خوانەخواستە گوێی شەیتان کەڕبێت، خۆ من رەخنەگر نیم، حەدم نەبێت لەڕووی حکومەتی خۆمانا بەس جارجار ورە ورێکیش بکەین خراپ نییە.
با ئەم بابەتەتان بۆ بگێڕمەوە و بزانین بەرەو کوێ دەچێت، لە بەڕێوەبەرایەتییەک کۆمپیوتەرێک پێی نەمابوو، دوور لەڕووتان ئەها ئەڵێن بە نەقیزە دەڕوات، چەند ساڵ بوو بەزۆر رایانکێشابوو، پاش کۆمەڵێک کۆبوونەوەی یەک لەدوای یەک و هێنان و بردن چی بکەن و چارە چییە، دایکت چاک و باوکت چاک، سوپاس بۆ خودا بڕیاردرا.
سابەخوا بیڵێم سەرتان ئەسوڕمێ زۆریش نا، چونکە هەر ئەوەی لێ چاوەڕوان دەکرێت.
بڕیاردرا ئەو برادەرە بگۆڕن کە لەسەر کۆمپیوتەرەکە ئیشی دەکرد!
جا وەرە ئەم کەرە لەم قوڕە دەربێنە.
با واز لە کەرو قوڕەکە بێنین و بێینە سەر مەوزوعەکەی خۆمان، خۆ پیاو ناوێرێت بڵێ ئەم حکومەتە ئازیزەی خۆشمان، خوا دەست بە باڵیەوە بگرێت، کت و مت وەک ئەو چیرۆکەی سەرەوەیە، حەتمەن لەڕووی گۆڕینی کەسایەتییەوە نا، واتە ئەوەی دەبێ بیگۆڕن نایگۆڕن، هەر ئەوەنە دەمت بسووتێ و بڵێی پێتان خوار داناوە، کە خۆی لەڕاستیا خوار نییە هەڵگەڕاوەتەوە و سەراو ژێر بووە، ئیتر هەزار ناو و ناتۆرە و پێوەدەنێن و واو ئەدەن بە زەویا دوو بەرد تەقەی نەیەت، بوختان سەرت دەخوات، واشی دەهۆننەوە خۆت باوەڕ دەکەی، هەر لوولت دەکەن.
جاران یادەکەی بەخێر، هەرکەس دژە حکومەت و رەخنەگر بوایە، بەینی خۆمان بێت و کەس پێی نەزانێت قسەی راستی بکردایە و داوای هەق و مافی میللەتی بکردایە، دەبوو بە شۆڕشگێڕ و خەباتکار و ناوی بەزێڕینی ئەمایەوە، ئێستا ئەبێت بە خۆفرۆش و ناوی پیس دەکەن و دەیخەنە زبڵدانی مێژووەوە.
جا باهەر بێدەنگ بین باشترە.