با چارەسەری قوربانییان بکەین

11:58 - 2022-09-22
رۆزا دڵشاد مەریوانی
662 خوێندراوەتەوە

بەردەوام لە رێی میدیا و سۆشیال میدیا و کۆڕ و کۆبوونەوەکانەوە، باس لە مەسەلەی توندوتیژی دژی ژنان و توندوتیژی خێزانیی دەکرێت، بێگومان ئەوە بۆ هۆشیارکردنەوەی کۆمەڵگە و قوربانییانی ئەو تاوانانە لەبارەی ئەو دیاردە قێزەونەی نێو کۆمەڵگەوە گرنگە، بەڵام هەمیشە زیاتر سەرنج دەخرێتە سەر خودی تاوانەکە و تاوانباران و بە تاوان ناساندنی لە نێو خەڵکیدا و خودی قوربانییەکان لە بیر دەکرێن یان گرنگییەکی کەمتریان پێدەدرێت، جا ئەو قوربانییە ژن بێت یان منداڵ یان کەسانی بەتەمەن و خاوەن پێداویستی تایبەت کە لەو توێژانەن زیاتر توندوتیژی خێزانیان بەرامبەر دەکرێت، کەمجار هەیە بپرسین ئەی دوای ئەوە چی؟ 
ئەو قوربانییەی لە توندوتیژی خێزانی رزگاری بووە چی بەسەردێت و هەستی چۆنە؟ ئایا تا رادەی پێویست پاڵپشتیی دەروونی دەستدەکەوێت، تاوەکو ببێتەوە کەسێکی ئاسایی و ژیانی سروشتی بەڕێبکات؟
لە جیهاندا جۆرە چارەسەرێکی دەروونی بۆ ئەو قوربانییانە و هەر کەسێک لە ژیانیدا تووشی رووداوێک بووبێت تووشی شۆکی کردبێت و تێیدا لە رووی دەروونی و جەستەییەوە زیانی پێگەیشتبێت دەکرێت و پێیدەوترێت « Heal from Disabling Trauma and PTSDواتا چارەسەری دوای شۆک « ئەم چارەسەرە لەلایەن کەسانی پسپۆری دەروونی و کۆمەڵایەتییەوە دەکرێت بۆ هەر کەسێک بە جۆرێک لە جۆرەکان بەو رووداوانەدا تێپەڕبووبێت و لە رووی دەروونییەوە تووشی شۆکی کردبێت.
 ئەمە بەپێی سەختیی حاڵەتەکە دیاریدەکرێت بە چەند دانیشتنی چارەسەری دەروونی دۆخی ئاسایی دەبێتەوە، تەنانەت نەک تەنیا قوربانییانی دەستی توندوتیژی خێزانی، هەندێکجار ئەو کەسانەی بە رووداوی دڵتەزێن یان نەخۆشی کەسی ئازیزیان لەدەستداوە پێویستیان بەو جۆرە چارەسەرییە هەیە، چونکە شاردنەوە و خەفاندنی خەم و ئازاری دەروونی، لە هەموو حاڵەتەکاندا ئەگەری زۆری هەیە ببنە هۆی خەمۆکی و گۆشەگیری و تێکچوونی باری دەروونی و رەنگە ئەگەر زۆر قورس بێت ئەو کەسە دوای ئەو شۆکەی تووشی بووە بیر لە خۆکوشتن بکاتەوە یان هەوڵی خۆکوشتن بدات.
بۆیە زۆر گرنگە، لەگەڵ باسکردنی خودی دیاردەکان کە یەکێک لەوانە توندوتیژی خێزانییە، قوربانییەکان ئەوانەی ماون پەراوێز نەخرێن و زیاتر گرنگییان پێبدرێت و نەشاردرێنەوە، بەڵکو دوای زانینی رووداوەکە گرنگە پرسیاری ئەوەیان لێبکرێت ئەی ئێستا چۆنیت؟ 
چیبکرێت تاوەکو بتوانین هەستت بەرامبەر خۆت و چواردەورەکەت باشتر بێت؟ چارەسەری دەروونی و کۆمەڵایەتی گونجاوی پێشکەش بکەین، چونکە ئەو دیاردە و کێشانە تەنیا بەوە چارەسەر نابن تاوانباران بخەینە زیندانەوە، بەڵکو دەبێت لەگەڵ ئەوەشدا ئەو کاریگەرییە خراپانەی ئەو تاوانبارانە بەجێیانهێشتووە، چاکیبکەینەوە دەنا ئەو نەوەیەی لەو قوربانیانەی بێ چارەسەر ماونەتەوە دروستدەبن ناتەندروست دەردەچن و داهاتوویەکی روون  چاوەڕێیان ناکات.

 

کاریگەریی شەڕ و توندوتیژی لەسەر منداڵان بۆ درێژخایەن دەمێنێت

وتارەکانی نوسەر