لەناو رووداوەکاندا

توركیا و بەرەژانی سەردەمێكی تر

10:00 - 2023-01-23
ئازاد ئیبراهیم ئەحمەد
301 خوێندراوەتەوە

كات و ساتی هەڵبژاردنی داهاتووی توركیا لە نێوان دوو ویستدا وەستاوە، بەپێی كات  دەكەوێتە مانگی حوزەیرانی ئەم ساڵەوە، بەڵام بەپێی ویستی ئەردۆغانیش بێت قەدەمێك یان دوان، رادەكێشرێت بۆ پێشێ، ئەوەی لە ویستی سەرۆكی توركیادا دەبینرێت، وادیارە پەلەی سەردەم و رۆژگارێكی نوێیەتی كە ناوی دەنێت «توركیای سێیەم» و تێیدا خۆی هەموو شتێكە، شارەزایانی هەڵبژاردنیش پێیانوایە، هەڵبژاردن لە هەر كاتێكدا بکرێت، توركیا بە بارێكی دیكەدا دەگۆڕێت، ئەگەر ئەردۆغان هەڵبژاردن بباتەوە، ئەوا توركیا رێڕەوێكی دیكە دەگرێتەبەر، ئەگەریش ئۆپۆزسیۆن سەركەوتن بەدەستبهێنن ئەوا كاری یەكەمیان دووبارە گۆڕینەوەی سیستمە بۆ پەرلەمانی.
دۆخی ناوخۆیی توركیا بە كۆی ئەو هەموو كێشە سیاسی و قەیرانە دارایی و دۆخە ئەمنییەی هەبووە لە چەند ساڵی رابردوودا، هەڵگری قورسایی و جۆرێك لە رقی پەستێنراوە كە رەنگە لەم هەڵبژاردنەدا دەرەنجامەكەی بە سوودی بەرەی ئۆپۆزسیۆن بشكێتەوە، لەگەڵ ئەوەشدا بەرەی شەش پارتە ئۆپۆزسیۆنەكەی توركیا كار لەسەر ئەو هێڵە دیپلۆماسییە توركییەش دەكەن كە بەجۆرێك لە جۆرەكان لەگەڵ زۆرێكی لە وڵاتاندا بەرەو لاوازی رۆیشتووە و پێویستی بە دووبارە زەخرەفەكردنەوەی هەیە. 
بەلای ئۆپۆزسیۆنەوە ناكرێت توركیا وەك وڵاتێك كە بانگەشەی دیموكراسی دەكات پشت لە خۆرئاوا بێت و بەرەو جیهانی خۆرهەڵاتی پڕ كێشە و پڕ ململانێ هەنگاو بنێت، ئۆپۆزسیۆن ئەم روو وەرگێڕانەیان ناوناوە «داخرانی دەرگاكان».
گەرچی لە ئێستاوە بۆ كاتی هەڵبژاردنەكە ماوەیەكی زۆری ماوە و روون نییە چ رووداو و پێشهاتێكی دیكە لەسەر گۆڕەپانی سیاسی توركیا روودەدات، بەڵام لە رووخساردا هیچ هەڵبژاردنێكی رابردووی توركیا لەدوای ساڵی 2002ەوە وەك ئەم هەڵبژاردنە ئەگەری گۆڕانكاری گەورە لە سیستم و رووخساری سیاسی لێ ناخوێنرێتەوە، چونكە بەگشتی ململانێی ئەمجارەی توركیا لە نێوان دوو بلۆكی گەورەی «دەسەڵات و بەرەی شەش پارتی ئۆپۆزسیۆن»دایە و هەڵبژاردنی شارەوانییەكانی توركیاش لە رابردوودا بەتایبەتی ئیستانبوڵ و ئەنقەرە، بەڵگەی ئەوەیە كە ململانێكە پێیناوەتە قۆناغێكەوە كە هەم دەسەڵات هەست بە بوونی رکابەرێكی راستەقینە دەكات و هەم ئۆپۆزسیۆنیش هەست بە جۆرێك لە دڵنیایی دەكات بۆ زیادكردنی دەنگەكانی بەبەراورد بە هەڵبژاردنەكانی رابردوو، هەرچی بلۆكی سێیەمە كاریگەرییەكی زۆری نابێت، بۆیە نزیكە بلۆكی سێیەمیش لەدواجاردا بچنە پاڵ بلۆكی دووەم.
ئەوەی خاڵی لاوازی دەسەڵاتە لەم هەڵبژاردنەدا، دابڕانێكی جەوهەری توركیایە لە جیهانی دەرەوە، ئەم سەرۆك كۆمارەی ئێستا ئاماژەی خراپی ناردۆتە دەرەوە، بە تایبەت لەم ویلایەتەی ئێستایدا، بۆیە گۆڤاری (زە ئیكۆنۆمیست)ی بەریتانی راپۆرتێكی بەناونیشانی (دیكتاتۆریەتی توركی لە ئاسۆدایە) بڵاوكردۆتەوە و مەترسی ئەوە پیشان دەدات كە ئەوەی ئەردۆغان دەیەوێت خەونی دروستكردنی ئیمپراتۆرییەكی گەورەیە كە توركیا بۆ چەندان دەیە بگێڕێتە دواوە و هەموو خەونێكی دیموكراسی و سەروەریی یاسا و مافی مرۆڤ لەو وڵاتەدا لە قاڵب بدات و هەر یاسا و پارت و كەسێك لە دەرەوەی بڕیارەكانی ئەو مافی جووڵە و كاركردنی نەبێت.

وتارەکانی نوسەر