رۆڵی رێكخستنەكانی یەكێتی لە راپەڕینی1991دا

09:48 - 2023-03-06
رەسوڵ بۆسكێنی
240 خوێندراوەتەوە

راپەڕین وەرچەرخانێكی گەورە بوو، لە مێژووی گەلی كورد لە باشووری كوردستاندا، گرنگ بوو چونكە لە جیاتی شێخ و سەرۆك عەشیرەت و دەرەبەگە گەورەكان، رۆشنبیران و كاسبكار و زەحمەتکێشان پێشڕەویی راپەڕینەكەیان دەكرد، لە جیاتی چیا سەختەكان ناوەندی شار و بازاڕ و دامودەزگا حكومییەكان كرانە مەڵبەندی چالاكی شۆڕشگێڕانە، راپەڕین لە واتا سیاسییەکەیدا بریتیە لە گۆڕینی دامەزراوەی سیاسی و دەسەڵات، لەپێناوی بەدەستهێنانی سیستمێکی دیموکراسی و دادپەروەری و دابینکردنی مافی تاکە کەسی بە گشتی، بۆ پێشکەوتن و ئازادی و گێڕانەوەی شكۆمەندی بۆ تاکی کورد و بەرەوپێش بردنی کوردستان.

سەرەڕای سەركەوتنی راپەڕین و ئازادكردنی كوردستان و دامەزراندنی پەرلەمان و حكومەتی هەرێمی كوردستان، هێشتا سەرکەوتن لە پاراستنی دەستكەوتەكانی راپەڕین و بەدیهێنانی سەرجەم دروشم و خواستی سەرەکی راپەڕیندایە

یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، بەر لە راپەڕین لە درێژەی خەبات و تێكۆشانی بەردەوام و قارەمانانەی خۆیدا كاری سیاسی و بەیەكدادانی سەربازی و شێوازی دیبلۆماسی و داوای گفتوگۆی تاقیكردەوە، بۆیە وەك ئەندازیاری راپەڕین، یەكێتی بیری راپەڕینی تەواوی هاووڵاتییانی كوردستانی بەرامبەر بە بەعس داڕشت، بۆ ئەمەش قورسایی زۆری خستە سەر رێكخستنی نهێنی خۆی لەناو شارەكان. 
یەكێتی هەر لەسەرتاوە، لەپاڵ هێزی پێشمەرگەی كوردستان، گرنگی زۆری بە رێکخستنی ناو شارەكان دەدا، بە بەڵگەش سەلماندی لە مێژووی سیاسی كورد و حزبە سیاسییەكانی كوردستاندا، هیچ هێزێكی سیاسی كوردی نەیتوانیوە هێندەی یەكێتی لەناو شارەكانی كوردستاندا، ئەو هێزە یەدەگ و سازدراوەی هەبێت كە یەكێتی هەیبوو. لەبەرئەوە دوای دانانی بەرنامەی راپەڕین لەلایەن یەكێتییەوە لەگەڵ لایەنەكانی بەرەی كوردستانی، رێکخستنە نهێنیەكانی یەكێتی رۆڵی زۆر گرنگیان بینی لە سەرخستنی بەرنامەی راپەڕین، لە هاوكاریکردنی هێزی پێشمەرگەی كوردستان و گەیاندنی نامە و پەیامی سەركردایەتی یەكێتی بۆ چەكدارانی رژێم و لێپرسراوانی سەربازی بەعس و هاندانی خەڵك و دروستكردنی شانەی چەكدار و ئامادەكردنیان بۆ روبەڕوبوونەوەی دەزگاكانی بەعس لە رۆژی دیاریكراوی راپەڕیندا.
یەكێتی بەهۆی بڕوابوونی زۆری بە سەركەوتنی راپەڕین و ئەنجامەكەی، هەنگاو بە هەنگاو ئامادەكاری دەکرد، لەو روانگەیەوە چەند رۆژ بەر لە راپەڕین، مەفرەزەیەكی چەكدار بە فەرماندەیی شەهید سەلاح دیلمانی لەگەڵ خوالێخۆشبوو عەزیز بەگ و كوردۆی عەزیز بەگ وەك (عەدەد جیهاز) ناردە نزیك رانیە بۆ سەرپەرشتی و ئاگاداربوون لە رووداو و پێشهاتەکان. 
هەرچەندە بڕیاری دەستپێكی راپەڕینی سەرتاسەری دیاریكرابوو، بەڵام بەهۆی زەبروزەنگی پیاوانی رژێم بەر لە وادەی دیاری كراو بارودۆخەكە لە شاری رانیە تەقییەوە و لە رۆژی 5 ی ئازاری 1991، راپەڕین دەستیپێكرد، رێکخستنەكان و شانە چەكدارەكان و تەواوی خەڵك رژانە سەر شەقامەكان، ژنانیش رۆڵێكی بەرچاویان بینی لە بەشداریکردن لەگەڵ براكانیان لە راپەڕیندا. 
تێكۆشەران لە بڵندگۆی مزگەوتی گەورەوە كەوتنە هاندانی راپەڕیوان دژی دەسەڵاتی بەعس لە شارەكەدا، ئەوانیش هێرشیان بردە سەر دامودەزگاكانی بەعس و بۆ هەمیشە كۆتاییان بە دەسەڵاتی بەعس هێنا. 
ئەمەش بە خوێنی گەشی چەندان شەهیدی قارەمان هاتەدی، لە7ی ئازار سلێمانی ئازاد كرا و و دواتریش یەك لەدوای یەك شارەكانی تری باشووری كوردستان ئازادكران بە كەركوكی قودسی كوردستانیشەوە. 
سەرەڕای سەركەوتنی راپەڕین و ئازادكردنی كوردستان و دامەزراندنی پەرلەمان و حكومەتی هەرێمی كوردستان، هێشتا سەرکەوتن لە پاراستنی دەستكەوتەكانی راپەڕین و بەدیهێنانی سەرجەم دروشم و خواستی سەرەکی راپەڕیندایە، بەهیواین تەواوی خواست و ئامانجەكانمان بێنەدی، هەزاران سڵاو بۆ گیانی پاكی شەهیدانی رێگای ئازادی و سڵاو لە تێكۆشەرانی گەلەكەمان، بەرزو پیرۆز بێ یادی راپەڕین.

وتارەکانی نوسەر