کۆنگرەی بیستەمی پارتی کۆمۆنیستی چین

09:42 - 2022-10-20
ئەردەڵان عەبدوڵڵا
542 خوێندراوەتەوە

رۆژی یەکشەممە لە پەکینی پایتەختی چین، کۆنگرەی بیستەمی پارتی کۆمۆنسیتی چین بەڕێوەچوو. ئەم کۆنگرەیە گرنگییەکی زۆری هەیە، چونکە دووبارە شی جین پینگ خۆی بۆ سەرۆکایەتی پارتی کۆمۆنیست و سەرۆک کۆماری ئەو وڵاتە کاندیدکردەوە، کە بە پێی بۆچوونی چاودێرانی سیاسیش بێت، بۆ سێیەم جار دەبێتەوە بە سەرۆکی حزب و دەوڵەت. لە وتەیەکەیدا شی جین پینگ سەرۆکی پارتی کۆمۆنیست و سەرۆک کۆماری چین رایگەیاند: دژی سیاسەتی جەنگی ساردین،  لە هەمانکاتیشدا دژی دەستێوەردانی دەرەکیین لە کێشەی تایوان، کە مەبەستی سەرەکیش لەم وتانەی  ئەمریکا بوو. لە هەمانکاتیشدا باسی لە مەسەلەی مۆدێرنەکردنی چین و سۆشیالیزم بە رێچکەی چینی کرد.

کۆنگرەیەکی گرنگ
کۆنگرەکە بە ئامادەبوونی  2300 ئەندامی پارتی کۆمۆنیست، لە هۆڵی گەل کە دەکەوێتە لای خۆرئاوای مەیدانی تیانەمینی لە پەکینی پایتەخت، بەڕێوەچوو. لەم کۆنگرەیەدا دەبێت سەرۆک هەڵبژێردرێت و کۆمەڵێک سیاسەتی ناوخۆیی و دەرەکی گرنگ تاوتوێ بکرێت. بۆ سێیەم جاریش شی جین پینگ خۆی کاندیدکردەوە بۆ سەرۆکایەتی حزب و دەوڵەت. جێگەی ئاماژەیە ماوەی 73 ساڵ دەبێت کە پارتی کۆمۆنیستی چین، حوکمی چین دەکات و گەورەترین پارتی سیاسیی چین و جیهانیشە کە ژمارەی ئەندامانی دەگاتە 96 ملیۆن ئەندام، لە هەموو ناوچە و هەرێم و شار و شارۆچکەکانی چین، ئەم پارتە ئەندامی چالاک و دۆست و هەواداری هەیە.

وتەکەی شی جین پینگ
لە دەستپێکی کۆنگرەکەدا، شی جین پینگ سەرۆک کۆماری چین و سەرۆکی پارتەکە، رایگەیاند: ئێمە دژی  سیاسەتی جەنگی ساردین. وتیشی: دژی هەر دەستێوەردانێکین لە بارەی  تایوانەوە. لە هەمانکاتیشدا ئامادەین کە هێزی سەربازی بەکاربهێنین بۆ بەرگرییکردن لە یەکپارچەیی خاکی چین و وەستانەوە دژی جیابوونەوەی تایوان لە خاکی چین. 
لە درێژەی وتەکەیدا، رایگەیاند:  چین هیچ کاتێک سیاسەتێکی فراوانخوازیی و داگیرکاریی پەیڕەوە ناکات، بەڵام ئێمە دژی هەموو بزووتنەوەیەکی جوداخوازیین کە بیەوێت خاکی چین پارچەپارچە بکات. 

سێ رووداوی گرنگ
لە درێژەی وتەکەیدا شی جین پینگ رایگەیاند: لە ماوەی پێشوودا بە سێ رووداوی گرنگدا تێپەڕین کە لە رووی مێژوویی و مەسەلەکانی حزب و گەلدا، زۆر گرنگ و پڕ بایەخ بوون.  ئەوانیش ئەمانەن:
یەکەمیان،پێشوازییمان لە یادی 100 ساڵەی دامەزراندنی پارتی کۆمۆنیستی چین کردەوە. دووەمیان، بەرەو قۆناغێکی نوێ هەنگاومان نا لە بارەی چەمکی سۆشیالیزم بە رێچکەی چینی. سێیەمیان، جێبەجێکردنی ئەرکە مێژوویییەکانمان لە چارەسەرکردنی کێشە ئاڵۆزەکانی هەژاری و کەمدرامەتیی و هەنگاونان بۆ دروستکردنی کۆمەڵگەیەکی خۆشگوزەران و پێشکەوتوو. 

