گرنگی پەروەردە بۆ کۆمەڵگە

08:57 - 2023-02-09
شەیما فەرەیدون
1398 خوێندراوەتەوە

پەروەردە پێویستییەکی گەورەی کۆمەڵگەی مرۆڤایەتییە، بۆ ئەوەی رێڕەوی ژیان بە ئاسایی بڕوات و پەیوەندی نێوان مرۆڤەکان رێک و پتەوبێت پێویستمان بە پەروەردەیە.
پەروەردە: ئەو رێگا دروستانەیە مرۆڤی لەسەر ئاڕاستە دەکرێت، ئەوانیش لەسەر چەندین بنەما لە سەرووی هەمویانەوە مرۆڤ بوونە، واتە شکۆی مرۆڤ پارێزراوبێت، دوای ئەوانیش ئاین و کەلتور و دابونەریت دێت، هەریەکەیان پەروەردەیەکی تایبەتی پێیە بۆ تاکەکانی کۆمەڵگە.
چۆن پەروەردەی دروست هەیە، ئاواش پەروەردەی نادروست هەیە، بەڵام قسەی ئێمە لەسەر بەشی یەکەمە.
هەڵبەت کۆمەڵگەی تەندروست بەرهەمی پەروەردەی دروستە، ئەو کۆمەڵگەیانەی دوورن لە توندڕەویی و کاری ناجۆر و جیاکاری رەگەزی و توندوتیژی و ..هتد، ئەوا لەبنەڕەتدا تاکەکانی  بە پەروەردەی دروستدا تێپەڕیون، لەبەرئەوەی تاکی ساغ، کۆمەڵگەی ساغ بەرهەم دەهێنێت.

خێزان یەکەم دامەزراوەی پەروەردەیە
خێزان یەکەم شوێنی پەروەردەیە، پیرۆزترین دامەزراوەی مرۆڤایەتیشە، لەوێوە نەوەی ساغ بەرهەمدێت، خێزان بەرپرسیارێتییە نەک خەیاڵ و مانگی هەنگوینی، بۆیە تەبایی خێزان و ژینگەی ئارام بۆ منداڵ زۆر گرنگە.
لەسەر دایکان و باوکانیش پێویستە گرنگی بە هۆشیاریی خۆیان بدەن، بە تایبەت لەسەر گونجان و پێکەوەژیان لەگەڵ یەکتر، پەیوەندی تەندروستی نێوان هاوسەران منداڵی بەختەوەر و دڵخۆش بەرهەم دەهێنێت.
کۆکبوونی دایک و باوک لەسەر شێوازێکی دروستی پەروەردە ئەویش لە چەند خاڵێکی بنەڕەتییدا خۆی دەبینێتەوە لەوانە:

* کارکردن لەسەر یەک رێگای پەروەردەیی.

* راگرتنی باڵانسی نێوان نازپێدان و ئیهمالکردن.
نازپێدانی منداڵ، بەجۆرێک بێت خۆی لە بیرنەچێتەوە، چونکە نازپێدانی زۆر وادەکات، ئەو منداڵە بڕوای بەخۆی نەمێنێت و تا کۆتایی ژیانی ترسی هەبێت لە ئاڵنگارییەکانی ژیان، فەرامۆشیش نەکرێت سەرئەنجام کەسایەتییەکی گۆشەگیر و رق لە دڵی  لێدەربچێت، چونکە ئایندەی ئەمە توندوتیژی بەرهەم دەهێنێت.

* بەکارنەهێنانی توندوتیژی جەستەیی و دەروونی دژ بە منداڵ.

* منداڵ فێری خۆشەویستی بکرێت و دووربخرێتەوە لە هەرشتێک رق دروست بکات، چونکە ئەگەر منداڵ بێبەش بکرێت لە خۆشەویستی لە گەورەییشدا ناتوانێت دەوروبەری خۆشبووێت، مرۆڤێکی ژیاندۆستی لێدەرناچێت و هەمیشە نەرێنیانە بیردەکاتەوە.
 پێویستە لەسەر دایکان و باوکان کار لەسەر منداڵەکانیان بکەن پێش چوونە قوتابخانە، دایک و باوکی باش ئەو کەسانەن هاوشان لەگەڵ تێرکردنی سکی منداڵەکانیان، خەمی پێگەیشتنی عەقڵ و بیرکردنەوەی منداڵەکانیشیانن.
کار لەسەر توانا جۆراوجۆرەکانی منداڵەکانیان دەکەن تاکو کەسێتییەکی داهێنەر دەربچن، ئەم کارکردنەش لە دوای تەمەنی دوو ساڵییەوە دەست پێدەکات.

