یاداشته‌كانی شۆفێرێك

09:52 - 2022-09-07
وتار
355 خوێندراوەتەوە

دیاری حه‌مه‌ سه‌عید

مانەوەی ئۆتۆمبیل بەخاوێنی
بەشێكی زۆر لە شۆفێران زۆر بێباكن بەرامبەر پاك و خاوێنی ئۆتۆمبیلەكانیان. وەك پێویست رەچاوی خاوێنی ناكەن و لە كاتی پاكردنەوە و شتنی ئۆتۆمبیلیشدا زۆر بە ناشارەزایی كارەكە دەكەن و زیان بەهەندێك بەش و بۆیاخ و بۆدیی ئۆتۆمبیلەكە دەگەیەنن.
لەم سەردەمەدا ژمارەی ئەو كەسانەی خۆیان ئۆتۆمبیلەكەیان پاك دەكەنەوە و بەپێی بەرنامەیەك دەیشۆن، زیاترە لەوانەی بەشێوەیەكی بەردەوام دەیبەنە سەنتەرەكانی غەسل و پاكردنەوەی ئۆتۆمبیل، ئەگەرچی ئێستا ئامێری پاكردنەوەی ئۆتۆماتیكی زۆر بووە و نرخیش هەرزان و گونجاوترە و ژمارەی سەنتەرەكانیش زیاتر بووە و خێرایی و خزمەتگوزارییەكانیشان زیاتر بووە.
شارەزایان و پسپۆڕانی ئۆتۆمبیل پێیان وایە پاكڕاگرتنی ئۆتۆمبیل، جا بەشەكانی دەرەوە بێت یان ناوەوە، یاخود مەكینە و بەشە داپۆشراوەكان، رۆڵی گرنگ و یەكلاكەرەوەی هەیە لە باشی و سەلامەتی و زیادبوونی تەمەنی گریمانەیی بەشەكان و ئۆتۆمبیلەكان بەشێوەیەكی گشتی. پێویستیشە لە كاتی پاكردنەوە و شۆردنی ئۆتۆمبیلدا رەچاوی هەندێك خاڵ بكرێت نەك بەشێوەیەكی هەڕەمەكی دەستبكرێت بەپاكردنەوە یان شۆردنی ئۆتۆمبیل.
یەكێك لە رێنماییەكان ئەوەیە كە پێویستە بەشێوەیەكی بەردەوام و زوو زوو ئۆتۆمبیل، بەتایبەتی رووكاری دەرەوەی پاك بكرێتەوە. ئەم مەسەلەیە زیادەڕەوی نییە، چونكە مانەوەی هەندێك پاشەڕۆی باڵندە و چەوری و تەپ و تۆز بۆ ماوەیەكی زۆر زیان بە بۆیاخ و ئۆتۆمبیلەكە بەگشتی دەگەیەنێت. شارەزایان رێنمایی دەدەن پێویستە ئۆتۆمبیلەكان هەفتەی جارێك پاك بكرێنەوە و بەئاو بشۆردرێت.
رێنماییەكی دیكە بۆ پاكردنەوە و شۆردنی ئۆتۆمبیل ئەوەیە كە لە كاتی بەرزیی پلەی گەرما و بەكارهێنانی ئۆتۆمبیل بۆ ماوەی چەند سەعاتێك، ئۆتۆمبیل نەشۆردرێت. پێویستە لە شوێنێكی سێبەر و فێنك ئۆتۆمبیل بشۆردرێت، دوای شۆردنیشی بەپەڕۆ و پێداویستی تایبەتی وشك بكرێتەوە نەك بەهەتاو و هەوا وشك بێتەوە! پێویستیشە بۆ شۆردن پاكەرەوەی تایبەت بەئۆتۆمبیل بەكاربهێنرێت، هەر لە ئیسفنج و پەڕۆ و بابەتی پاكەرەوە تا بابەتی وەك شامپۆی تایبەت بە ئۆتۆمبیل كە زیان بەبۆیاخ و پارچە پلاستیكی و كانزاییەكان ناگەیەنێت. 
باشتر وایە كەلوپەل و پێداویستی شۆردن و پاكردنەوەی ئۆتۆمبیل لە شوێنی تایبەتی هەڵبگیرێت و جگە لە شۆردن و پاكردنەوە، بۆ هیچ كار و مەبەستێكی تر بەكارنەهێنرێت. وریاش بە گرنگە ئیسفەنج یان پەڕۆی پاكردنەوە بەشێوەیەكی بازنەیی لەسەر روو و بۆیاخی ئۆتۆمبیلەكە بەكارمەهێنە، هەوڵ بدە بەردەوام لەسەر باری درێژی یان پانی و بەشێوەیەكی یەك ئاراستە ئیسفەنج و پەڕۆی پاكردنەوە بەكاربهێنیت!
یەكێكی تر لە رێنماییەكانی شارەزایان و پسپۆڕانی ئۆتۆمبیل ئەوەیە كە شۆفێران و خاوەنی ئۆتۆمبیلەكان ناو بە ناو ئۆتۆمبیلەكانیان پۆلیش بكەن. باشتر وایە ساڵانە یەك جار پۆڵیش بكرێت لە لایەن كەسی شارەزا یان لە ژێر چاودێری و سەرپەرشتی كەسی شارەزا و بە بەكارهێنانی بابەت و كەرەستە و پێداویستی باش. پۆڵیش دەتوانێت رێگە بگرێت لە كەڵەكەبوونی پیسی و كلس و هێشتنەوەی ئۆتۆمبیل و بۆیاخەكەی بەشێوەیەكی باش و جوان و رێگرتن لە متبوونی بۆیاخ و رەنگی ئۆتۆمبیل.

وتارەکانی نوسەر