تەقە و قاقا

كێخوا

11:17 - 2022-11-02
رەهبەر سەید برایم
371 خوێندراوەتەوە

(4)

دڵشادی مام رەزا ناسراو بە (كوێخا-كێخوا) لە ساڵی (1952) لە شاری كۆیە لەدایك بووە، بە مام رەزای باوكی كوێخا پێیان دەگوت مام رەزای قەڵادزێ، یان لە كۆیە، چونكە ماوەیەك لەوێ ژیاون، لە قەڵادزێش دەڵێن مام رەزای كۆیە، لەڕاستیدا بابەلباب رەسەنە كۆین و لە بەرەبابی حاجی ئەفەندین، مام رەزا پیاوێكی بەهەیبەت و بەشان وشەوكەت و كەسایەتی بوو، لە شۆڕشی ئەیلوول دادوەری شۆڕش بووە، چەندان قسەی خۆش لەو دادوەرانەی شۆڕش دەگێڕنەوە، چونكە زۆربەی نەخوێندەوار بوون، بەڵام كەسایەتی و كۆمەڵایەتی و خەڵكی باش و چارەسەركەری گیروگرفت و كێشەكان بوون، ئەو كاتە مام رەزا دادوەری شۆڕش بووە، گوایە كابرایەك گوتویەتی ئێستگەی شۆڕش خشەی دێت! مام رەزا لەسەر ئەو قسەیە سزای داوە! مام رەزا دوو ژنی هێنابوو، بۆیە كێخوا چەند جۆرە برای هەبووە، برای هەبوو لە دایك و باوكی، برای هەبوو لە باوكی بوو لە دایكی نەبوو، برای هەبوو لە دایكی بوو لە باوكی نەبوو، جا بۆ بەزم و خۆشی بە كێخوام دەگوت من براتم چ جۆرە برایەكم، كێخوا دەیگوت برای خۆشەویستی، برای هاوسەنگەری، وەك شەهید شێركۆ برامی! براكانی كوێخا-كێخوا خەڵكی دیار و كەسایەتی و خۆشەویست و ناسراو بوون، دوو برای شەهید كرابوون لە بزووتنەوەی كوردایەتی، كێخوا 1967 بۆتە پێشمەرگەی جەلالی، چۆتە (كەلار) چونكە كاكی (عەلی مام رەزا) سەركردایەتی و فەرماندەی هێز بووە، دوایی كێخوا دڵی گەردی گرتووە، چونكە زۆر دڵناسك بوو، هاتۆتەوە كۆیە لای شێخ جەنگی، ئامیر بەتالیۆنی بالی م. س بوو، لە شەڕی ئاسۆس لە 1969 لە شەڕی سۆفیان لە شەڕی نێوان جەلالی و مەلایی بەخەستی بریندار ببوو، گوللەیەكی بڕنۆی بە ورگی كەوتبوو، چەندین نەشتەرگەری بۆ كرابوو لە ئازاری دەتلایەوە، پارچەیەكی لە ریخۆڵەی بڕابۆوە، ئەو بریندارییەی پێوە دیاربوو، بۆیە زوو زوو دەچووە سەرئاو، ئەو كۆنە برینەی تەنگاوی كردبوو ئازاری پێوە دەچەشت، لە ساڵی 1978 كێخوا لەگەڵ قادر دۆشكە دەبنەوە پێشمەرگە، ماوەیەك لە خۆشناوەتی بوون، دوایی چوونە قەندیل و لەلای مام جەلال گیرسانەوە، ساڵی 1979 لە پێشمەرگایەتی و بارەگای سەركردایەتی لە (توژەڵە و خرێ ناوزەنگ و زەڵێ) كێخوام ناسی، بووینە برادەر و هاوسەنگەری یەكتر، پێكەوە لەیەك بارەگا بووین لە لقی سێی (ی.ن.ك) لە زەڵێ، دكتۆر خدر لێپرسراومان بوو، دكتۆر خدر ئەندامی سەركردایەتی و لێپرسراوی لق و لێپرسراوی خەستەخانەی شۆڕش بوو، ساڵی 1980 خولێكی برینپێچی لە خەستەخانەی شۆڕش لە (زەڵێ)كرایەوە، ئەو دەم دكتۆر كەم بوو، بەس دكتۆر شادمان فوئاد مەستی و دكتۆر خدر و د.هەژار عەبدول رەحمان بوون، بۆیە بۆ خەڵك و هێزەكان دكتۆر پێویست بوو، ئەوانەی خوێندەواربوون لەو خولە برینپێچییە وەرگیران، من و كێخوا لە خولەكە بووین، نزیكەی چل كەس دەبووین، سەرەنجام فێری دەرزی لێدان و برینپێچانەوە و ناسینی هەندێ دەرمان و چارەسەری سەرەتایی بووین، من لە خولەكە یەكەم بووم، كێخواش دووەم بوو، بڕوانامەشمان وەرگرت!

وتارەکانی نوسەر