کۆنفرانسی گەشەپێدان و نوێکردنەوە

10:26 - 2024-02-08
سالار مەحمود
202 خوێندراوەتەوە

سالار مەحمود*


لەسەر بنەمای راسپاردە و بڕیارەکانی پێنجەمین کۆنگرەی یەکێتی، مەکتەبی رێکخستن کۆنفراسێکی سێ رۆژەی سازکردووە.
ئەم پڕۆسە سیاسییە بەشێکە لە رێکخستنەوە و جۆشدانی زیاتری ئۆرگانەکانی یەکێتی بۆ خزمەتی گشتی و بوژاندنەوەی دیسپلینی سیاسی لەناو ھەڤاڵاندا.
«میتۆدێکی نوێ، بۆ رێکخستنێکی سەردەمیانە». دروشمی کۆنفرانس بوو لەم چوارچێوەیەدا ھەشت لیژنەی تایبەتمەند دروستکران بۆ ھەشت تەوەری گرنگ، ھەڤاڵانی مەکتەبی رێکخستن و مەکتەبەکان و مەڵبەندەکان دابەشبوون بەسەر لیژنەکاندا. بە پڕۆژەی کەسی و پڕۆژەی مەڵبەندەکان، تەوەرەکان دەوڵەمەند کران، گفتوگۆی چەندین سەعاتی کرا، راو سەرنجەکان ھەمووی بەھەند وەرگیراون. 
لە کۆنفرانس گرنگتر، رەنگدانەوەی بۆچوونە باشەکانە لەناو ژیانی حزبیماندا بۆ نوێکردنەوە و باشتر خۆسازدان لەپێناوی راپەڕاندنی ئەرکەکانی داھاتوودا.
ھەڤاڵانی یەکێتی پەرۆشن بۆ چارەسەری کێشە سیاسییەکانی ھەرێم و عیراق لەسەر بنەمایەک کە پڕۆژەکانی یەکێتی تەژی بێت لە خواست و داخوازییەکانی خەڵکی کوردستان و پڕۆژەی چارەسەری قەیرانەکان بەجۆرێک یەکێتی خاوەندارێتی و بەرپرسیارێتی پرسە نیشتمانییەکان بەتەواوی لەئەستۆبگرێت لەلایەک و بابەتەکان بە جۆرێک شرۆڤە بکرێت، رێکاری چارەسەرییان بۆ دەستنیشان بکات.

لەسەر تێزەکەی سەرۆک مام جەلال 
یەکێتی رێکخراوی خەڵکی کوردستان لەسەر ئەو تێزەی رابەرمان سەرۆک مام جەلال کە دەڵێت «کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان، یەکێتییەکەی خۆتان» بەم تێزو مانایە یەکێتی خاوەندارێتییەکەی بۆ خەڵکی کوردستان دەگەڕێتەوە و ھەنگاو و راپەڕاندنی ئەرکەکان بۆ بەرژەوەندیی خەڵک و ئایندەی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستانە.
بەندە لە چوارچێوەی راپەڕاندنی ئەرکەکانی کۆنفرانسدا، دوو ئەرکم کەوتە ئەستۆ.
یەکەم: سەرپەرشتیی کۆنفرانسی مەڵبەندی گەرمیان وەک بەشێک لە خۆئامادەکردن بۆ کۆنفرانسی مەکتەبی رێکخستن.
لەم وتارەدا تیشک دەخەمە سەر تەنیا یەک تەوەر لەو ھەشت تەوەرەی ببوونە جێی گفتوگۆ بۆ پڕۆژەی ئایندە، ئەویش « گەنجان بەشداری لە کاری رێکخراوەیی».
دووەم: ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان.
تەوەری یەکەم بەم جۆرە بوو:

گەنجان و بەشداريی لە کاری رێکخراوەییدا
یەکەم/ پێشەکی:

