کاریگەریی و مەترسییەکانی وشکەساڵی

11:50 - 2025-06-02
رەسوڵ بۆسكێنی
94 خوێندراوەتەوە

هەسارەی زەوی وەك تاكە هەسارەی ژیان و مردن تیایدا، وردە وردە بەرەو مەرگ و لەنێوچوون و وشكبوون دەچێت، بەهۆی كۆمەڵێك دیاردەی سروشتی و دەستكردی مرۆڤەكانەوە، هەر لەكارەساتە سروشتییەكانی وەك باوبۆران و لافاو و بەرزبوونەوەی پلەكانی گەرما و وشكەساڵی و بەبیابان بوون، كەدوو دیاردەی ژینگەیین بەشێكی ناوچەكانی جیهان بەدەستەوە دەناڵێنن، وەك ئافاتێكی مەترسیدار بۆ ئایندەی ژیانی مرۆڤ و ئاژەڵ و سروشت و ژینگەی زەوی، چالاكییەكانی مرۆڤ و پیسبوونی ژینگەش بەیەكێك لەهۆكارە سەرەكییەكانی پەرەسەندنی ئەو دوو دیاردەیە دادەنرێت، كە مەترسییەكی زۆر لەسەر داهاتووی مرۆڤایەتی دروستدەكات، بەتایبەت دوای گەشەكردنی شۆڕشی پیشەسازی و پێشكەوتنە تەكنەلۆژییەكان، دیاردەی وشكەساڵی خێراتر پەرەیسەندووە، ئەمەش  ئەركی چارەسەرو هەوڵی رێ لێگرتنی پێویستتركردووە.
جۆرەكانی وشكەساڵی:
1 - وشكەساڵی كەشناسی
2 - وشكەساڵی كشتوكاڵی
3 - وشكەساڵی هایدرۆلۆژی
هۆكارەكانی وشكەساڵی:
دیاردەی وشكەساڵی وەك هەڕەشەیەكی گەورە لە داهاتووی ژیانی ئادەمیزاد و ئاژەڵ و ژینگە، كۆمەڵێك هۆكاری سەرەكی دەبنەهۆی پەیدابوونی وشكەساڵی، وەك: كەمبوونەوەی رێژەی باران بارین لەئاستی سروشتی خۆی، نەمانی ئاوی كانی و رووبار و سەرچاوەكان و دابەزینی ئاوی ژێر زەوی، بەرزبوونەوەی پلەكانی گەرما و رادەی شێ، بەرزبوونەوەی رێژەی بەهەڵمبوون، ئەمەش زۆرجار دەبێتە هۆی دروست بوونی رووداو و لێكەوتە سیاسییەكان. یەكێك لە هۆكارەكانی كەمی ئاو لە هەرێمی كوردستان بەهۆی گۆڕینی رێرەوی ئاو لەلایەن دراوسێكانییەوە، هۆکاری بەبیابان بوونی ناوچەکانی هەرێمی کوردستانە.
كاریگەرییە خراپەكانی وشكەساڵی:
وشكەساڵی وەك دیاردەیەكی جیهانی، لەهەرسێ شێوازی كورتخایەن و مامناوەندی و درێژخایەن، دەتوانێت کاریگەریی بەرچاوی لەسیستەمی ژینگەیی و ئابووری ناوخۆیی  و كۆمەڵایەتی هەبێت، كارەسات و مەترسی گەورە دروست دەكات و كاریگەریی خراپی لێدەكەوێتەوە، بۆ هەرێمی كوردستانیش دۆخەكە سەختترە، بەهۆی كەمبوونەوەی ئاو و نەبارینی رێژەی بارانی پێویست، دەبێتەهۆی: كەم بوونەوەی ئاو، بەرزبوونەوەی پلەكانی گەرما، كەمبوونەوەی كشتوكاڵ و ئاوی سەیرانگە‌ و ناوچە گەشتیارییەكان، كەمبوونەوەی ئالیكی ئاژەڵ و پاوانەكان، تێكچوونی ژینگەیی، تێكچوونی نشینگەیی، كۆچی ناوچەیی و كۆچی نێودەوڵەتی لێدەكەوێتەوە. 
رووبەڕووبوونەوەی وشكەساڵی:
سەرەڕای ئەوەی دیاردەی وشكەساڵی و گۆڕانی ئاووهەوا دیاردەیەكی جیهانییە، بەڵام تاك رۆڵی خۆی هەیە و پێویستە رووبەڕووی ببینەوە، ئاشكرایە كاریگەریی و دەرهاویشتەی خراپی لێدەكەوێتەوە لەسەر كاری كشتوكاڵی و بەخێوكردنی مەڕوماڵات و چەند بوارێكی دیكە، لەبەر گرنگی بابەتەكە رێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان رۆژێكی تایبەتی جیهانی بۆ رووبەڕووبونەوەی دیاریكردووە، هەرێمی كوردستان لەكاتێكدا زیاتر لە پێنج ملیۆن دۆنم زەویی دێمی (واتە پشت بە ئاوی باران دەبەستن) و ملیۆنێك زەوی بەراو (پشت بە ئاودێری دەبەستن)هەیە، پێویستە رێكاری پێویست بگیرێتەبەر، بۆ كەمكردنەوەی كاریگەرییە خراپەكانی وشكەساڵی، لانی كەم دەتوانرێت هەوڵی رێگرتن و كەمبوونەوەی بدرێت، بەدروست كردنی پڕۆژەی ستراتیژیی ئاودێری لەهەرێمی كوردستان، دروست كردنی بەنداو و كۆكردنەوەی ئاوی رووبار و سەرچاوەكان، بەدروستكردنی پۆنت و بەربەستی خۆڵیی بۆ گلدانەوەی ئاو بۆ پاراستنی ئاوی ژێرزەوی، هاوكات ئەمانەش سوودیان بۆ كاری كشتوكاڵی و بەخێوكردنی سامانی ماسی و كەرتی گەشتیاریش دەبێت، لەلایەكی دیكە بەكارهێنانەوەی ئاوی ماڵان دووبارە لەكاری رۆژانەدا گرنگی خۆی هەیە با بۆ خواردنەوەش نەبێت، هەروەها گرنگیدان بە هۆشیاری تاك و كۆمەڵگە هۆكارێكی گرنگە و پێویستە هەموو ئەمانە بیریان لێبكرێتەوە.

وتارەکانی نوسەر