ئەم هەڵبژاردنەی داهاتوو، مەبەستم هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی عیراقە، زۆر گرنگ و چارەنووسساز دەبێت، بەتایبەتی بۆ کەرکوکییەکان، ئەمەش پاش ئەوەی دوای چەندین ساڵ، ئەنجومەنێکی نوێ بۆ پارێزگای کەرکوک لە رێگەی هەڵبژاردنەوە دیاریدەکرێت.
ئەویش پاش ساڵەهای ساڵ دوای بێبەشبوونی کەرکوکییەکان لە ئەنجومەن و نوێنەری راستەقینەی خۆیان لە پارێزگاکە.
زۆر دەمێکە کەرکوک پێوستییەکی زۆری بەم هەڵبژاردنەیە، بەڵام داخەکەم بە هۆکاری سیاسی و هەندێک هۆکاری تری لاوەکی و گرتنەدەستی دەسەڵات و لایەن گەلێکی دژ بە خەڵکی ئەم شارە، هەڵبژاردن لە کەرکوکدا نەکراوە و کەرکوکییەکان نوێنەری خۆیان لە هەرەمی دەسەڵاتی پارێزگاکەیاندا نەبووە، ئەمەش کاریگەریی زۆری هەبووە لەسەر ژیان و
گوزەرانی خەڵک.
جا ئەوەی گرنگە بۆ کورد، لەم هەڵبژاردنەدا پێوستە یەک دەنگ و یەک رەنگ و یەک سیاسەت و یەک وتار و هەڵوێست بێت، پێویسته یەک لیستیی ئەرکی لە پێشینەی کورد و لایەنە کوردییەکانی کەرکوک بێت، نابێت رێگە بدەین هیچ دەنگێکی کورد لەو شارە بەفیڕۆ بچێت.
پێویستە بەرامبەر رکابەرەکانمان یەک هەڵوێست و داکۆکیکار بین، نابێت کێبرکێی حزبی و بەرژەوەندیی تەسکی حزبایەتی بکەین بە سەرمەشقی کارەکانمان، پێویسته کێبڕکێی نەتەوەیی و لەپێناوی کورددا سەرجەم هەوڵەکانمان یەکبخەین و دەنگی کورد بەرزتربێت لە دەنگی حزب، نەتەوە بخەینە سەرووی هەموو بەرژەوەندییەکی ترەوە بەرامبەر رکابەرەکانمان.
هەر حزبێکی بچووک یا گەورە لەم شارەدا، یەک هەڵویستی و یەک لیستی قبووڵ نەکرد، ئەوە یەقینتان هەبێت خیانەتی لە خاک و نیشتمان کردووە، تەنها لەئێستادا نا، بگرە لە رابردووشدا، بۆیە پێویستە ئەوەی یەک دەنگی و یەک لیستیی لە کەرکوک رەتکردەوە، لەم شارە وەدەری بنێن و کورد وتەنی شاربەدەریان بکەن و توندترین سزایان بدەن، باشترین سزاش بۆ ئەوانەی درز دەخەنە نێو یەکڕیزیی کوردەوە بە تایبەتی لە کەرکوک، وێڵ کردن و دەنگ پێنەدانیانە.