پەیوەندیی نێوان ئەرستۆ و ئەسکەندەری گەورە

10:36 - 2022-09-28
ئەردەڵان عەبدوڵڵا
480 خوێندراوەتەوە

لەوانەبێت زۆر لە خوێنەران کاتێک ئەم ناونیشانە دەبینن بەلایانەوە سەیر بێت، ئاخۆ چ شتێک  فەیلەسوفێکی مەزنی وەکو ئەرستۆ، بە سەرکردەیەکی ناوداری جیهانی وەکو ئەسکەندەری گەورە دەبەستێتەوە؟ جیهانی فیکر و فەلسەفە چ پەیوەندییەکی بە جیهانی سیاسەت و جەنگ و سەربازییەوە هەیە.؟ بەڵام کاتێک لاپەڕەکانی مێژووی فیکریی و سیاسیی یۆنانی کۆن هەڵدەدەینەوە، دەبینین پەیوەندییەکی بەهێز لە نێوان ئەم دوو پیاوە مەزنەدا هەبووە. پەیوەندییەکەش زیاتر پەیوەندیی مامۆستا و خوێندکار بووە، ئەرستۆ بۆ ماوەیەکی زۆر مامۆستای ئەسکەندەری مەزن بووە، زۆرێکیش لە مێژوونوسان مەزنی ئەسکەندەر بۆ مامۆستاکەی دەگەڕێننەوە.

مامۆستا و خوێندکار
ئەسکەندەری مەزن لە ساڵی 356 پ.ز لە مەکدۆنیا لەدایک بووەو لە ساڵی 323 پ.ز لە کۆشکەکەی نەبوخزنەسر لە بابل کۆچی دوایی کردووە.  گەرچی ئەرستۆ لە 384 پ.ز لە دایک بووە و لە ساڵی 322 پ.ز کۆچی دوایی کردووە.  باوکی ئەرستۆ  پزیشكی تایبەتی پادشا ڤلیپی شای مەکدۆنیا بووە. شا ڤلیپ بە دوای مامۆستایەکی  یۆنانی تایبەتدا دەگەڕا، بۆئەوەی کوڕە تاقانەکەی « ئەسکەندەر» فێری خوێندن و نووسین و زانست بکات. لەوکاتەدا ئەسکەندەر تەمەنی 13 ساڵ بوو. لە ساڵی 343 پ.ز. دا ، شا ڤلیپ پێشنیازی بە ئەرستۆ کرد، کە ببێتە مامۆستای تایبەتی کوڕەکەی. پاش ماوەیەکیش ئەرستۆ پێشنیازەکەی قبوڵ دەکات و دەبێتە مامۆستای تایبەتی ئەسکەندەری کوڕی شا ڤلیپ، کە دواتر بە ئەسکەندەری مەکدۆنی یان مەزن دەناسرێت.  بەمشێوەیەش پەیوەندییەکی توندوتۆڵ و رۆحی بەهێز لە نێوان ئەم دوو پیاوە مەزنەی یۆناندا دروست دەبێت.
لەمبارەیەوە نووسەرو مێژوونووسی ناسراوی ئەمریکی  ویلی دیۆرانت لە کتێبی مێژووی فەلسەفەدا دەڵێت:
ئەسکەندەر تاماوەیەک  ئەرستۆی وا خۆشدەویست کە هیچی کەمتر نەبوو لە خۆشەویستییەکەی بۆ باوکی. دەیگوت : سەرەڕای ئەوەی باوکی هێناویەتە ئەم دنیایەوە، بەڵام ئەرستۆ تیاییدا هونەری ژیانی فێرکردووە. ل86

