تەقە و قاقا: 8

لە كلكی كەر بۆ كۆمپیوتەر

10:18 - 2022-11-30
رەهبەر سەید برایم
515 خوێندراوەتەوە

مەحمود سلێمان عەبدوڵڵا محەمەد ناسراو بە (مەحمود خۆشناو)بە رەچەڵەك خەڵكی گوندی (زرگووز)ن لەكن ئاشگە و پیرمام! بەڵام مەحمود خۆشناو لە گەڕەكی بەستەپیاز لە شاری هەولێر لەدایكبووە، ئەو رۆژەی مەلیك فەیسەڵ كوژراوە!
مەحمود خۆشناو لە ساڵی 1974 كەوتە ناو شۆڕش و پێشمەرگایەتی لەوێوە كەوتە ئێران لەوێ ناوبانگی دەركرد بە باشترین خۆشنووس و دیزاینەر لە راستیدا خۆی دەستڕەنگین و قسە خۆش و هەست ناسك و داهێنەر و خاوەن بەهرە و هونەرمەندە!
لەگەڵ دامەزراندنی (ی.ن.ك) لە ئێرانەوە پەیوەندی بە رێكخستنەكانەوە كردووە، ساڵی 1979هاتۆتە خڕی نێوزەنگ و زەڵێ و توژەڵە بنكە و بارەگای سەركردایەتی (ی.ن.ك) مام جەلال، بوو بە سكرتێری مام جەلال لە ساڵی 1982.
كە سكرتێری مام جەلال بوو، عەبدول جەبار كوبەیسی كە بەعسی یەساری بوو بەرهەڵستكاری حزبی بەعسی فەرماندە بوو! لە سوریاوە دەیویست بێتە بنكە و بارەگای سەركردایەتی (ی.ن.ك) و مام جەلال لە (خڕی نێوزەنگ) لەوێ مام جەلال بانگی (مەحمود خۆشناو) سكرتێری خۆی دەكات! دەڵێ چ بكەین و چۆن پێشوازی لێ بكەین بۆ بەخێرهاتنی، لەو شاخ و داخە چ دەست ناكەوێ، مەحمود خۆشناو دەچێت چەند پارچەی  فانیلەیەكی سپی و تیشێتی سپی پێشمەرگەكان كۆدەكاتەوە، بە دەرزی و دروومان لێكی دەدا دەیكاتە یەك پارچە قوماشی لافیتە، بە بۆنەی هاتنی عەبدول جەبار كوبەیسی حەیوان سەربڕدرا بوو، مەحمود خۆشناو دەچێت خوێنەكەی خڕدەكاتەوە و دەیكاتە ناو قتوویەك وەك بۆیاخ، بارەگای جەمال ئاغای حەكمیاغا لەو ناوەبوو، كەرێكیان هەبوو مەحمود خۆشناو دەچێت مووی كلكی كەرەكە لێ دەكاتەوە، بە قامیشێك دەیكاتە (فڵچە)لێی دەنووسێ (مرحبا بقدوم السید عبدالجبار الكبیسي في اراضي كردستان المحررة‌) نیشانی مام جەلالی دەدا، مام جەلال سەری دەسووڕمێ دەڵێ: چۆنت دروستكرد ئەویش بۆی دەگێڕتەوە، مام جەلالیش حەزی لە بەزمان دەبێ، دەڵێ وەڵڵا بە جەمال ئاغا دەڵێم كلكی كەریان بڕیوی، كلك بڕینیش پەشم و خەوشە، مەحمود خۆشناو دەڵێ: لەبەر خاتری تۆ ئەوەم كردووە پێی بڵێی (دەقەومێ) جەنابت بە جەمال ئاغای بڵێی منیش بە عەبدول جەبار كوبەیسی دەڵێم بە كلكی كەر و بە خوێنی حەیوان بەخێرهاتنمان كردووی! مام دەڵێ: باشە باسی ناكەم! بەردێكی لەسەر دادەنێن.
 مەحمود خۆشناو عەدەد جیهازی مام جەلالیش بوو دەیگوت: مام جەلال بەو تووڕەییەی خۆی ناوی جیهازەكە (ئارام) بوو! 
خڕی نێوزەنگ، ناوچەیەکی دوورە دەست و دووریش بوو لە شارستانییەت، پێشمەرگەی سەرکردایەتی هیچیان نەبوو پێوەی مەشغوڵ بن! جەنابی (مام جەلال)یش رێخۆشکەر بوو کە شتێک بکەن ببێتە مایەی دڵخۆشی و سەرگەرمی. مەحمود خۆشناو بەردەوامە لە تایپۆگرافی و ئارایش و گەمە بە وشەكردن لەسەر كۆمپیوتەر!

تێبینی: فڵچە كلكی كەرەكە پارێزراوە لە ئەرشیفی هێرۆخان ماوە.

وتارەکانی نوسەر