حزب و دەوڵەت
لە درێژەی وتەکەیدا سەرۆکی پارتی کۆمۆنیستی چین  رایگەیاند: لە ماوەی پێشوودا، مەسەلەی حزب و دەوڵەت توانی رووبەڕووی مەترسییەکان ببێتەوە و بەسەر کۆسپ و تەگەرەکانیشدا سەربکەوێت. هەردووکیشیان پێکەوە توانییان زنجیرەیەک سەرکەوتنی گەورەی یەک لە دوای یەک تۆمار بکەن. 

سۆشیالیزم بە رێچکەی چینی
لە ماوەی چەند ساڵی پێشوودا چەمکێکی فیکریی و سیاسیی لە چیندا باوە ئەویش» سۆشیالیزم بە رێچکەی چینی» مەبەست لەم چەمکەش گونجاندنی فیکری سۆشیالیزمە لەگەڵ  کۆمەڵگەی چیندا، بە جۆرێک جیاوازە لەو سۆشیالیزمەی کە لە ئەوروپا یان وڵاتانی تری جیهاندا هەیە. لێرە لە رووی ئابوورییەوە حزبی کۆمۆنیستی چین، باوەڕی بە کرانەوەی بازاڕە بە رووی سەرمایەگوزایی بیانی و ناوخۆییدا، بەڵام لە رووی سیاسییەوە پابەندن بە فیکری سۆشیالیزمەوە بە تایبەتی ئەوەی پەیوەندیی بە تاک حزبییەوە هەیە. 
شی جین پینگیش لەم کۆنگرەیەشدا دووبارە  جەختی لەسەر ئەم مەسەلەیە کردەووە و رایگەیاند:  رێچکەی چینی بۆ سۆشیالیزم، تەواو هەماهەنگە لەگەڵ واقیعی چین و رەنگدانەوەی ئیرادەی گەلی چینە، لە هەمانکاتیشدا لەگەڵ پێداویستییەکانی سەردەمدا دەگونجێت. دواتر وتی: رۆژگار ئەوەی سەلماند کە هەموو پڕەنسیب و نەخشە و پلان و سیاسەتە سەرەکییەکانی کۆمیتەی ناوەندیی پارتی  کۆمۆنیستی چین لە هەموو رووییەکەوە راست و تەواون.  

پارتی کۆمۆنیست و  چینی مۆدێرن
لە درێژەی قسەکانیدا سەرۆکی چین وتی: پارتی کۆمۆنیستی چینی لە پێشخستن و فراوانکردنی  مەسەلەی مۆدێرکردنی  چین و گونجاندنی لەگەڵ  سەردەمی نوێدا زۆر سەرکەوتوو بوو. راشیگەیاند: ئەو راپۆرتەی کە بۆ کۆنگرەی بیستەم ئامادەکراوە، هەموو وردەکاریی و بنەما سەرەکییەکانی تێدایە لە بارەی مۆدێرنکردنی چینەوە.  هەروەها ئەم مۆدێرنکردنەش لەگەڵ ژیان و  واقیعی چینییەکاندا دەگونجێت. 

کۆنگرەی بیستەم و جیهان
لە تەواوی جیهانەوە حزب و حکومەتە دۆستەکانی چین، بروسکەی پیرۆزباییان بۆ پارتی کۆمۆنیستی چین ناردووە و تەواوی میدیاکانی جیهانیش بە گرنگییەوە باسیان لەم کۆنگرەیە کرد.  بەتایبەتی پارتە کۆمۆنیستەکانی جیهان لە ئەوروپا و ئەفریقا و ئەمریکای لاتین. لە عیراقیش ئەیاد عەلاویی و پارتی کۆمۆنیستی عیراق، بروسکەی پیرۆزباییان ناردووە.

دەرەنجام
ئەم کۆنگرەیە ماوەی هەفتەیەک دەخایەنێت، لەم هەفتەیەشدا کۆمەڵێک مەسەلەی گرنگ باس دەکرێت، بەڵام لە هەموویان گرنگتر بەلای جیهانەوە، دووبارە هەڵبژاردنەوەی شی جین پینگە بۆ سەرۆکایەتی حزب و دەوڵەت. ئەمەش مانای بەردەوامییە لەو سیاسەتانەی کە چین چ لە رووی ناوخۆیی و  چ لە رووی دەرەکییەوە پەیڕەوی کردووە، بەتایبەتی پڕۆژەی «پشتوێن و رێگەی ئاوریشـمی نوێ» کە گرنگترین پڕۆژەی چینە، بۆ پەیوەندیی بە جیهانەوە. 

سەرچاوەکان:
-رۆژنامەی گەلی چین
-ئاژانسی شینخوا

 لایەنێک لە دەستپێکی بیستەمین کۆنگرەی پارتی کۆمۆنیستی چین

وتارەکانی نوسەر