کۆمێنت

بیست و یەك وانە

09:42 - 2024-05-09
شیرین. ک
320 خوێندراوەتەوە

شیرین. ک

(99)

خوێندنەوەی 2023-م بەكتێبێكی سەیر كۆتایی پێهێنا (21 وانە بۆ سەدەی بیستویەك)ی نووسەرێك كە یەكەمجارمە ناوی ببیستم، یۆفال نوح هراری لەدایكبووی 1976 مێژوونووس و ئەكادیمیستێكی ئیسرائیلییە، عەلی بەدر ئەم كتێبە و دوو كتێبی تریشی لە فەرەنسییەوە وەرگێڕاوە بۆ عەرەبی، (سەیپێنز-مرۆڤی عاقڵ) و (دیۆس-مرۆڤی خوداوەند) هەردووكیان باسی پلەكانی بەرەو پێشەوە چوونی مرۆڤایەتی دەكەن بەدرێژایی مێژوو.
لەكتێبی یەكەمیدا، باسی رابردووی مرۆڤایەتی دەكات، چۆن لەمیانەی سەد هەزار ساڵدا لەبوونەوەرێكەوە كە كاریگەریی بۆ هەسارەی زەوی لە كاریگەریی هەر ئاژەڵێكی تر زیاتر نەبووە، بووە بەخاوەنی ئەو هەسارەیە، لەكتێبی دووەمیشیدا باسی ئەوە دەكات چۆن مرۆڤ بەزیرەكی و دانایی خۆی توانیوێتی تا رادەیەكی زۆر دەسەڵات بەسەر دەرەوەی خودی خۆیدا بگرێت، جڵەوی نەخۆشی و ئافات و جەنگ بگرێت، بەڵام ببێت بە كۆیلەی بیرۆكراتیەت و ئیستیهلاك و هەڵپەكردن بۆ بەختەوەری. بەڵام لەم كتێبەیدا (21 وانە...) باسی ئێستا دەكات، باسی ئەو شتانە دەكات كە رووبەروومان دەبنەوە و هەڕەشەمان لێدەكەن، چونكە مرۆڤایەتی لەهەموو روویەكەوە لە قەیراندایە: سیاسی، ئابووری، كۆمەڵایەتی، ژینگەیی وهتد... كتێبەكە باسی 21 كێشەمان بۆ دەكات كە تەنگی بەئێستای مرۆڤایەتی هەڵچنیووە، یەكێك لەو كێشانەی بەوردی باسی دەكات مەسەلەی زیرەكی دەستكردە (دەركەوتنی زیرەكی دەستكرد رەنگە ببێتە هۆی نەهێشتنی بەهای ئابووری و سیاسی مرۆڤ، رەنگە نایەكسانی ئابووری ببێتە هۆی نایەكسانی بایۆلۆژی... واتە دەركەوتنی سوپەر مرۆڤ..ل103).
كۆمێنت: (نووسەر لەوە ئاگادارمان دەكاتەوە چەند دەیەیەكی تر زیرەكی دەستكرد و ئەلگۆریزم دەسەڵات بەسەر عەقڵ و خودی مرۆڤدا دەگرێت، بەڵام بەو شێوەیە نا كە لە فیلمی خەیاڵی زانستیدا دەیبینین، بەڵكو وامان لێدێت ئەوانە باشتر لە خۆمان دەمانناسن، دەزانن چیمان دەوێت، ئەلگۆریزم بڕیار لەسەر ئەوە دەدات ئێمە كێین و چیمان پێویستە!.)
كتێبەكانی هراری، پڕفرۆشترینن، بۆ چل زمانی دنیا تەرجەمە كراون، كەسانی بەناوبانگی وەكو ئۆباما، مارك زۆكەربیرگ، ئۆپرا وینفری، بیل گیتس لە خوێنەرانی كتێبەكانین.

وتارەکانی نوسەر