(46)
هه‌ندێجار ئه‌دیبێك به‌تاقه به‌رهه‌مێكی له یاده‌وه‌ریی خوێنه‌راندا به‌زیندوویی ده‌مێنێته‌وه، فلادیمیر بارتۆل-ی سلۆڤینی-1906-1967 یه‌كێكه له‌و ئه‌دیبانه‌ی به رۆمانه‌كه‌ی (ئالمووت) نه‌مر بووه، له‌ساڵی ده‌رچوونی رۆمانه‌كه‌وه 1938 به‌رده‌وام تا ئێستا خوێنه‌ری هه‌یه و بۆ ده‌یان زمانی زیندووی جیهان ته‌رجه‌مه كراوه، نازانم به‌كوردی هه‌یه یان نا!
ساڵی 2003 رۆمانه‌كه‌م خوێنده‌وه، ئه‌و ساڵانه ئیسلامی سیاسی ئوسوڵی به‌گرووپه تیرۆریستییه‌كانی جیهانی هه‌ژاندبوو، له‌و كاته‌دا هه‌ر یه‌كێكمان پرسیاری جۆراوجۆری هه‌بوو سه‌باره‌ت به‌سه‌رهه‌ڵدان و میكانزمی كاركردنی ئه‌و گرووپانه، خوێندنه‌وه‌ی ئه‌و رۆمانه وه‌ڵامێك بوو بۆ گه‌لێك له‌و پرسیارانه‌ی له‌مێشكمدا بوو، له‌ده‌فته‌ری ئه‌و ساڵه‌مدا تێبینی زۆرم نووسیووه و دواجار خوێندنه‌وه‌یه‌كم بۆ رۆمانه‌كه كردووه له‌ئه‌ده‌ب و هونه‌ری كوردستانی نوێ بڵاوبۆته‌وه 1960وشه‌یه.
كۆمێنت: (نووسه‌ر پێش چه‌ندین ده‌یه ئه‌م رۆمانه‌ی نووسیووه به‌ڵام ئه‌و پرسیاره تاڵانه‌ی ته‌رحیان ده‌كات، ئه‌و فانتازیایه‌ی كه دروستی كردووه، له‌سه‌ره‌تای ئه‌م سه‌ده‌یه‌دا توند‌و تیژتر هاتۆته دی، خودی رۆمانه‌كه وه‌ڵامه بۆ زۆر له‌و پرسیارانه‌ی سه‌باره‌ت به‌و گرووپه تیرۆریستییانه ده‌كرێت، كاركته‌ره سه‌ره‌كییه‌كانی: حه‌سه‌ن ئه‌لصه‌باح، نیزام ئه‌لمولك، عومه‌ر خه‌یام و زۆری تر راسته‌قینه‌ن و له‌مێژوودا تۆماركراون.. رۆمانه‌كه حیكایه‌تی حه‌سه‌ن و ده‌سته‌كه‌یه‌تی ئه‌وه‌ی به حه‌شاشه‌كان ناسراون، به‌ڵام نووسه‌ر فانتازییایه‌كی له‌ده‌وری ئه‌و كاراكته‌رانه دروستكردووه كه قه‌ناعه‌ت به‌خوێنه‌ر ده‌كات به‌وه‌ی رووده‌دا، جگه له دروستكردنی چه‌ندین كاركته‌ری فانتازی تر به‌ڵام لێوان‌لێو له‌ژیان..).
ئه‌م رۆمانه گێڕانه‌وه‌ی حیكایه‌تی چۆنێتی سه‌رهه‌ڵدانی گرووپه تیرۆریستییه‌كانه له‌مێژووی ئیسلامی ئسووڵیدا، ئه‌و شێوازی كاركردنه‌ی ئه‌م یه‌كه‌م گرووپه تیرۆریستییه په‌یڕه‌وی كردووه بۆ بنیاتنانی مرۆڤی دژ به‌ژیان و مه‌رگدۆست و خۆكوژ و خه‌ڵك تیرۆركردن، جێبه‌جێكردنی فه‌رمانه‌كان به‌كوێرانه و كه‌س په‌رستی و نه‌فیكردن و سڕینه‌وه‌ی به‌رامبه‌ر، به‌سووك سه‌یركردنی ژن، هه‌مان ئه‌و شێوازی كاركردنه‌یه كه گرووپه توندڕه‌وه‌كانی ئیسلامی ئسووڵی ئێستا كاری پێده‌كه‌ن، دیاره به چه‌ندین گۆڕانكاریی و جیاوازییه‌وه كه سه‌رده‌مه‌كه ده‌یسه‌پێنێ و ده‌یخوازێت.. ئه‌م رۆمانه له‌مه‌نهه‌جی خوێندنی ناوه‌ندی سلۆڤینیا ده‌خوێنرێت.