کەس بیری لێنەکردووەتەوە!

10:34 - 2023-06-26
نێرگز قادر
589 خوێندراوەتەوە

بەداخەوە ئەوەی تائێستا هیچ کەس بیری لێنەکردووەتەوە، جیاوازیی بیروڕا و جیاوازیی ئایدیا و ئایینەکان و چۆنیەتی یەکتر قبووڵکردن له ‌ره‌وشێکی وەهادایە، ئەویش کاتێک کەشێکی لەبار و بەرفراوانی یەکتر شکاندن و قبووڵنەکردنی بیر و بۆچوونی بەرامبەر بەسەرتدا زاڵە.
ئەمە حەقیقەتێکە لە مێژووی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست و لە کوردستانیشدا هیچ کەس ئاینی ئەوەی تری پێ قبووڵ نەبووە و نابێت، پێوست بوو ئێستا ئێمەی مسوڵمان لە تەواوی ئایینەکانی تر زیاتر یەکتر و بەرامبەرمان قبووڵ بکردایە، چونکە ئاینی ئیسلام بۆ رابەرایەتیکردنی کۆی مرۆڤایەتی و ئاشتی پێکەوەژیانە نەک پێچەوانەکەی و شکاندن و قبووڵنەکردنی بیر و ئایدیا و پەیڕە و ئایین و بۆچوونی بەرامبەر.
هەمیشە لە کتێبە ئایینییەکاندا تەئکید لەوە کراوەتەوە پێویستە بەو چەشنەبین و یەکترمان خۆشبووێت و قبووڵیان بکەین، خۆ ئێستا نازانم چ ئایینێک، چ زاناو سەر راست و رێپیشاندەرێک بەو چەشنە فێری گەنجەکانی کردوین ئازادیی رادەربڕینی گەنجێکی یاخی یا گەنجێکی سەرلێشواو یا گریمان گەنجێکی گومڕا  لە دین و دەرچووی بیر پێچەوانە قبووڵ نەکات!
من هیچ کات لەگەڵ ئەوەدا نیم بێڕێزی بەرامبەر ئایین و کەسایەتییە ئایینییەکان بکرێت، بەڵام چونکە وەها فێر نەکراوم لە ژینگەی خێزان و کارەکەم و ئایدیاو فیکرمدا وەڵامی قسەی رەق بە گوللـە بدەمەوە، گوڵیشیان پێشکەش ناکەم.
کاتێک کەسێک لە هەر شوێن و جێگەیەکدا بیەوێت سوکایەتی بە ئاین بکات، گەر شایانی وەڵامدانەوە بێت تا وەڵامێکی پێچەوانەی بدەمەوە، ئەوا ئەو شوێن و جێگەیە چۆڵ دەکەم تا ئەو کەسە بەخۆیدا بچێتەوە و وەک چۆن رێز و بیر و ئایینەکەیم گرتووە، ئەویش فێربێت رێزی ئایینەکەم بگرێت، بەپێچەوانەوە منیش بەپێویستی نازانم لە نزیکی بمێنمەوە.
لەوەش سەیرتر ئاینی ئیسلام لە قورئاندا دەیان ئایەت و چیرۆکی قۆناغەكانی ئايینەکە و پەیامبەرانی تێدایە هیچ کات لەسەر بابەتی وا مرۆڤ نەکوژراوە و هەواڵەی خودا دەکرێت و خودا پاداشتدەر و سزادەرە، بەر لەوەش هیدایەتدەری گومڕا و سەرلێشێواو و لە دین دەرچوانە.
بۆیە هیچ کات لەبری خودا ئێوە ئەو کارە مەکەن و مەبن بە وەلی و نوێنەری خودا لەسەر زەوی، ئەوەشی جێی پرسیارە ئەوەیە ئایا دوای ئەو هەموو ساڵی پێکەوەژیان و ئازادییە، بۆچی نەمانتوانیوە یەکتر قبووڵ بکەین؟
ئەی کاری مامۆستایانی ئایینی و راگەیاندن و دەزگاکانی بەناو رۆشنبیریی ئەم وڵاتە چی بووە؟!

وتارەکانی نوسەر