کورد لە ناو پەرلەمانی ئەوروپادا

10:13 - 2023-03-08
سالار مەحمود
212 خوێندراوەتەوە

بە ئامادەبوونی چەندین کەسایەتی جیھانی و سیاسەتوان و پارت و پەرلەمانتاری ئەوروپایی، لە لایەن پارتی سۆسیال دیموکرات و پارتی چەپ و سەوزەکان لە پەرلەمانی ئەوروپا، کۆنفرانسی حەڤدەھەمینی یەکێتی ئەوروپا سەبارەت بە کورد لە خۆرھەڵاتی ناوەڕاست و جینۆساید و پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ دەستیپێکرد کە دوو رۆژ دەخایەنێت. 

شیرین عەبادی، خاوەنی خەڵاتی نۆبڵ بۆ ئاشتی لە ئێران، دیزموند توتۆ، خاوەنی خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی لە ئەفریقیای باشوور، بیانکا جاغر، باڵیۆزی کاری چاکە لە پەرلەمانی ئەوروپا، نوام چۆمسکی و  لەیلا زانا پشتیوانی ئەم کۆنفرانسە دەکەن. 
لە رۆژانی 8 و 9ی ئازاری 2023 لە برۆکسلی پایتەختی پەرلەمانی ئەوروپی کۆنفرانسەکە بەردەوام دەبێت. منیش بە پێشکەشکردنی بابەتێک لەسەر جینۆسایدی کورد، بەتایبەتی قۆناغەكانی بەكارھێنانی چەکی کیمیایی لە کوردستانی عیراق بەشدار دەبم. سبەینێ دەرفەتی پێشکەکشکردنی بابەتەکەم دەبێت.
ئەم کۆنفرانسە بایەخی دیپلۆماسی و سیاسی ھەیە، بەڵام لە ناوەندە سیاسییەکانی کوردستانی عیراق و میدیاکاندا بایەخی پێنادرێ!
ئەم کۆبوونەوە و پرس و بابەتە جیھانیانە بۆ کورد و کوردستان ئێستا لە ھەموو کاتێک زیاتر گرنگترە. بەڵام ئەوەندە بە ئیشی لابەلا و نا بەرپرسیارانە خەڵک و تواناکان سەرقاڵکراون، یا ململانێ دەکرێت لەسەر شتی بێ سەنگ و بێ ئەرزش، ململانێ ناکرێت کێ و چۆن و چ لایەک زیاتر دەنگ و تراژیدیای کوردستان دەگەیەنێتە دونیا. چۆن چۆنی دەرفەتەکان بۆ خزمەتی گشتی و کۆتایی ھێنان، بەمەترسییە ناوخۆیی و دەرەکییەکان لەسەر کوردستان کەمبکرێتەوە.

وتارەکانی نوسەر