رۆژئاڤای کوردستان لەدوای کشانەوەی ئەمریکا

08:53 - 2025-06-05
ئازاد ئیبراهیم ئەحمەد
192 خوێندراوەتەوە

رۆژئاڤای کوردستان لەدوای کشانەوەی ئەمریکا
ئەمریکا لە دوو بنکەی سەربازی نزیک دێرەزوور کشاوەتەوە و بنکەکانی رادەستی هەسەدە کردووە، بەڵام کشانەوەکە لە پڕ و لەناکاو نەبووە، ماوەی سێ مانگە لەسەرخۆ و بەچاودێریکردنی رێککەوتنی نێوان هەسەدە و دیمەشق دەیەوێت بنکەکان چۆڵ بکات، لەگەڵ ئەوەشدا رێککەوتنێکی سێ لایەنە لەنێوان تورکیا، رۆژئاوا، دیمەشق هەیە بۆ جۆرێک لەهێورکردنەوەی گرژییەکان، ئەویش بەچاودێریی ئەمریکا.
بڕیارە لە مانگی نۆی داهاتوودا، ئەحمەد شەرع سەرۆکی سوریا سەردانی ئەمریکا بکات و لە کۆبوونەوەی نەتەوە یەکگرتووەکاندا وتارێک پێشکەش بکات، ئەم سەردانەی شەرع دوای 60 ساڵ دێت لە سەردانی سەرۆکێکی سوریا، بڕیاریشە شەرع لەم سەردانەدا یەکەم دۆسێ کە لەگەڵ ئەمریکییەکان بیکاتەوە لە دوای لێکتێگەیشتنی نێوان شەرع و ترەمپ کە لە دیدارەکەیان لە ریاز کۆبوونەوە، مەسەلەی کوردەکان و رۆژئاوای کوردستان بێت، چ لە ئێستای بوونی ئامادەیی ئەمریکادا و چ لەو کاتەشدا کە ئەمریکا هێزەکانی لە رۆژئاڤا بکشێتەوە. لەم سەردانەدا شەرع دڵنیایی هەموو ئەو رێککەوتنانە بە ئەمریکا دەدات کە لە نێوان دەسەڵاتی خۆسەریی رۆژئاڤا و دیمەشقدا هەیە لە دوای 10ی ئادارەوە.
تورکەکانیش لە ئامادەباشیدان بۆ قۆناغی دوای کشانەوەی سیستماتیکیی ئەمریکا، بەپێی زانیارییەکانی پێگەی میدل ئیست ئایی بەریتانی، لەماوەی 10 رۆژی رابردوودا، تورکەکان بە چاودێریی ئەمریکا چەندینجار لەگەڵ وەفدی هەسەدە گفتوگۆی راستەوخۆیان لەسەر ئایندەی سوریا ئەنجامداوە، تورکەکان دەیانەوێت لەئاستی باڵادا کۆبوونەوەی ئەردۆغان ـ دەزگای میت، مەزڵوم عەبدی و ئەحمەد شەرع لە ئیستانبوڵ بکرێت و ئایندەی سوریا و رۆژئاڤای کوردستان لە دوای کشانەوەی ئەمریکا بەجۆرێک رێکبخرێت کە دووربێت لە پێکدادانی سیاسی و هیچ بەرژەوەندییەکیش نەکەوێتە سەرووی بەرژەوەندییە باڵاکانی تورکیاوە.
کشانەوەی ئەمریکا لە رۆژئاڤا، کشانەوەیەکی یەکجاری نییە بەمانای کۆتایی لینکەکانی ئەمریکا بە خاک و هێزەکانی رۆژئاڤاوە، رادەستکردنی بنکە سەربازییەکانی بە هێزەکانی هەسەدە، بۆ خۆی پەیامە بۆ تورکیا و دیمەشق کە ئەوان نزیکترین دۆستی ئەمریکییەکانن لە سوریادا و لە روانگەی هەسەدەوە هەم لینکی سەربازیی و ستراتیژییان بە ناوچەکەوە دەمێنێت، هەم لینکی ئابووری و بەرژەوەندییەکان.
پرسی رادەستکردنی بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا بە هەسەدە، سەردانی شەرع بۆ ئەمریکا و دیداری نێوان تورکیا و هەسەدە، مانا و ئاسۆی گەشی لێ دەخوێنرێتەوە، رەنگە ئەو زانیارییەی پێگەی میدل ئیست ئایی بەریتانی تا ئاستێک لۆژیکی بێت کە دەڵێت «رەنگە تورکیا لە ژێر پەستانی گوشاری ئەمریکادا، ناوچەیەکی ئۆتۆنۆمی رەسمی بۆ کوردەکانی رۆژئاڤا قبوڵبكات».

وتارەکانی نوسەر