گەنجان داینەمۆی گۆڕانکاری و پێشکەوتنی هەر کۆمەڵگەیەکە و وزە و بزوێنەری ژیانی سیاسی و حزبی و حكومییە، هاوکات زۆرینەی زۆری هەر کۆمەڵگەیەکیش گەنج پێکهێنەرێتی.
گەنجان دەتوانن رۆڵێکی کارا بگێڕن لە ژیانی سیاسیدا لە رێگەی حزبەکانەوە، دەتوانن رۆڵیان هەبێت لە خستنەڕووی گرفت و پێویستییەکان و توانایان هەیە لە هەڵسەنگاندن و بەدواداچوون بۆ پرسە گشتی و حزبییەکان و پێشنیازکردنی پڕۆژەی ستراتیژی بۆ گەشەپێدانی حزبی لە ئاستە جیاوازەکاندا 
لە رێگەی بەشداریی کارای گەنجانەوە، حزب دەتوانێت بگاتە حەقیقەتی خواست و خولیاکانی گەنجان و ئەمە دەبێتە وەرگێڕانی داواکاریی گەنجان لە داوایەکی دەرەکیی حزبییەوە، بۆ داوایەکی ناوخۆی حزبی و بەمەش پڕۆژە و بەرنامەکانی حزب هاوتەریب دەبن لەگەڵ خواستی گشتیی گەنجاندا.
ئەو حزبانەی کە گرنگی زۆریان داوە بە رۆڵپێدان بە گەنجان، توانیویانە لە ئامانجە ستراتیژییەکانی حزب نزیک ببنەوە و بیرۆکە و پڕۆژەی گەنجان لە گەشەپێدانی گشتی و حزبیدا بەکاربهێنن.
داهاتووی هەر حزبێکی سیاسی وابەستەیە بە بەشداریی کارای گەنجان لە ئۆرگانەکانی حزبدا و هاوکات نوێبوونەوە و داهێنانی کاری حزبی لەسەر دەستی گەنجان ئاسانتر دەبێت.
بەپێی پێوەری نەتەوە یەکگرتووەکان، هێزی کاری گەنجان لە نێوان تەمەنی (15 – 30) ساڵییە، یاخود لە ( 18 بۆ 33) ساڵییە .
بەپێی راپۆرتێکی دەستەی ئاماری هەرێمی کوردستان، ژمارەی دانیشتوانی هەرێم لە ٢٠٢٣ دا بریتییە لە (6،171،083 ) کەس.
بەپێی راپرسییەک کە لە 2023 دا کراوە، لە هەرێمی کوردستاندا گەنجان لە تەمەنی (15 – 30) ساڵ، رێژەی (30 %) پێکدەهێنێت.
مەزەندە دەکرێت رێژەی دانیشتوانی هەرێم لەخوار تەمەنی (15 ساڵ) بریتیبێت لە (35 %) .
بەپێی یاسای شارستانی عیراقی بەرکار لە هەرێمی کوردستاندا هەر کەسێک شیاویی یاسایی تەواوی نەبێت، کار و کردەوە و وتەکانی بەهەند وەرناگیرێت و پووچەڵ دەبێت.
هەروەها شیاویی یاسایی بەپێی یاسای ئاماژە بۆکراو، بریتییە لە تەواوکردنی ١٨ ساڵی تەمەن، هەرچەندە لە خوار ئەم تەمەنەوە هەندێک هەڵاوێردنی یاساییمان هەیە.
بنیاد لەسەر ئەوەی باس کرا، بە پێویستی دەزانین کە  یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کە گرنگی تەواو بدات بە گەنجان و هێنانەپێشەوەیان لە سەرجەم بوارەکانی ژیانی سیاسی و حزبایەتی و رێکخراوەییدا .
لەبەرئەوەی لە هەرێمی کوردستان، سیستمی پەروەردە و خوێندن وەک پێویست نییە و هاوکات گەنجان ناتوانن بەتوانای تاکەکەسی ببنە کەسی پێشەنگ، کەمینەیەک نەبێت، هەربۆیە وا پێویستە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە پڕۆژە بیر لە تواناسازیی گەنجان و بەگەڕخستنی تواناکانیان بکاتەوە لە سێکتەرە جیاوازەکانی حزبی و حکومیدا.

