وێنەی میللەتێكی جینۆسایدكراو

09:34 - 2024-03-20
وتار
96 خوێندراوەتەوە

عەزیز یاوەر

وەكو هاووڵاتییەكی كورد، هەر كاتێك ناوی هەڵەبجە ببیستم یان لەسەر لاپەڕەیەك یان تابلۆیەك ببینم جگە لە ئازارەكانی كیمیابارانەكەی و دەركەوتە دڵتەزێنەكانی ئەو پرسیارەم لا دروست دەبێت كە دەڵێت: ئایا راگەیاندنەكانی گەلەكەمان لە ئاستی ناساندنی كارەساتەكەیە بە جیهان یان نا؟ ئەگەر بە ئینسافەوە وەڵام بدەینەوە دەكرێت بڵێین لە بواری هونەرییەوە بەڵێ‌، لەو ئاستە نزیك بۆتەوە و هەوڵیشی داوە گەورەتری بكاتەوە بە ئومێدی ئەوەی لە قەبارەی كارەساتەكە نزیك ببێتەوە، بەڵام ئەگەر سەریش نەكەوتووە، هەڵبەتە ئەوەش بێ‌ هۆ نەبووە. 
كارەساتەكە ئەگەر وەكو جینۆساید لە سنووری كوردستان دەرنەچێت و نەگاتە میللەت و زۆربەی دەوڵەتەكانی جیهان، ئەوا بێگومان شێوەیەكە لە شێوەكانی شكست و كەمتەرخەمی. 
بەهەر حاڵ ئەوە لایەكی بابەتەكەیە، بەڵام لایەكی تریشی هەیە ئەگەر گەورەتر نەبێت كەمتر و بچووكتر نییە، بەڵكو جەوهەریشە و پەیوەندیی بە ناوخۆوە هەیە و چەند رەهەندێكیش لەخۆ دەگرێت و بە ئاسانیش لە نێو وشەكاندا دركی پێدەكرێت.
راگەیاندنی سەركەوتوو، هەندێك جار لە نێو سێگوشەیەكی زۆر بچووكیش بابەتێك یان وێنەیەك دەردەخات و كاریگەرییەكی زۆر گەورەش دەخوڵقێنێت و سەرنجیش رادەكێشی، بەڵام لێرەدا تۆ ئەگەر خاوەنی سەدان وێنە و تابلۆی دڵتەزێن بیت، چۆن بەكاریدەهێنیت و چۆن دەتوانیت سەرنجی ئەوانەی دێنە كوردستان رابكێشی بۆ ئەو مەبەستەی دەتەوێ‌ بەتایبەتی كەسایەتییە رەسمییەكانی وڵاتانی دەرەوە و هاووڵاتیانیانیش، چۆن دەیانخەیتە ژێر كاریگەریی دەروونی و پرسیارەوە؟ 
ئاخۆ چ وێنەیەك لە وێنەكەی عومەری خاوەر سەرنجڕاكێشتر و دڵتەزێنترە؟ خۆ دەشزانم سەدان وێنەی شەهید و بریندارانی كارەساتەكە هەن ئەوەندە دڵتەزێنن هەر ئەوە ماوە قسە بكەن، هاوار بكەن و بڵێن سەیری مەزڵومییەتی ئەم میللەتە بكەن، ئەی بۆ كەس نایەتە دەنگ؟
  ئەگەر وێنەكەی عومەری خاوەرم پێشنیاز كردووە بۆ جێگە و شوێنە رەسمییەكان، جیام نەكردۆتەوە لە وێنەكانی تر، چونكە تەنها وێنەیەك نییە، بەڵكو فرە رەهەندە و بەرەو ئاسۆیەك مرۆڤی  بە ویژدان دەبات و دەیان پرسیار دەربارەی مەزڵومییەتی میللەتێك دەكات، وێنەكە هێمای قوربانیدانە، پێشمەرگە ئاسا لەپێناوی میللەت و خاكەكەی، بە بۆچوونی خۆم زۆربەی كەسە بیانییەكان لە جێگایەك یان لە دەزگایەكی رەسمی، ئەو وێنەیە ببینن، سەرنجیان رادەكێشی و پرسیاریش لایان دروستدەكات، دەکرێت بپرسن ئەو وێنەیە چی دەگەیەنێت؟‌ ئەگەر وەڵامیش بدرێنەوە تێدەگەن جینۆسایدی كورد بەردەوامە، بەڵام ئەوانە لە وێنەی كەسایەتیدا دەرناكەوێت، هەرچەندە گەورە و تێكوشەر بن و جێگای شانازیی میللەتیش بن، تەنها رەنگدانەوەی مێژووی كەسێك دەكەن بەپێچەوانەی وێنەیەك وەكو عومەری خاوەر كە باس لە ئازار و مەینەتی و ژانی میللەتێك دەكات. 
بۆیە ئەگەر پێشنیازی ئەو وێنەیەم كردبێت تەنها و تەنها هەر بۆ ئەو مەبەستە بووە، بۆئەوەی جیهان بزانێت ئێستاش لە سەردەمی عەولەمە و تەكنۆلۆژیا و دیموكراسیی جیهانێكی بێ‌ وێنە! جینۆسایدی میللەتی كورد هەر بەردەوامە ئەگەر شێوازەكەشی گۆڕرابێت.     

وتارەکانی نوسەر