کنگریش پێگەیی تۆ هەر نەهاتی

09:32 - 2023-03-02
هاژە باست
336 خوێندراوەتەوە

سەرۆک دەڵێت رەخنە بگرن، تەئکیدیش دەکاتەوە لە خۆیەوە دەستپێبکەین، (هەزاران رەحمەت، سەرۆک مام جەلالیش وتەیەکی هاوشێوەی هەبوو)، ئیتر کوڕ و باوک ناهێڵن دەست بە کڵاوەکەمانەوە بگرین با نەیبات.
دەی ئێمەش دڵی کاک بافڵمان پێ ناشکێت، جا با نەچینە سەر خۆڵ و بەقیرەکەیا بڕۆین. 
ئەرێ چەند ساڵێکە نەوتەکەمان بۆ هەڵەگرن بۆ وەرزی هاوین و گەرماکە، لە زستان مێش میوانیان نییە، خۆی خەتای ئەوانیش نییە زستان مێشەکانیش ئیسراحەت دەکەن، جا یان من هیچ نازانم، یان ئەم ماستە مووی تیا نییە حیکمەتێکی هەیە، رەنگە ئێمەی کەسانی ئاسایی درکی پێ نەکەین و ئەو نەوتەی بە گەرما وەریدەگرین بەکاری نەهێنین تا زستان زاوزێ بکات و بچێتە سەری، مێشکیشتان بەلاڕێدا نەڕوات، مەبەستم نەوتەکەیە زیاد بێت.
وەرە بیهێنەرە بەرچاوت، نا قەینا هەر لە خەیاڵدانتا لێکی بدەرەوە، بە چلەی زستان چەقەی دانت یەت و لەسەرما هەڵەلەرزی، تانکەرێک لە بڵندگۆی ئۆتۆمبێلەکەیەوە هاوار بکات، نا وەڵا بابڵێین بەفرگرێکی گەڕۆک هاوار بکات، کارتەکانتان بهێنن بەفری حکومی هاتووە، دەتوانن هەر ماڵەو (بەرمیل نابێ، تەپەتۆرێ بەفر وەربگرن.
ئەویش سوودی خۆی هەیە ها، وانەزانن ئەگەر ئیشێکی وا بکرێت لەخۆڕاییە، زەرف زەرف ئەیخەیتە بەفرگر و لە هاوین بۆ ناو دۆی کوێستان بەکاری دەهێنیت.
دەی دیارە دواخستنی نەوتەکەش حەکیم کاری تیا کردووە، بێ حیکمەت نییە، من خۆم هەر زانیم حکومەتەکەمان چەند دڵسۆز و خەمخۆر و میلەت پەرستە، بەس ئێوە هەر ئەڵێن وانییە.
هەر بەو بۆنەیەوە، مامۆستای گەورەی هونەری کوردی حەسەن زیرەک دەڵێت: سێو پێگەی نەهاتی گیانە، منیش ئەڵێم کنگریش پێگەیی تۆ هەر نەهاتی.

وتارەکانی نوسەر