دووەم/ ئاستەنگەکانی بەردەم بەشداريی گەنجان لە کاری حزبی و رێکخراوەییدا
- خراپی دۆخی دارایی گەنجان: ئەمە وادەکات کە گەنجان لە بری بەشداریی سیاسی، بیر لە دۆزینەوەی سەرچاوەی بژێوی بکەنەوە.
-نزمیی ئاستی هۆشیاریی گەنجان: ئەمە وا دەکات کە گەنجان هەست بە گرنگیی بەشداریی سیاسی نەکەن لەنێو حزب و ئۆرگانەکاندا.
- فاکتەری کەلتوری و کۆمەڵایەتی لەمپەرێکی گەورەیە لەبەردەم بەشداریی گەنجان لە کاری حزبیدا.
-بیری پۆپۆلیستی و گەشەکردنی لەم چەند ساڵەی دواییدا هۆکارێک بوو بۆ پاشەکشەی گەنجان لە بەشداریی سیاسی و حزبیدا.

سێیەم/ چارەسەر:
یەکەمین دەروازە بۆ هێنانەپێشەوەی گەنجان و گەشپێدانیان و خستنەگەڕی تواناکانیان، وەرگرتنیانە لە زانکۆ و پەیمانگەکان، هەروەک دەبینین بە تەنها لە زانکۆی گەرمیان زیاتر لە شەش هەزار خوێندکار و لە زانکۆی پۆلیتەکنیک زیاتر لە دوو هەزار خوێندکار هەن، لە بەشە زانستییە جیاوازەکاندا، واتە تەنها لە گەرمیان هەشت هەزار خوێندکاری زانکۆ هەن، ئەمە توانایەکی مرۆیی گەرورەیە و پێویستی بە پلانی وردە بۆ گرنگیپێدان و هێنانەپێشەوە و گەشەپێدانیان .
کاراکردنەوەی ئۆرگانە تایبەتمەندەکانی گەنجان و پشتیوانیکردنیان لە رووی مادی و مەعنەوییەوە بۆ دووبارە کارکردن و پەروەردەکرنی گەنجان یاخود دروستکردنی ئۆرگانی نوێی گەنجان بەشێوەیەک بگونجێ لەگەڵ گۆڕانکارییەکانی سەردەم.
لێرەدا و بۆ چارەسەری پرسی گەنج و رۆڵپێدان بە گەنج، پێشنیازدەکەین ئۆرگانێکی تایبەت بە کاروباری گەنجان بکرێتەوە، بۆ ئەمەش پێشنیازی ئەم بیرۆکەیەی خوارەوە دەکەین:

پەیمانگەی کاروباری گەنجان
-لەرووی پەیکەربەندییەوە ببەسترێتەوە بە مەکتەبی رێکخستنەوە و بەشی تایبەتی لە مەڵبەنددا هەبێت.
-ستافێکی شارەزاو پسپۆڕی بوارە جیاوازەکان بەڕێوەی ببەن.
-لە رووی ئەرک و تایبەتمەندییەوە:
*بە چوار قۆناغ کار لەسەر پرسی گەنجان دەکات :

قۆناغی یەکەم
 قۆناغی کۆکردنەوەی داتا و زانیاری: لەم قۆناغەدا کاردەکرێت لەسەر کۆکردنەوەی داتا و زانیاری ورد لەسەر ژمارەی گەنجان بەپێی تەمەنە جیاوازەکان و دیاریکردنی گرفت و خواستەکانیان، زانینی ئاستی حەز و مەیلی کەسییان بۆ کاری سیاسی و حزبی.

