کۆمێنت

10:55 - 2022-08-18
شیرین. ک
463 خوێندراوەتەوە

(19)

سەدەیەك دوای پیاتریس

ساڵی 1999 كە لێپرسراوی پاشكۆی ئەدەب و هونەری كوردستانی نوێ بووم، شوان ئەحمەد بابەتێكی بۆهێنام كە لە عەرەبییەوە وەریگێڕابوو، دیدارێكی نووسەری لوبنانی ئەمین مەعلووف بوو، كە بەفەرەنسی دەنووسێ و تا ئەو كاتە خاوەنی كۆمەڵێك رۆمان بوو،  خەڵاتی ئەدەبی گۆنكۆری فەرەنسی پێبەخشرابوو، دیدارەكە زۆر سەرنجی راكێشام و بڕیارمدا كتێبەكانی بخوێنمەوە، ئەو ساڵانە دەستكەوتنی كتێبی تازە زەحمەت بوو، بەڵام لە رێی كتێبخانەی حزبی شیوعییەوە، هەردوو رۆمانی (سەمەرقەند، لیۆنی ئەفەریقی)م دەستكەوت وخوێندمەوە، تا ئێستا پازدە كتێبیم خوێندۆتەوە كە جگەلە رۆمان شانۆنامە وچەندین كتێبی فیكریشی هەیە، كتێبە فیكرییەكانی باسی قەیرانی شوناس و كێشەكانی یەكتریی قبووڵكردن و پێكەوەژیان دەكەن، زۆربەی رۆمانەكانی مێژوویین، تەنیا رۆمانی (سەدەیەك دوای پیاتریس) نەبێت كە ساڵی 1992 نووسیوێتی باسی ئایندەیەكی نزیكی مرۆڤایەتی دەكات، جۆرێكە لە رۆمانی خەیاڵی زانستی، لەبارەی رۆمانەكەوە نووسیومە: (ئەم رۆمانە كۆتاییەكی سەرسوڕهێنەرە بۆ ئەم سەدەیەی واخەریكە ئاوا دەبێت، رۆمانێكە باسی دابەشبوونی دنیا دەكات بەسەر دوو بەرەدا باكوورێكی دەوڵەمەند و باشوورێكی داڕماوی هەژار و كۆچی گەنجان لەو باشوورەوە بەرەو باكووری خەونەكان، باسی دۆزینەوەی حەبێك دەكات كە بەهۆیەوە ئیتر ژنان هەر كوڕیان دەبێت، بەمەش رەگەزی مێینە بەرەو لەناوچوون دەچێت بەتایبەتی لەباشووری دواكەوتوو، بەڵام كارەكتەری سەرەكی رۆمانەكە كە زانایەكە دەیەوێ مرۆڤ بەهەردوو رەگەزەوە لەگەڵ خۆیاندا ئاشت بكاتەوە، وایانلێبكات پێكەوە هەڵبكەن و بژین بەوەی هەموو ئەو دابونەریتانە رەتبكەنەوە كەوا لە مرۆڤ دەكات رەگەزەكەی بەرامبەری بەكاربەرێت و لەناوی ببات، رۆمانەكە پێشبینییە بۆ خراپ بەكارهێنانی زانست كاتێك دەبێتە هۆی تێكدانی هاوسەنگیی ژیان و ژینگە، نووسەر رای وایە ژن بەگشتی هێمایەكە بۆ پیت و نەشونما و پیاو بەگشتی هێمایەكە بۆ هێز و جەنگ، دەپرسێت ئاخۆ رق و كینە بونیادی سەرەكی رەگەزی مرۆڤە؟!).

وتارەکانی نوسەر