توركیا لە نەخشەی نوێی خۆرهەڵاتدا

12:58 - 2025-06-22
ئازاد ئیبراهیم ئەحمەد
70 خوێندراوەتەوە

نەسیب حەتیت نووسەری دیاری لوبنانی پێیوایە «هەموو ئەو وڵاتانەی دەكەونە ئەوبەری فوراتەوە، دەكەونە بەر هێرشی گۆڕانكارییەكانی ئیسرائیل و ئەمریكا كە ناویان ناوە خۆرهەڵاتێكی نوێ»، ئەو نووسەرە ئاماژە بەوەش دەكات «ئەمریكا و ئیسرائیل بە ئاشتی بێت یان بە بەكارهێنانی هێزی سەربازی، خۆرهەڵاتێكی نوێ دروست دەكەن»، بە پێی بۆچوونەكەی (حەتیت) ئەو وڵاتانەی دەكەونە ئەوبەری فوراتەوە، توركیاش دەگرێتەوە و نەخشەی ئەو وڵاتە دەگۆڕێت.
ئەو وڵاتەی لە نەخشە نوێیەكەی ئەمریكا و ئیسرائیل لەوبەری فورات ماوەتەوە و ئەمریكا و ئیسرائیل هێشتا دەستیان پێی نەگەشتووە، توركیایە، ئەوەی «حەتیت» باسی دەكات دوای ئێران رووداوەكان و ئەو بەرەژانە نوێیەی خۆرهەڵات بۆ رۆژگارێكی تر بەخۆیەوە دەیبینیت، روودەكاتە توركیا، ئێستا لە دوای ناكۆكییەكانی نێوان ئیسرائیل و ئێران، لێدوانەكانی ئەردۆغان و باخچەلی ئەو پەیامەمان پێدەڵێن كە بەڵێ توركیا لە بەردەم رووداوەكانی خۆرهەڵاتی نوێدایە.
كاتێك ئەردۆغان لە بەردەم ئەندامانی پارتەكەیدا باسی لە نەخشەی سایكس پیكۆ كرد و وتی «نەخشەی سەد ساڵی رابردووی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست لەبەردەم دەستكاریكردندایە و بۆ ئێمە زیانی هەیە و رێگە نادەین دەستكاری بكرێت». كەواتە؛ دەوڵەتی توركیا و خودی ئەردۆغان و باخچەلی، بەتەواوی هەستیان بەوە كردووە نەخشەی گۆڕانكارییەكان گەیشتۆتە بەردەم دەرگای توركیا، پێشتریش (جاهید یایچی) فەرماندەی پێشووی هێزە دەریاییەكانی توركیا رایگەیاند بوو «ئەوەی ئیسرائیل و ئەمریكا لە خۆرهەڵاتدا ئیشی لەسەر دەكەن، دروستكردنی دەوڵەتی گەورەی كوردستانە»، هەموو ئەمانە كەم نین و دووریش نین لە راستییەوە و هەموو سیگناڵەكان ئەوەمان پیشان دەدەن ئەم نەخشە نوێیە خاڵی نییە لە كورد و رەنگە بەشێکی بۆ كورد بێت.
پاشان پرسی ئاشتی لە توركیا، یەكێكیترە لەو دەركەوتانەی خۆرهەڵات كە هەموو شیكاری و ئاماژەكان بۆ ئەوە دەچن ئەردۆغان و دەوڵەتی توركیا هەستیان بەوە كردووە كورد رەنگە ببێتە چەقی رووداوەكانی گۆڕانكارییەكانی خۆرهەڵات، بۆیە پێش ئەوەی باهۆزەكە بگاتە توركیا، لەگەڵ كورد و ئیمراڵی چوونە سەر مێزی گفتوگۆ، بەڵام تائێستا هیچ شتێك لەو دانیشتنانە بەرهەمنەهاتووە.
دوایین پەیامی ئەردۆغان كە رایگەیاندووە «پێویستە كورد و فارس و تورك و عەرەب دژی هێرشەكانی ئیسرائیل یەكبگرن و بۆ هەمووان مەترسیدارە»، هیچ مانایەك لە خۆی ناگرێت جگە لەو واقیعەی پلانی ئەمریكا و ئیسرائیل بۆ خۆرهەڵاتی نوێ، لێناگەڕێت توركیا لە دەرەوەی ئەو نەخشەیە بێت و وەك خۆی بمێنێتەوە، بۆیە بە هەموو ئەگەرێك و بەو ئاماژانەی ئەردۆغان و باخچەلی و لێپرسراوەكانی توركیا دەیدەن بەگوێی ناوچەكەدا، توركیاش بەشێكە لە گۆڕانكارییەكانی خۆرهەڵات.

وتارەکانی نوسەر