کێ دەمانکوژێت؟

10:01 - 2025-05-07
هاژە باست
88 خوێندراوەتەوە

لەم رۆژانەدا بە دەم کاری راگەیاندنەوە، لە گەڕاندا بووم بۆ دەستکەوتنی زانیاریی لەسەر هەواڵێکی سیاسی، مانشێتی هەواڵێکم بینی نووسرابوو، «مامۆستای زانکۆ و خاوەنی دوو منداڵ، لەلایەن خاڵییەوە بە چەقۆ کوژرا». وێنەکە خانمێکی نوورانی لەچک بەسەر بوو، هەرچی سەیرت دەکرد نە دەگەیشتیتە ئەو باوەڕەی کارێکی نەشیاوی کردبێت، هەرچەندە بینینی هەواڵێکی لەوشێوەیە بەبێ زانینی هۆکاری کوشتنەکە جێی راچڵەکین و تەزوو پێداهاتنە، وەلێ من وەک جاران سەرسام نەبووم، ئەو جۆرە لە کوشتن، کە گیانی کەسێکی تێدا سارد دەکرێتەوە، ناخ هەژێنە، بەڵام هەر لەم مەملەکەتەدا رۆژانە بە سەدان و زیاتریش ژن بە بێدەنگی و بەبێ ئەوەی ببنە مانشێتی هیچ راگەیاندنێک لەلایەن باوک، برا، هاوسەر و هتد.... دەکوژرێن، هەندێک بە قسە و هەندێکیش بە رەفتار، ئیتر ئەمە وامان لێدەکات لەگەڵ هەواڵەکانی کوژرانی ژنان رابێین و رانەچڵەکێین.

خۆشبەختانە ئێستا لە زۆرێک لە راگەیاندنە رەسمییەکان و بە تایبەت راگەیاندنی یەکێتیدا، هەواڵەکانی کوشتن و تاوان راگیراون و جوانکارییان بۆ ناکرێت

هەر هەمان رۆژ لە مانشێتێکی دیکەدا هاتبوو، «ژنێک گورچیلەی هاوسەرەکەی دەفرۆشێت و لەگەڵ دۆستەکەی هەڵدێت». (ئەمەیان لە وڵاتێکی بیانی بوو)، ئەمە رێک ئەوەیە پێشینان دەڵێت: «دنیا دەوران دەورانە». لەگەڵ ئەوەی ئێمە هێشتا لەو حەزارەتەداین کە ژنەکان دەبنە قوربانی، بەس ژیان بەم جۆرە بەردەوامبێت، دەگەینە ئەو قۆناغەی کە پیاوەکانیش دەبنە قوربانی.
هاوسەرەکەم دەقێکی شیعری هەیە، دەڵێت: «رۆژی منیش دێت، ئەوەی کردت دێتەوە رێت». هەر بەم شێوەیە بە تێپەڕینی کات و گۆڕانی جینات و جیلەکان، ئەمەی ئێستا تێیداین بە جۆرێک ئاوەژوو دەبێتەوە، کە ئاسکەکان پەلاماری گورگەکان دەدەن و بە قەپاڵ ملیان دەپچڕن، هۆکارەکەش ئەوەیە گورگەکان خۆیان ئاسکە دڕندەکانیان پێگەیاندووە، لە دوای ئەمەش هەر دەبێت چاوەڕێبین بزانین ئیتر کێ کێ دەکوژێت؟.
خۆشبەختانە ئێستا لە زۆرێک لە راگەیاندنە رەسمییەکان و بە تایبەت راگەیاندنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستاندا، هەواڵەکانی کوشتن و تاوان راگیراون و جوانکارییان بۆ ناکرێت.

وتارەکانی نوسەر