا زاڵبووە، تا کۆتایی بە شەوەزەنگی تاریکی رژێمی دیکتاتۆری هێناوە.
لە چەندین قۆناغدا دژی شەڕ و کوشتار و خوێنڕشتن وەستاوەتەوە و هەوڵی ئاشتی داوە و رێگەی دانوستانی بە چارەسەر زانیوە، لە ناوخۆدا هەوڵی پاراستنی یەکڕیزی و سازان و کۆدەنگی داوە، چەندین سەردانی بەرپرس و کەسی یەکەمی لایەنەکانی کردووە بۆ گفتوگۆ، لەسەر پرسە نەتەوایەتییەکان بانگهێشتی گشتیی کردووە. 
ی.ن.ک یەکەم حزب بووە دەستی درێژکردووە بۆ برایەتی و رێککەوتن و پێکەوە حکومڕانیکردن، یەکەم لایەن بووە  تا ئێستا قۆرخکاریی نەکردووە و تاکلایەنانە هەنگاوێکی نەناوە.
بڕوای تەواوی بە دیموکراسی هەیە و لە ئاستی کوردستاندا زۆرترین حزب و لیست لە ژێرسایەی دەسەڵاتی یەکێتیدا هەن و مافەکانی خۆیان دەستەبەردەکەن، بۆ سیاسەتکردن و بەشداری هەڵبژاردن و دروستکردنی لیست و قەوارە و دەربڕینی رای ئازاد و رەخنە و بانگەشە و ئۆرگانسازی و ململانێ، ئازادانە کاردەکەن.

 

یەکێتی دەیەوێت چیتر باجی هەڵەی هیچ کەس و لایەنێکی تر نەدات و واز لەسەردەمی چاوپۆشی بهێنێت، چونکە هێز و پێگە و قورسایی خۆی هەیە

 

سەرکردەکانی یەکێتی خەمیان خەمی رەوای میللەتەکەیان بووە و مافی کورد بە چاکی لەسەردەمی سەرۆک مام جەلال و هەڤاڵەکانیدا لە دەستووری عیراقی فیدراڵدا چەسپێنراوە و لە ئاستی ئیقلیمی و نێودەوڵەتیدا ناسێنراوە. 
یەکێتی باوەڕی بە ئەم زۆن و ئەو زۆن نییە و داواکردنی مافەکانی خۆی لە عیراق بە عیراقچێتی نازانێت، باوەڕی وایە داواکردنی مافەکانی هەرێم، واتە یەکلاکردنەوەی بابەتی هاوبەشی راستەقینە و راستکردنەوەی حکومڕانی و بەرپەرچدانەوەی قۆرخکاری و زوڵم و ستەم. 
پێکەوەژیان و پێکەوە کارکردن ستراتیژی یەکێتییە، لەژێر کاریگەریی ئەجێندای هیچ حزب و وڵاتێکدا خەبات ناکات و لە هەموو بارودۆخێکدا داکۆکیکارێکی سەرسەختی مافە رەواکانی میللەتەکەیەتی.
وەک یەک حزب و یەک سەرکردایەتی و یەک سەرۆک، لە سۆنگەی دڵسۆزییەکەیەوە بۆ نیشتمان، دژی قۆرخکاری دەوەستێتەوە و بڕوای بە گۆڕینی رێڕەو و شێوازی حکومڕانییە و ئەم پرسەی کردووە بە پرەنسیپ و بەجۆرێک هەنگاودەنێت تا گشتگیر بێت.
یەکێتی دەیەوێت چیتر باجی هەڵەی هیچ کەس و لایەنێکی تر نەدات و واز لەسەردەمی چاوپۆشی بهێنێت، چونکە هێز و پێگە و قورسایی خۆی هەیە.
یەکێتی شارەزای بواری حکومڕانی و سیاسەتکردنە و چیتر قبووڵی ناکات کەس لە جیاتی ئەو هەنگاو بنێت و بڕیاری سیاسی و سەربازی و حکومڕانی و ئابووریی گرنگ و چارەنووسسازی هەرێم، بێ یەکێتی جێبەجێ نابێت.

وتارەکانی نوسەر