تەقە و قاقا: 5

كێخوا : 2

10:10 - 2022-11-09
رەهبەر سەید برایم
334 خوێندراوەتەوە

كێخوا كەیفی زۆر بە ئیشەكەی دەهات و بە پەنجە خڕەكانی پتی لە سەرنج و شووشەكەی دەدا لە كاتی تاقیكردنەوە و دەرزی لێدان، لە بارەگا ناومان لێنابوو كێخوا-كوێخا چونكە كورتەكی قۆپچەداری لەبەردەكرد، جەمەدانی جوان دەبەست!! چاوگەش و سمێڵ رەش، حەزی زۆر لە چا خواردنەوە بوو، بە (قۆغە) چای ناو قۆغە هەرسارد نەدەبۆوە، كێخوا بە زوویی فڕی دەكرد هەڵی دەقوڕاند، كێخوا زۆری حەز لە گۆشت و دۆ بوو، جا خەڵكی دەوروبەری سەر سنوور، بە گوندەكانی ئێرانیشەوە بۆ چارەسەی نەخۆش دەهاتن، بارەگای لقی 3 و خەستەخانەی شۆڕش لە (زەڵێ) بوو! زۆرجار وەخت و ناوەخت بە وڵاخ و هێسترەوە دەهاتن بۆ ئەوێ، دكتۆرێك ببەن بۆ ماڵەوە، چونكە نەخۆشەكە نەیتوانیوە، جارێك كابرایەكی (مەمكاوەیی) بە هێسترەوە هات، ئێوارە تاریك داهاتبوو، گوتی: نەخۆشمان هەیە خێرتان دەگاتێ فریام بكەون، كێخواش خواخوای بووی بچێت، چونكە بە سواری هێستر دەچوو هەم لەوێش خواردنێكی خۆشی دەخوارد، لە جێیەكی گەرم و نەرمیش دەخەوت، بە سواری وڵاخیش دەهاتەوە، هەرچۆنێك بێت لە بارەگای پێشمەرگە خۆشتربوو، بۆیە كێخوا ئامادەبوو، دكتۆر خدریش ناردی، دکتۆرخدر هەورامی هەم لێپرسراوی لق بوو هەم سەرۆكی خەستەخانەی شۆڕش بوو! كێخوا هەگبەی دەرمانی هەڵگرت و سواری وڵاخەكەی بوو، ئێمەش لە بارەگا هێسترمان هەبوو بۆ دارهێنان و باركردنی ئازوقە و سواری، (كا و جۆ) مان پێویست بوو! كابرای مەمكاوەیی بە كێخوای دەیگوت: كاك دكتۆر كاك دكتۆر، رێشمەی وڵاخەكەی بۆ گرتبوو وایدەزانی دكتۆری بەڕاستییە، چارەسەر و فریادڕەسە! منیش هاوارم كرد كێخوا كێخوا هەندەك (كاو جۆ) بهێنە بۆ هێسترەكەمان!! كێخوا لەسەر هێسترەكە بوو پێی ناخۆش بوو، پەنجەی لەسەردەمی دادەناو كە وسكوت بم و ئاماژەی دەكرد كە قسەنەكەم و هاتە خوارێ لەسەر هێستر، گوتی: ئەرێ مردووت مرێ كێخوا كێخوای چیتە، توخوا وەختی كاو جۆیە؟ كابرا پێم دەڵێ دكتۆرە عیراقیەكە و كاك دكتۆر، كاك دكتۆر، تۆش دەمێنیتەوە سەر سفر، گوتم ئاخر (كا و جۆ)مان دەوێ بۆ هێسترەكە گوتی: ئێ دەباشە.
زستانی ساڵی 1980 لە بەحرێ پەڕینەوە بۆ گوندی (تۆربە) بناری كۆسرەت، كوێخا لە ئاوەكەدا دەترسا سامی هەبوو وایدەزانی دەخنكێن، بەهەرحاڵ بەو نیوەشەوە سەختە، بەو باران و تۆفە، هەموو جلكو بەرگمان تەڕبوو گەیشتینە (تۆربە)! بەڕێكەوت من و مامۆستا ئازادی وەستا كەریمی وەستا وەهاب و كێخوا لە ماڵی پیرەژنێكی هارو بەدەموپل دابەش بووین.

وتارەکانی نوسەر