دوو جیهانبینی جیاواز
کاتێک سەیری مێژوویی ئەم دوو پیاوە دەکەیت، هەریەکەیان خاوەنی جیهانبینی قووڵ و جیاوازی خۆیان بوون. ئەسکەندەری مەکدۆنی لە باوکییەوە هەڵگری خەونێکی گەورە بوو، ئەویش یەکخستنی تەواوی خاکی یۆنان و دروستکردنی سوپایەکی بەهێز و روبەڕوبوونەوەی سوپای فارسی بە سەرۆکایەتی داریوش. پاشان ئەسکەندەر ئەم خەونەی هێنایەدیی و هەموو خاکی یۆنانی رزگار کرد و پاشان پەلاماری ئێرانی دا و سوپای داریوشی شکاند و تەنانەت ئاسیای ناوەڕاستیشی داگیر کرد. لە باشووریشەوە تەواوی خاکی میسری داگیرکرد، کە لەوکاتەدا یەکێک بوو لە دەوڵەتە بەهێزەکانی جیهان. لەبەری خۆرئاواشەوە، خاکی رۆمانی» ئیتالیای ئێستای» داگیرکرد. بەم شێوەیە گەورەترین ئیمپراتۆریەتی لە مێژوودا دروست کرد. 
بەڵام ئەرستۆ ئیمپراتۆیەتەکەی بە شێوەیەکی تر بوو، ئەو توانی لە جیهانی فیکر و فەلسەفە و زانست و ئەدەبدا، ئیمپراتۆریەتێکی گەورە دروست بکات. 
پاشئەوەی ئەسکەندەر دەسەڵات دەگرێتە دەست و ئەسینا داگیر دەکات، ئەرستۆش دەگەڕێتەوە  بۆ ئەسینا، لەوێ خانوویەک بە کرێ دەگرێت، کە پێشتر بۆ خودا» ئەپۆلۆ لیسیوس» دانرا بوو. کە  مانای میری رووناکی دەگەیەنێت. لیسیوس وشەیەکی لێکدراوی یۆناییە، مانای رووناکی دەگەیەنێت، ئەرستۆ ناوی قوتابخانەکەی نابوو»لیسیوم».
لە قوتابخانەی لیسیوم، ئەرستۆ دەستیکرد بە کۆکردنەوەی کتێب و  دەستنووسەکان، بەتایبەتی لە بارەی زانست بە هەموو جۆرەکانییەوە، ئامانجیش لەم قوتابخانەیە خوێندن و لێکۆڵینەوە بوو، هەروەها ئەرستۆ باخچەیەکی  تایبە بە رووەکەکان و باخچەیەکیشی بۆ ئاژەڵ و باڵندەکان دروستکرد، کە ئامانج لەمەش، تەنها بۆ خوێندن و لێکۆڵینەوە لەسەر کردن بوو. 
ئەرستۆ توانی بنەما سەرەکییەکانی لۆژیک، زانستی سروشتی، میتافیزیک، ئەدەب و رەوانبێژی دابنێت. ئەرستۆ زیاتر لە 400 کتێبی نووسیوە، لە رێگەی ئەم بەرهەمە زۆرانەشەوە کە هەموو بوارەکانی ژیانی گرتۆتەوە بەتایبەتی « فەلسەفە و زانستی سروشتی و لۆژیک و ئەدەب» بۆماوەیەکی زۆر، توانی لەسەر تەختی ئیمپراتۆریەتی زانست و فیکر و فەلسەفی جیهان دابنیشێت و هەتا ئەمڕۆش بە یەکێک لە فەیلەسووف و زانا مەزنەکانی جیهان دادەنرێت، ئەو جگە لە پەرەپێدانی فیکر و فەلسەفەی کۆنی یۆنانی، توانی بنەما سەرەکییەکانی زانستی سروشتیش دابنێت. ئەمەش لە رێگەی کۆکردنەوەو زانیاریی لە بارەی جۆری « ئاژەڵ، رووەک» پاشان دانانی بنەمایەکی سەرەکی بۆ زانستی سروشتی و لۆژیک. 

