میدیای یەکێتی و قۆناغێکی نوێ

10:24 - 2023-02-06
نێرگز قادر
620 خوێندراوەتەوە

ساڵی 2023 بۆ من وەک میدیاکارێک، ساڵێکی تایبەتە، دەبینم یەکێتی هەنگاوی باشی لە بواری میدیادا ناوە، هەموان دەزانین دوای کۆچی یەکجاری رابەرمان سەرۆک مام جەلال و دوورکەوتنەوەی دادە هێرۆ و بەهۆی دۆخی ناوخۆی یەکێتییەوە، هەست بەوە دەکرا میدیا لە زۆربەی رووەکانەوه تا رادەیەک پەراوێزخراوە، بەڵام خۆشبەختانە  ئێستا میدیای یەکێتی هەنگاو بۆ قۆناغێکی نوێ دەنێت.
سەرەتا لە چاکسازییەوە گەرچی بەدڵی هەموان نەبوو، بەڵام  قۆناغی رێکخستنەوە و بە HD کردنی کەناڵەکانی، باشترین هەنگاوە بۆ ئێستای میدیای یەکێتی، چونکە زۆر دەمێکە بینەری میدیای یەکێتی ئەو پرسیارەی دەکرد کە ئایا بۆچی کەناڵەکانی یەکێتی HD نین، گەرچی وەڵامی ئەم پرسیارە لای ئێمە نەبوو، بەڵام خۆشبەختانە ئێستا ئەو هەنگاوەمان بە سەرکەوتوویی بینی کە مایەی دڵخۆشی و دەستخۆشییە بۆ یەکێتی کە هەنگاوی لەم چەشنەی بە ئاراستەی جوانترکردنی شاشەی کەناڵەکانی ناوە.
ئەوەی من دەمەوێت لێرەدا باسی بکەم جگە لە دەستخۆشی، لەسەر ئیزنی هەڤاڵ ستران عەبدوڵڵا و هەڤاڵانی مەکتەبی راگەیاندن و هەردوو کەناڵی کەرکوک و گەلی کوردستانی دایک.
خاڵی یەکەم: لەگەڵ بە HD بووندا پێوستە کەناڵەکان سیاسەتی خزمەتکردن بە خەڵک پلانی سەرەکییان بێت و داوای رەوای خەڵکی بگەیەنن، هەروەک پێویستە هەستی بەرپرسیاری لەناو کادرانی راگەیاندن و ئەو کەناڵانەدا بەهێزبکەن.
خاڵی دووەم: ئازادی بۆ میدیاکانی یەکێتی زۆر گرنگە، لێگەڕێن بە ئاراستەی حزبەکە میدیای یەکێتی خزمەت بکات و دەستی خەڵکانی نەزان  لەناو حزب و مەڵبەند و کۆمیتەکان دەربێنن و مەهێڵن هەرچی ویستی ببێت بە کوێخا بەسەریانەوە، چونکە لە کۆتاییدا مەکتەبی راگەیاندن هەیە و ئەو لێپرسراوی راستەقینە و یەکەم و کۆتایی ئەو دەزگایانەیە.
خاڵی سێیەم: بۆ ئەو کەناڵانە تەنها HD بوون بەس نییە بۆ سەرکەوتنیان، بەڵکو پێویستە پلانی دیکەی بۆ دانێن، چونکە ئێستا دنیای میدیا و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانە و هەواڵ زۆرە و گەیشتنیان خێرایە، بۆیە گرنگە راستگۆیانە و دوور لە ململانێی سیاسی رووماڵی هەواڵ بکرێت، جگە لەوەش کاتی هەواڵ زۆرە.
خاڵی چوارەم: پێویسته کەناڵەکان واز لە سیاسەتی بەرنامە دوای بەرنامە بهێنن، بۆ کات پڕکردنەوە سێ بەرنامەی باشی کۆمەڵایەتی و سیاسی و خزمەتگوزاری باشترە لە دەیان بەرنامەی بێ بینەر کە سوودێکی ئەوتۆ بە کۆمەڵگە و خەڵکی ناگەیەنن، بەرنامەکان پێویسته جیاواز بن لە بەرنامەی کەناڵەکانی تر، چونکە ئێستا بەرنامەش زۆرە لە میدیاکانی تردا، ئایا ئێمە دەتوانین کار و بەرنامەی جیاواز پێشکەشبکەین؟
خاڵی پێنجەم: بابەتی پێشکەشکار و ستافی کارە، دەکرێت بڵێم ٪70سەرکەوتنی بەرنامە و هەواڵ خودی پێشکەشکارەکەیە، بۆیە پێویست ناکات هەموو کەسێک بهێننە شاشە، تەنها لەبەرئەوەی بڵێن پێشکەشکارمان هەیە، ئایا ئەو پێشکەشکارانە چەند جۆر پێشەکی بۆ راییکردنی بەرنامەکانیان دەزانن و ئاستی رۆشنبیری و مەعریفی و باکگراوندی هەمەچەشنەی زانیارییان تاچەندە؟ یاخود چەند لە ئەتەکێتی جلوبەرگ شارەزان و لە قسەکردندا پێشکەشکارێکی لێوەشاوە و شارەزان؟ ئەی ئاستی دەستنیشانکردن و هەڵبژاردن و دانانی پرسیارەکانیان و گفتوگۆکردنیان لەگەڵ میوانەکانیاندا چەند و چۆنە؟ 
بۆیە پێویستە ئەمانە چاودێری خۆیان هەبێت و بێ فلتەر نەچنە سەر شاشەکانمان، یاخود ئەو کەسانەی چوونە سەر شاشە، بایەخیان پێبدرێت تا ببن بە ئەستێرە.
بۆچی تائێستا میدیای یەکێتی نەیتوانیوە ئەستێرەی دیار و گەورەی میدیا بەرهەم بهێنێت، بەتایبەت لە چەند ساڵی کۆتاییدا؟
ئەی بۆچی کادرە باشەکانی ئێمە، ئەوانەی پەروەردەی میدیای یەکێتی بوون، ئێستا لە کەناڵەکانی تردا کاردەکەن؟
ئەمانە هەموویان پێداچوونەوەیان دەوێت و پێویستە کەسانی شیاو لە شوێنی شیاو دابنرێن و دانانی کارمەند و بەڕێوەبەر لەسەر بنەمای خزمایەتی و هاوڕێیەتی و ململانێ نەبێت، چونکە لە کۆتاییدا ئەمانە زیان بە سیاسەتی کارکردنی میدیاکانی یەکێتی دەگەیەنن.



وتارەکانی نوسەر