قوتابخانە داینەمۆی پەروەردەیە
لە دوای خێزان، قوتابخانە ئەو ژینگە پەوەردەییەیە منداڵ و نەوەکان لێیەوە فێردەبن و پەروەردە دەکرێن، کاتێک باسی قوتابخانە دەکرێت راستەوخۆ بیرمان بۆ پشتگیرییەکانی حکومەت دەچێت لەمەڕ پەروەردە و قوتابخانە.
حکومەت ئەوکاتە لە خەمی هاووڵاتییەکانیدایە پشتیوانییەکی گەورەی پەروەردە بکات، ئەویش هەر لە دروستکردنی بینا و دانانی پرۆگرامی سەردەمیانە و راهێنانی پەروەردەکاران.
منداڵ کاتێک هەستی کرد، لە ژینگەی قوتابخانەدا گرنگی پێدەدرێت و توانا شاراوەکانی بەگەڕدەخرێت، پاشان حەزێکی بێ پایانی بۆ فێربوون و داهێنان تێیدا دروست دەبێت،  ئیدی تەواوی ژینگەی قوتابخانەی خۆشدەوێت.
لە قوتابخانە رەفتار و هەڵسوکەوتی مامۆستا گەورەترین کاریگەریی هەیە لەسەر منداڵ، بەجۆرێک زیاترە لەو پرۆگرامەی دەیخوێنێت، چونکە هەڵسوکەوتی زبر و توند وادەکات منداڵ ئارەزووی خوێندنی نەمێنێت و مەیلی بۆ وازهێنان زیاد دەکات، بەڵام هەڵسوکەوتی جوانی مامۆستا  هێندەی تر حەزی فێربوونی زانست و زانیاری لە قوتابییەکاندا دەچێنێت.
هەموو ئەو مرۆڤانەی دەستیان هەیە لە تێکدانی شیرازەی کۆمەڵگەدا، لێی بکۆڵیتەوە لە منداڵییدا لە ژینگەی خێزانی و قوتابخانەیدا کێشەی هەبووە، بۆیە ئێستاش کاریگەریی لەسەری ماوە و مرۆڤێکی شەڕانگێز و تێکدەری لێدەرچووە.

مرۆڤ و کۆمەڵگە
پەروەردە مرۆڤ ئاڕاستە دەکات و گەشە بە توانا و لێهاتووییەکانی دەدات، کۆمەکی دەکات لە ژیاندا بەجوانی بمێنێتەوە، کەواتە پەروەردە کاریگەریی بەسەر تەواوی رەفتارەکانی مرۆڤەوە هەیە، هەر لەڕێی پەروەردەوە کەلتور و بەها و رۆشنبیریی نەوە بۆ نەوە دەبێت بە میرات و کەڵکی لێوەردەگیرێت و شانازی پێوەدەکەین.
مرۆڤ و ژیان بەردەوام لە گەشە و گۆڕانکاریدایە، کەواتە پێویستە مرۆڤەکان هەمیشە لە بەردەوامی و بەرەوپێشچووندابن، ئەمەش لە رێگەی پەروەردە و فێربوون و وەرگرتنی زانیاریی و باشترکردنی ئاستی فکرییان.
تاکی تێگەیشتوو و داهێنەر پاشخانێکی گەورەی مرۆییە بۆ دەوڵەت، لەبەرئەوەی دەوڵەت لەسەر دەستی کەسانی راهێنراو و پەروەردەکرا و پێشدەکەوێت.
هەموو دەوڵەتە پێشکەوتووەکان گرنگی تەواو بەبواری پەروەردە دەدەن، چونکە ئەوان دەزانن هۆی مانەوەیان ئەوەیە گرنگی بە پەروەردەی تاکەکانیان بدەن، لە سادەترین بنەماوە خۆشویستن و رێزگرتنی نیشتمان و ژینگەی وڵاتەکەیان تا گەورەترین ئاست.

 

خێزان نەوەی ساغ بەرهەمدەهێنێت

وتارەکانی نوسەر