پەیوەندییەکی تایبەت
ئەم پەیوەندییە تایبەتە لە نێوان ئەم دوو پیاوە مەزنە بە سوود بۆ هەردوولا و جیهانیش شکایەوە، ئەسکەندەر لە رێگەی مامۆستاکەیەوە، دەرگا داخراوەکانی جیهانی فیکر و فەلسەفە و زانستی بۆ کرایەوە، هێندەی تر جیهانبینی فراوانتر بوو. لەبەرامبەریشدا ئەرستۆش زۆر سوودمەند بوو لە ئەسکەندەر، بەتایبەتی کاتێک دەبێتە ئیمپراتۆرێكی گەورە، لەرووی داراییەوە، هاوکارییەکی زۆری دەکات، جگەلەوەش زیاتر لە دوو هەزار کەس کاریان بۆ قوتابخانەکەی ئەرستۆ دەکرد، کاتێک ئەسکەندەر پەلاماری هەر وڵاتێکی بدایە، سەربازانی سوپاکەی ، زانیاریی زۆریان لەبارەی  رووەک و ، گژوگیا و جۆری ئاژەڵ و زانستی فیکر و فەلسەفیی ئەو وڵاتانەی کە داگیری دەکردن، بۆ دەناردەوە. ئەمەش هێندەی تر قوتابخانەکەی ئەرستۆی دەوڵەمەند کرد و هێندەی تریش لە رووی زانیارییەوە گەشەی بە فیکری خۆی داوە. هەرئەم زانیارییە زۆرانەش بوو کە وایکرد کە ئەرستۆ ببێتە گەورەترین فەیلەسوف و زانای جیهان. 
هەر لەمبارەیەوە ویلی دیۆرانت دەڵێت:
ئارەزووی ئەسکەندەر بۆ یەکبوون و یەکخستنی هەندێ هێز و توانا و مەزنایەتی، لە مامۆستاکەیەوە فێربوو، ئەرستۆش کە مەزنترین مامۆستای پێکهێنان و یەکخستن بووە لە مێژووی فیکردا، هەردوو داگیرکردنە، دوو ڕووکاری جیاوازی یەک پڕۆژەی بەرز و بەنرخی گەرم و گوڕن ، کە دوو مەکدۆنیای مەزن، دوو دنیای پڕ لە بێسەروبەری و بێ سیستمی یەکدەخەن. ل 87


دوو کۆتایی جیاواز
خاڵێکی گرنگی تر کۆتایی ئەم دوو پیاوەیە، لە ساڵی 323 پ.ز بەشێوەیەکی کتوپڕ، ئەسکەندەر تایەکی بەهێز دەگرێت و پاشانیش دەمرێت. لەپاش خۆی ئەوانەی کە بوونە جێگرەوە، لە پاش جەنگ و ململانێی بەردەوام لە نێوانیاندا، ئیمپراتۆریەتەکە لە نێوان خۆیاندا دابەشدەکەن و بەتەواوەتی وێرانی دەکەن.  بەپێچەوانەوە  ئەرستۆ، لەپاش مردنی هێندەی تر لەناو جیهاندا ناسراوەو تەواوی بەرهەمەکانی، بە یەکێک لە کتێبە گرنگەکانی فیکری مرۆڤایەتی دادەنرێت و تا ئێستاش لەسەر عەرشی دەسەڵاتی فیکر و فەلسەفە دانیشتووە. لێرەوە مەزنی کتێب و بەرهەمی فیکری دەردەکەوێت. هەرچەندە لە مێژوودا ئەسکەندەر بە پیاوێکی مەزن وەسف دەکرێت، بەڵام ئەمڕۆ هیچ شتێک لەو دەسەڵاتەی نەماوە، بە پێچەوانەوە، ئەرستۆ هەتاوەکو ئەمڕۆش رۆڵی گەورەی هەیە لە فیکر و فەلسەفەدا، هەرکەسێک بیەوێت لە فیکر و فەلسەفە و ئەدەب بکۆڵێتەوە، ناچار دەبێت، کتێبەکانی بخوێنێتەوە.

دوا قسە
بەدڵنیاییەوە پەیوەندی ئەم دوو پیاوە مەزنەی جیهان، پەیوەندییەکی زۆر ئاڵۆز بووەو هەتا ئەمڕۆش لە تەواوی جیهاندا لێکۆڵینەوە و کتێب و  وتاری لەبارەوە دەنووسرێت، هەوڵ دەدەرێت لە هۆکار و گرنگی ئەم پەیوەندییە بکۆڵرێتەوە. ئەوەشی روون و ئاشكرایە، کە ئەم پەیوەندییە  بە ویستی هەردوولا بووە، لەهەمانکاتیشدا بە سوود بۆ  مرۆڤایەتیش گەڕاوەتەوە.  پەیوەندیی نێوان مامۆستا و خوێندکارێک، کە پاشتر مامۆستاکە دەبێتە فەیلەسوفێکی مەزنی جیهان و خوێندکارەکەش دەبێتە گەورەترین سەرکردەی جیهان. 

سەرچاوە:
ویل دۆرانت. مێژووی فەلسەفە. وەرگێڕانی. ئەحمەد سەید عەلی بەرزنجی. چاپی یەکەم. بەڕێوبەرایەتی خانەی وەرگێڕان. سلێمانی. 2012
د. محمد توفیق زکریا. أرسطو، فكر تحتاجه بلادنا. سایتی الحوار المتمدن

وتارەکانی نوسەر