ئەرکی ئەم قۆناغەی رێکخراوە قازانج نەویستەکان

10:08 - 2024-03-25
وتار
111 خوێندراوەتەوە

ئارێز حسێن

هێشتا دیار نییە لە هەرێمی کوردستاندا رێکخراو و کۆمەڵەکان لەسەر چ بنەمایەک دروست دەکرێن و مۆڵەتی کارکردنی رەسمی وەردەگرن.
نەک هەر ئەوە بەڵکو زۆر بوار هەیە کە پێویستی بە رێکخراوە، بەڵام هیچ کەس و لایەنێک بیری لێناکاتەوە، بەڵام زۆر بوار و کایەی دیکە هەن لە جیاتی رێکخراوێک یان کۆمەڵەیەک، چەندانی بۆ دروستکراوە و هەمووشیان لە پەیڕە و پڕۆگرام و میکانیزمی کارکردندا لە یەکتری دەچن.
بەشێک لەو رێکخراوانە وەک سێبەری رێکخراوی چین و توێژە کۆمەڵایەتییەکان کار بۆ حزبەکان دەکەن و هەر لە ناو و لۆگۆ و رەنگ و دەنگیانەوە سەنەوییەکەیان ئاشکرایە کە بەناوی کێوەیە و لە خزمەتی چ ئایدۆلۆژیایەکدا کار دەکەن، ئەوەش وەنەبێت جێگەی رەخنە بێت، بەڵام جێی خۆیەتی بۆ هەموو ئەو رێکخراوە چوونیەک و هاوشێوانە فیدراسیۆنێک هەبێت تا لە مەسەلە گشتییەکاندا کۆیان بکاتەوە لە خزمەتی ئەو توێژەدا کە خۆیان بانگەشەی نوێنەرایەتیکردنیان دەکەن.
لە دۆخێکی وەک ئێستادا زۆر گرنگە بەشێک لەو رێکخراوانەی لە پێناسەکردنی خۆیاندا بانگەشەی ئەوە دەکەن کە گوایە قازانج نەویستن، رۆڵ ببینن لە خزمەتی بێ بەرامبەردا، ئەوەش نەک بۆ روو سپیکردنەوەی حکومەت، بەڵکو بۆ خزمەتکردنی چین و توێژە جیاجیاکان.
بۆ نموونە ئێستا لە سنووری سلێمانی چەند فەرمانگەیەکی گرنگ و پەیوەست بە ژیانی خەڵکەوە بایکۆتی دەوامیان کردووە، لە نێویاندا بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی هاتوچۆ، لەناو ئەوانیشدا پۆلیسەکانی سەر فولکە و چوارڕێیانەکانی ناوشار. دیارە ئەو بایکۆتەی ئەوان بۆ حکومەتێک کە هەست بە بەرپرسیارێتی بکات زۆر مەترسیدارە، بەڵام بەداخەوە ئەوەی دەیبینین فەرمانگەیەکی وەک پۆلیسی هاتوچۆ کە رۆژانە بە ملیۆنان دینار داهات بۆ حکومەت کۆدەکەنەوە و بەبەرچاوی خۆیانەوە ئەو داهاتە باردەکرێت بۆ گەنجینەی وەزارەتی دارایی، چیتر بەرگەی ئەو ناهەقییە ناگرن و داوای مافی خۆیان دەکەن، بەتایبەتیش ئەو پۆلیسانەی لەسەر شەقامەکان ئاراستەکانی هاتوچۆ رێکدەخەن و لەبەر سەرما و گەرمای تاقەت پڕوکێندا لە خەمی گیانی شۆفێران و سەرنشیناندان، بەڵام پارەی رۆیشتنەوە بۆ ماڵەوەی پێ نەبێت، ئیدی کەس ناتوانێت نە لۆمەی بکات و نە گلەیی لێ بکات. بەڵام جێی خۆیەتی هەندێک لەو رێکخراوانەی بەخۆیان دەڵێن قازانج نەویست و مرۆیی تیمی تایبەتیان بۆ ئەمجۆرە دۆخە نەخوازراوانە هەبێت و خۆبەخشانە لەو شوێنانەی پێویستە کەسانێک دابنێن بۆ رێکخستنی هاتوچۆ نەک لەبەر خاتری حکومەت، بەڵکو بۆ خاتری گیانی هاووڵاتیانی مەدەنی کە بێگومان هەموو رێکخراوەکانی کۆمەڵی مەدەنی و قازان نەویست، دروشمی سەرەکییان مرۆڤدۆستی و خزمەتی مرۆییە.     

وتارەکانی نوسەر