کۆمێنت

بودای شارەدێ

09:25 - 2024-05-02
شیرین. ک
195 خوێندراوەتەوە

شیرین. ک

(98)

ساڵی 2008 رۆمانی (بودای شارەدێ)ی حەنیف قورەشی نووسەری بەریتانی-پاكستانی-م خوێندەوە، باسی نەوەی دووەمی كۆچبەران و جیهانە دژوار و پڕ كێشەكەیان دەكات لە بەریتانیا، ئەو نەوەیەی لە تاراوگە لەدایكبووە، هەستی ئینتیمای هەیە بۆ وڵاتەكە بەڵام وەكو كەریم-ی پاڵەوانی رۆمانەكە دەڵێت: (ئێمە بەلای ئەوانەوە هەر دەمەی شتێك بووین، فەرەنسی، ئەمریكی رەش پێست، هیندی، پاكستانی..لەكاتێكدا دەبوو ئێمە ئینگلیز بین!!.)
كۆمێنت: (مەسەلەی ئینتیما بەوە نییە كەسێك لەشوێنێك لەدایك بێت یان رەگەزنامەی وڵاتێكی هەبێت، بەڵكو زۆر لەوە قوڵتر و دژوار ترە و رەنگە بەچەندین نەوەی یەك لەدوای یەك ئینجا ئەو ئینتیمایە دروست بێت).
رۆمانەكە وێنای ژیانی سەختی كۆچبەرانی پەراوێزخراو دەكات لە دەوروبەری لەندەن، بەزەقی رووی رەگەزپەرستانەی كۆمەڵگەی بەریتانی هەڵدەماڵی لە ساڵانی هەشتاكاندا كە لەسەر بنەمای رەتكردنەوەی بەرامبەر بنیاتنراوە، بۆیە ئەم رۆمانە لە مەنهەجی ناوەندی بەریتانیا دەخوێنرێت.
رۆمانی دووەمی دیارییەكەی گابرێل، ساڵی 2009 خوێندمەوە، كوڕێكی پازدە ساڵان رووداوەكانی رۆمانەكە دەگێڕێتەوە، باسی جیابوونەوەی دایك و باوكی دەكات  بە هۆی خراپی باری ئابووریان،  كاریگەریی نێگەتیڤی ئەو جیابوونەوەیە لەسەر ژیانی خێزانەكە، كوڕەكە هەرچەندە باوكی خۆشدەوێت، بەڵام ئەو بە هۆكاری سەرەكی كێشەكە دادەنێت، چونكە ناتوانێت لە ئیشێكدا بەردەوام بێت، لێرەدا نووسەر ئاماژە بەو كەسانە دەكات كە ناتوانن رابردوو تێپەڕێنن، هەمێشە بە خەیاڵی رابردوویەكەوە دەژین كە تیایدا سەركەوتوو بوون. كۆمێنت: (جوانترین خاڵی رۆمانەكە مەنەلۆگەكانی گابرێلە لەبارەی دایكییەوە، چۆن بە خۆشەویستییەوە وەسفی دەكات، دواتر بە خەم و پەژارەوە باسی تێكشكان و لاوازیی دایكی دەكات كاتێك بەتەنیا دەمێنێتەوە، گابرێلیش نازانێت چۆن دڵیبداتەوە...)     
حەنیف قورەشی باوكی پاكستانی و دایكی بەریتانییە، ساڵی 1954 لەلەندەن لەدایكبووە، سەرەتا بەنووسینی شانۆنامە و سیناریۆی فیلم دەستیپێكردووە و لەو بوارەدا چەندین خەڵاتی پێبەخشراوە، دواتر رۆمانی نوسیووە، یەكەم رۆمانی بودای شارەدێ خەڵاتی باشترین یەكەم رۆمانی پێبەخشراوە،
كێشەكانی كۆچبەران بەگشتی و كێشەی شوناس بەتایبەتی بابەتی سەرەكی رۆمانەكانی قورەشییە.

وتارەکانی نوسەر