قۆناغی دووەم
 قۆناغی پۆلێنکردن و شیکردنەوە: لەم قۆناغەدا کاردەکرێت لەسەر پۆلێنکردنی ئەو گەنجانەی کە لە قۆناغی یەکەمدا بە زانیاری و داتا دەستکەوتوون، واتە دوای کۆکردنەوەی زانیاری، پۆلینکردنی ئەو گەنجانەی کە دەکرێ سوودی لێ ببینرێت.

قۆناغی سێیەم
 قۆناغی تواناسازیی گەنجان: لەم قۆناغەدا کاردەکرێت لەسەر پەرەپێدانی ئەو گەنجانەی کە توانایەکی دیاریکراویان هەیە لە رێگەی خولی پەرەپێدانی توانا مرۆییەکانەوە و ئامادەکردنیان بۆ رۆڵپێدانیان لە کاروباری حزبی و حکومیدا .

قۆناغی چوارەم
 قۆناغی بەگەڕخستن: لەم قۆناغەدا پۆلێنی ئەو گەنجانە دەکرێت کە قۆناغەکانی پێشوویان بڕیووە و بەپێی شارەزایی و لێهاتووییان سوودیان لێ دەبینرێت و تواناکانیان بەگەڕ دەخرێت.

تەوەری دووەم:-

ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان
یەکێتی وەک حزبی خاوەن بیرۆکەی یەکەم ھەڵبژاردنی پەرلەمان و چەسپاندنی سیستەمی فیدراڵی ئەم خەباتە بە گرنگ دەزانێ بۆ حوکمڕانییەکی باش.
لیژنەی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بە چڕی گفتوگۆی کرد بۆ ئامادەکارییەکانی ھەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمان.

جەختکردنەوە لەسەر چەند خاڵێكی گرنگ 

یەکەم:- گرنگیی فرە بازنەیی لە ھەڵبژاردنی پەرلەماندا بۆ دادپەروەری لە دابەشکردنی کورسییەکانی پەرلەمان بەسەر پارێزگاکان و ئیدارە سەربەخۆکانی ھەرێمدا.
دووەم:- پێکھاتەکانی کوردستان لە روانگەی یەکێتییەوە گرنگی زۆریان ھەیە، گرنگە سەربەخۆیی نوێنەراتیکردنیان بە یاسا پارێزراوبێت و بتوانن نوێنەری راستەقینەی خۆیان ھەڵبژێرن بۆ نوێنەراتیکردنێکی بێ دەستێوەردان.
سێیەم:- پاککردنەوەی تۆماری دەنگدەران دەبێتە مایەی دەستەبەرکردنی ھەڵبژاردنێکی پاک و بێگەرد. لەم رووەوە لایەنە پەیوەندیدارەکان ئەم ئەرکە بگرنە ئەستۆ، ئەم بابەتە داخوازیی گشتییە و یەکێتی بە گرنگی دەزانێ تۆماری دەنگدەران پوخت بکرێتەوە.
چوارەم:- بەڕێوەچوونی ھەڵمەتی ھەڵبژاردن لەسەر بنەمای یاسا بەرکارەکان بێت و بە میکانیزمی مۆدێرن و نوێ بانگەشەی شارستانی بۆ ئەو پڕۆسە گرنگە بکرێت.
لیژنەی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ئەم تەوەرانە و چەندینی تری راڤە و شرۆڤە کرد.
کۆنفرانسی مەکتەبی رێکخستن لە دوای سەرکەوتنی ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی دەرەوەی ھەرێم سازکرا، یەکێتی لە کەمپیەنێکی سەرکەوتوودا توانی ببێتە حزبی یەکەم لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ھەرێم.
بۆ ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانیش، پلانمان وایە سەنگ و پێگەی راستەقینەی یەکێتی بگەڕێتەوە ناو ھۆڵی پەرلەمان لە خولی شەشەمدا.

*ئەندامی ئەنجومەنی سەرکردایەتی

لایەنێک لە کۆنفرانسی گشتی مەکتەبی رێکخستن- 6/2/2024

وتارەکانی نوسەر