(51)
ئەو دەستکەوتانەی ژنان لە بواری مافەکانیاندا پێی دەگەن، بەداخەوە لە کاتی قەیران و جەنگدا لە دەستی دەدەن، چونکە وەک توێژێکی لاوازی کۆمەڵگە لێیان دەڕوانرێت، بۆیە دەبینین لە جەنگدا کە بەهۆیەوە قەیرانی ئابووری و کۆمەڵایەتی تەشەنە دەکەن، توندوتیژیی جەستەیی و سێکسی و لاقەکردنی ژنان زیاد دەکات، بە جۆرێک ژنان لە نێو ماڵەکانیاندا هەست بە سەلامەتی ناکەن.
هاوکات ئاوارەبوونی زۆرەملێی خەڵکی بەگشتی و ژنان بە تایبەتی کە ناچاریان دەکات لە چوارچێوەی سەلامەتی ماڵەکانیان دووربکەونەوە و بەرەو نادیار هەڵبێن، ئەمە بۆ دەروون و جەستەی ژنان لەچاو پیاواندا قورسترە و چەندین لێکەوتەی نێگەتیڤی هەیە، بەوپێیەی لە ئاوارەییدا ژنان لە کاتی نەخۆشکەوتن و ئازاری سووڕی مانگانەدا، نازانن چیبکەن، بەهۆی دەستنەکەوتنی کەرەستە و بابەتەکانی پاکوخاوێنڕاگرتنی جەستە، هەروەها قورسترە بۆ ئەو ژنانەی بە دووگیانیی لە ماڵەکانیان هەڵدێن و نازانن لە کوێ و چۆن ئەو منداڵەیان لە دایک دەبێت و ئایا سەلامەت دەبن؟ واتا چەندین ترس و دڵەڕاوکێ دێنە ئاراوە کە باری دەروونیی ژنان ئاڵۆز دەکات.
ژن وەک توێژێکی لاواز لە رووی جەستەییەوە لە قەیرانەکاندا دەچەوسێنرێتەوە، بەڵام لە دوای جەنگ ئەو تیمارەیە کە برینەکان ساڕێژ دەکات
ئەگەر لە رووی یاسای نیودەوڵەتییەوە لەم مەسەلەیە بڕوانین دەبینین یاسای مرۆیی نێودەوڵەتی پارێزگاریی لە ژنان دەکات، لە حاڵەتە نائاسایی و شەڕە چەکدارییەکاندا توندوتیژی سێکسی، رفاندن، بەشوودانی زۆرەملێ و پێشێلکارییەکانی دیکەی مافی ژنانی بە تاوان داناوە، بەڵام تا چەند ئەو یاسایانە لەسەر ئەرزی واقیع جێبەجێ دەکرێن و دەتوانن ژنان بپارێزن؟ لە کاتێکدا هاوکارییە مرۆییەکانی وەک خواردن و دەرمان زۆر بە زەحمەت دەگاتە لێقەوماوانی جەنگ، بۆیە دەبینین ژمارەی ئەو ژنانەی دەبنە قوربانیی جەنگ ئەگەر زیادی نەکردبێت کەمی نەکردووە، وەک لە راپۆرتێکدا ساڵی پار نەتەوە یەکگرتووەکان بڵاویانکردەوە، دەربارەی رێژەی قوربانیانی شەڕە چەکدارییەکان، بۆ ساڵی 2023 کە دوو هێندە لە چاو ساڵی 2022 دا زیادی کردووە و (40 ٪)ی کوژراوانی جەنگ ژنانن، لەکاتێکدا توندوتیژیی سێکسی پەیوەست بە ململانێکانەوە کە لەلایەن نەتەوە یەکگرتووەکانەوە پشتڕاستکراونەتەوە بە رێژەی (50 ٪) لە چاو ساڵانی پێشووتردا زیادی کردووە.
ئەو توێژەی لە پرۆسەکانی ئاشتی و بنیادنانەوەدا رۆڵی کارایان هەیە ژنانن، ئەوەش بۆ سروشتی ژن دەگەڕێتەوە کە هەست و رۆحی یارمەتیدان و ئاوەدانیی تێدایە. لەسەر ئاستی باڵاش بۆ گفتوگۆ و یەکخستنی لایەنە ناکۆکەکان و گەیشتن بە خاڵی لێکچوو بۆ رێکەوتن و کۆتاییهێنان بە جەنگ، دەکرێت ژنان رۆڵی کاریگەر بگێڕن، دواجار راستە ژن وەک توێژێکی لاواز لە رووی جەستەییەوە لە هەموو قەیرانەکاندا دەچەوسێنرێتەوە، بەڵام لە دوای جەنگ و کاولکارییەکان ئەو تیمارەیە کە برینەکان ساڕێژ دەکات و ئاوەدانی و ئاشتی دەگەڕێنێتەوە.